نێچیرڤان بارزانى: داعش ده‌ركه‌وته و ئه‌نجامى ئه‌و سیاسه‌ته هه‌ڵانه‌یه كه له عیراقدا په‌یره‌و كراون
دواى جه‌ژن وه‌زیره كورده‌كان له به‌غدا ده‌ستبه‌كار ده‌بن
نابێت جارێكى دیكه له عێراق هیچ كه‌سێك به‌بڕیارێكى تاكه‌كه‌سى بودجه‌ى هه‌رێم ببڕێت
سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق : بودجه و مووچه‌ى خه‌ڵك و فەرمانبەران شتێك نیه بكرێته پرسێكى سیاسى
نوچەنێت ـ هەولێر
لەدیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، رایگەیاند، دواى جه‌ژن وه‌زیره كورده‌كان له به‌غدا ده‌ستبه‌كار ده‌بن و ئامادەیی خۆی نیشاندا كە بچێتە بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش رایگەیاند بودجه و مووچه شتێك نیه بكرێته پرسێكى سیاسى.
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2ى ئۆكتۆبه‌رى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكی حكومەتی کوردستان پێشوازى له سه‌لیم جبوورى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عیراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد، كه له ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانته‌رانى عیراق پێكهاتبوو.
له دیدارەكەدا سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عیراق، سوپاس و پێزانینى پێشكه‌ش به حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ داڵده‌دانى ئه‌و ژماره زۆره‌ى ئاواره و په‌نابه‌ران و دووپاتى كرده‌وه كه ئاگادارى قورسى و سه‌ختیى بارودۆخه‌كه و ڕه‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌روه‌رده‌یى و ته‌ندروستییه‌كانى، ئه‌و ژماره زۆره‌یه‌ى ئاواره‌كانن.
هەر له دیداره‌كه‌دا باس له قه‌یرانى داراییى كوردستان و بڕینى بودجه‌ى هه‌رێم كرا، كه له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه حكوومه‌تى عیراق بڕیویه‌تى، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عیراق دووپاتى كرده‌وه بودجه و مووچه‌ى خه‌ڵك و كارمه‌ندانى حكوومه‌ت، شتێك نیه بكرێته پرسێكى سیاسى.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند، كه سه‌ردانه‌كه‌ی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری بۆ كوردستان زۆر مانا هه‌ڵده‌گرێت و وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ كوردستان ده‌یبینن. جه‌خیشى له‌وه كرده‌وه كه ئه‌وه‌ى له عیراق ڕوو ده‌دات، ڕووبه‌ڕووى هه‌موو عیراق و هه‌موو پێكهاته‌كانى ده‌بێته‌وه، بۆیه ده‌بێ هه‌مووان پێكه‌وه كار بكه‌ن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستانى داعش و هه‌موو كێشه‌كانیش چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه نه به‌غدا و نه هه‌ولێریش به ته‌نیا ناتوانن ڕووبه‌ڕووى كێشه‌كان ببنه‌وه.
ڕوونیشیكرده‌وه ده‌ركه‌وتنى داعش كه هیچ ئایین و مه‌زهه‌بێكى نیه و دوژمنى ته‌واوى پێكهاته‌كانى عیراقه، پرسێكى سه‌ربازى نیه، به‌ڵكوو پرسیكى سیاسییه و ده‌ركه‌وته و ئه‌نجامى ئه‌و سیاسه‌ته هه‌ڵانه‌یه كه له عیراقدا په‌یره‌و كراون، ئه‌گینا هیچ كام له پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و مه‌زهه‌بییه‌كانى عیراق، به هه‌بوونى داعش له وڵاته‌كه‌یان خۆشحاڵ نین و هه‌مووان لێى زه‌ره‌مه‌ندن.
نێچیرڤان بارزانى دووپاتیشى كرده‌وه، له پرسى ئاواره‌كاندا حكوومه‌تى عیراق ده‌بێ به شێوه‌یه‌كى باشتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كوردستان بكات، جددیتر بێته ناو پرسه‌كه‌وه، لێى تێبگات و به‌رپرسیار‌یه‌تیى خۆى جێبه‌جێ بكات، نه‌ك وه‌كوو وڵاتێكى كۆمه‌كبه‌خش مامه‌ڵه بكات، به‌ڵكوو چیمان پێ بكرێت، ده‌بێ پێكه‌وه بیكه‌ین.
ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى سیاسیش، بارزانی جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له حكوومەتەكەی عه‌بادیدا ده‌كات و دواى جه‌ژن وه‌زیره كورده‌كان ده‌چنه به‌غدا و ده‌ست به‌كار ده‌بن، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پشتگیرییه‌ك بۆ حكومه‌تى تازه، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت كێشه‌كان له ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه چاره‌سه‌ر بكات.
سەرۆكی حكومەت به‌بیریشى هێنایه‌وه، كه ئه‌زموونه‌كانى ڕابردووى عێراق سه‌لماندوویانه “مامه‌ڵه‌كردن به لۆژیكى به‌هێز و به‌هێز” شتێكى ڕاست نیه و هه‌میشه شكستى خواردووه، بۆیه ئیتر حكوومه‌تى عیراق نابێ له‌سه‌ر ئه‌و لۆژیكه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانى عێراق بكات.
بارزانی ڕاشیگه‌یاند، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان خۆى ئاماده‌یه سه‌ردانى به‌غدا بكات، یان له هه‌ولێر پێشوازى له د.عه‌بادى بكه‌ن، له‌پێناو چاره‌سه‌رێكى وا كه جارێكى دیكه له عێراقدا هیچ كه‌سێك نه‌توانێت به بڕیارێكى تاكه‌كه‌سى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان و مووچه‌ى كارمه‌ندانى ده‌وڵه‌ت ببڕێت.