عەبادی بڕیارەكەی پەرلەمانی توركیا دەربارەی داعش رەتدەكاتەوە
نوچەنێت-ئاژانسەكان
سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیارەكەی پەرلەمانی توركیا رەتدەكاتەوە كە رێگا بە سوپاكەی دەدات لەكاتی پێویستدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە خاكی عێراق و سوریا ئەنجام بدات.
پێنجشەممە 2ی ئۆكتۆبەر پەرلەمانی توركیا بە زۆرینەی رەها بڕیارنامەیەكی پەسەند كرد كە رێگە بە سوپای وڵات دەدات لە دەرەوەی سنورە نێودەوڵەتییەكانی كۆماری توركیادا و لەكاتی پێویستدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدات بۆ رێگری لە هەر هێرشێككە پێدەچێت رێكخراوە تیرۆریستییەكان لە خاكی سوریا و عێراقەوە بیكەنە سەر توركیا.
حەیدەر عەبادی هەینی 3ی ئۆكتۆبەر لە بەیاننامەیەكدا داوا لە سەرجەم وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانێتی دژە تیرۆر دەكات رێزی سەروەری عێراق و یەكپارچەیی خاكەكەی بگرن و هەر دەستێوەردانێكی سەربازیی زەمینیش بۆ ناو خاكی عێرق رەتدەكاتەوە.
عەبادی جگە لە رەتكردنەوەی هەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی زەمینی لە عێراقدا لەلایەن هەر وڵاتێكەوە، داوا دەكات هێرشە ئاسمانییەكانیشیان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەنجامبدەن.