مالیكی سەرجەمی داهاتی حەوت مانگی ئەمساڵی نەوتی عێراقی خەرجكردووە
نوچەنێت-كیتابات
وەزیری دارایی عێراق بە وەكالەت پێشبینی دەكات دوای جەژن سەرجەمی حیساباتی بودجەی 2014ی عێراق رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت، لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی كوردستانیشەوە دەڵێت هەموو لایەك ئارەزومەندی ئەوەن ئەم قەیرانە چارە بكرێت، بەڵام ناردنی ئەو پارەیەش بەندە بەو بڕەی عێراق لە ئێستادا هەیەتی. چاودێران دەڵێن ئەو لێدوانەی وەزیرە عێراقییە ئاماژەیە بەو كورتهێنانەی عێراق لە رووی داراییەوە رووبەڕووی عێراق بوەتەوە.
لیژنەیەكی پەرلەمانیش كە بۆ لێكۆڵینەوە لە بڕی داهات و بڕی پارەی خەرجكراو پێكهاتووە دەڵێت لە حەوت مانگی یەكەمی ئەمساڵدا حكومەتەكەی نووری مالكی سەرجەمی ئەو داهاتەی خەرجكردووە كە لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستهاتوون، بێئەوەی بودجەی كوردستان بنێرێت و پارەی پترۆدۆلاری پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت بدات و خەرجی ئەو پارێزگایانەش (جگە لە موچە) سەرف بكات كە كەوتوونەتە دەست داعش. ئەوەش زیادەڕەوییەكی ئێجگار زۆرە لە خەرجییەكانی دجەوڵەتدا و بووەتە سەرچاوەی قەیرانی گەورە بۆ حكومەتەكەی عەبادی.
ماجیدە تەمیمی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان لە لێدوانێكیدا بۆ “مەداپرێس” وتویەتی كە داهاتی فرۆشتنی نەوت لە حەوت مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بریتی بووە لە 57 تریلیۆن دینار و داهاتی خەزێنەش 2 تریلیۆن و 200 ملیار بووە و داهاتی دیكەی جگە لە نەوتیش نزیكەی 2 تریلیۆن بووە و سەرجەم داهاتەكانی عێراق لە حەوت مانگی یەكەمی ئەمساڵ بە نەوت و غەیری نەوتیشەوە 64 تریلیۆن دینار بووە.
واتە داهاتی نەوت لانیكەمی 90%ی داهاتی عێراق پێكدێنێ و خەرجكردنی ئەو هەموو داهاتە گەندەڵییەكی گەورەی داراییە، وای كردووە عێراق پارەی دانراەی ئەوتۆی نەبێت بودجەی چەند مانگی رابردووی كوردستان بنێرێت، هەروەه محەممەد شیاع سودانی وەزیری دارایی عێراق بە وەكالەت سەبارەت بە قەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم وتی “چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بەشێكە لەو رێككەوتنە سیاسییەی بۆ دەیەوێت قەیران ئێستا چارە بكات، ئەنجومەنی وەزیرانیش زۆر ئارەزومەندە و جدییشە لەوەی ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت” ئەو وتویەتی هەرێمی كوردستانیش وەك ناوچەكانی تری عێراق مافی خۆیەتی بودجەی خۆی لە میزانیەی عێراق وەربگرێت و وتوشیەتی “ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وادەیەك دیاری دەكات كە تێدا دەبێت وەزارەتی دارایی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات، بەڵام ئەو بڕە پارەیەش كە دەنێرێت پەیوەستە بەو رەسیدە بانكییەی بەغدا هەیەتی”