پارتی: بۆ یەكێتی باش نییە پێیەكی لەحكومەت و پێیەكی لە ئۆپۆزسیۆن بێت
لەیەكێتی نیگەرانین لەبەر ئەوەی بەهاوپەیمانی نێوانمانەوە پابەندبوون
لەپاش نەخۆش كەوتنی تاڵەبانی كێشە كەوتەوە ناو یەكێتی
یەكێتی لەپاش هەڵبژاردنی 21/9/2013 هەمان رەوتی بزووتنەوەی گۆڕانی گروەتەبەر
دڵشاد هەرتەلی ـ نوچەنێت
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی رایدەگەێنێت لەیەكێتی نیگەرانن بەهۆى ئەوەی بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی لەكوێ بەرژەوەندیان هەبووبێت، بەهاوپەیمانی نێوانمانەوە پابەندبوون و لەكوێش بەقازانجیان نەبووبێت پێوە پابەند نەبوون و وتیشی: بۆ یەكێتی باش نییە پێەكی لەحكومەت و پێەكی لە ئۆپۆزسیۆن بێت.
مەحمود محەممەد ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبەرنامەی(لەكوردستانەوە)ی كەناڵی كوردستان تیڤی سەر بەحیزبەكەی و لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی وەكو پارتی رێكەوتنی ستراتیژیتان لەگەڵ یەكێتی هەیە، كەچی بەردەوام گلەیتان لێدەكات و نیگەرانە لەرەفتاری پارتی، وتی: ئێمەش لەیەكێتی نیگەرانین لەبەر ئەوەی هەردوولامان هاوپەیمانین، بەڵام نایشارینەوەئەو هاوپەیمانیەتیەی كەهەبووە بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی لەكوێ لەبەرژەوەندیان بووبێت پێەوە پابەندبوون و لەكوێش بەقازانجیان نەبووبێت پێوە پابەند نەبوون.
ناوبراو رونشیكردەوە: لەپاش نەخۆش كەوتنی تاڵەبانی كێشە كەوتەوە ناو یەكێتی و بەردەوامیش هەموو بەرپرسانی یەكێتی بەهەندێ شت رازی نین و تەكەتولیش لەناو ئەو حیزبە هەیە، هەموویان وەكو یەك بیرناكەنەوەو رەفتار ناكەن و گوفتار نادەن، وتيشى : ئەمە كێشەیەكە بۆ هەموو لایەنەكان و گاریگەری هەر لەسەر پەیوەندی ئێمەو یەكێتی نەكردوە، بەڵكو كاریگەری هەبووە لەسەر پەیوەندییەكانیان لەگەڵ گۆران و یەكگرتوو و كۆمەڵ، هەندێ جار كاریگەری لەسەر دەوروبەریش كردووە و هەموویان لەسەر ئەوە كۆك نینە پەیوەنديیەكان لەگەڵ عێراق و ئێران و توركیا چۆن بێت، ئەمە جاران حەسم كرابوو بەڵام ئێستا وانییە.
مەحمود محەممەد وتيشى : بەداخەوە یەكێتی لەپاش هەڵبژاردنی 21/9/2013 هەمان رەوت كە بزووتنەوەی گۆڕان هەیبوو لە 25/7 بۆ چۆنیەتی ئۆپۆزسیۆن بوون، گرتوەتە بەر و ئێستاش بەهەمان رەوت دەرۆنە پێش.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوەشی وت کە” بۆ یەكێتی باش نییە پێەكی لەحكومەت و پێەكی لە ئۆپۆزسیۆن بێت، لەبەر ئەوەی یەكێتی پۆستی گەورەی لە بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە هەیە”.