ئێران چ كاتێك دەستێوەردانی سەربازی لە عێراق دەكات؟
نوچەنێت-ئاژانسەكان
ئێران دەڵێت رێككەوتنی لەگەڵ عێراق هەیە لەكاتی پێویست دەستێوەردانی سەربازی لەناو عێراق بكات و هەڕەشە لە هەر رێكخراو و دەوڵەتێ دەكات كە لە خاكی عێراقەوە هەڕەشە لە ئێران بكات.
جیگری وەزیری بەرگری ئێران رەزا تەلایی دەڵێت بەپێی ئەو رێككەوتننامەیەی لەگەڵ عێراق هەمانە، هەركاتێك هەڕەشە لەسەر مەزارەكانی شیعە دروستبوو لە عێراق، یان هەڕەشە لەسەر سنوورەكانی ئێران درووستبوو، ئەوا ئێران دەستێوەردانی سەربازی لە عێراق دەكات.
تەڵایی لە گرنگی هاوپەیمانێتی جیهانیی دژە داعشی كەمكردۆتەوە و وتوویەتی “ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بۆیان روون بوەوە كە داعش و تیرۆریستان دەبەزن، بۆیە بەپەلە كەوتنەخۆ بۆ ئەوەی نەبنە بەشێك لە شكستەكە، هەروەها نەیانویست دووربن لە بەشداری پرۆسەی شكستپێهێنانی تیرۆر”.
تەڵایی پێیوایە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دوای ئەوەی بۆیان دەركەوت داعش و لایەنە تیرۆریستەكانی تر دوركەوتونەتەوە لە جێبەجێكردنی ئامانجەكانی ئەوان، خۆیان لەو رەوتە تیرۆریستییانە دورخستەوە و هاوپەیمانێتییەكیان لەدژیان پێكهێنا هەتا پاكانەی خۆیان بكەن لە تاوانەكانیان.
لەبارەی ئەگەری سنوربەزاندنی وڵاتانی دراوسێ و كاردانەوەی ئێران، تەڵایی دەڵێت “ئێمە بەوە بێزار و نائومێد دەبین كە خروقات ئەمنی لە وڵاتانی دراوسێ، یان لەم ناوچەیە بەگشتی رووبدات، ئاسایشی ئێران بەندە بە ئاساییشی ئەم ناوچەیەوە “، لە درێژایی قسەكانیدا تەڵایی وتویەتی “هێزە سەربازییەكانی ئێران هەر جووڵانەوەیەكی تیرۆریستی لە ناوچەكەدا دەكەنە ئامانج جا ئەو جوڵانەوەیە لەلایەن گروپە تیرۆریستییەكانەوە بێت یان لەلایەن وڵاتانی بێگانەوە كە دەستێوەردان لە ناوچەكەدا دەكەن، یان زایۆنییەكان”.