پلانی ئەمنی بۆ جەژن راگەیەنرا : کامێرای چاودێری، پشکینینی مەیخواردنەوە، بڵاوکردنەوەی پۆلیس
نوچەنێت ـ هەولێر
هەریەكە لە وتەبێژانی پۆلیسی ھەولێر و پۆلیسی ھاتوچۆی پلانی جەژنی قوربانی پیرۆزیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەكرد هێزەكانیان لەگشت شوێنەكان بڵاوەپێدەكان بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و (٤٥) کامێرای چاودێریش دادەنرێن بۆ سزادانی تیژرەوان و نەھێشتنی رووداوەکانی ھاتوچۆ.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە 2/10/2014 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش دا هەریەكە لە (کاروان عبدالکریم)وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر و (فاظل حاجی) وتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر گرنگترین رێنماییەکان، و پلانی جەژنی قوربانی پیرۆزیان راگەیاند.
سەرەتا کاروان عبدالکریم ،وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند : پۆلیسی ھەولێر و گشت ھێزەکانی ئاسایشی ناوەخۆ لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودایە بۆ جەژن و رۆژی عەرەفە کە لە گۆرستانەکان و گشت شوێنەکان بڵاوەیان پێی دەکرێت، هەروەها لەڕۆژانی جەژندا له(پارک و مۆڵه کان و کوچه و کۆڵانەکان و شوێنه گشتیەکان) ئامادەیان دەبێت.
ناوبراو داواشی لە خەڵکی شاری ھەولێر کرد کە ھەر گومانلێکراوێکیان بینی بە زووترین کات ئاگاداریان بکەنەوە بۆ زیاتر بەرقەرار بوونی ئاشتی لە شارەكە.
دواتر فاظل حاجی ، وتەبیژی پۆلیسی ھاتوچۆ رایگەیاند: کە ئێمە لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواو داین و گشت ئەفسەر و کامەندەکانمان لە شەقامەکان ئامادە دەبن بۆ ئەم جەژنەش پلانێکی تۆکمەمان دارشتووە بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە ناو شەقامەکانی ناو شار و دەرەوە.
ناوبراو وتیشی:(٤٥) کامێرای چاودێری دادەنرێن بۆ سزادانی تیژرەوان و نەھێشتنی رووداوەکانی ھاتوچۆ، هەروەها مەفرەزەکانمان لە شەقامە سەرەکیەکان دادەبێت و ئامێری پشکنینی مەی خواردن لایان دەبێت بۆ ئەو شوفێرانەی کە بە بێھۆشی ئۆتۆمبێل لێدەخورن.
لە کۆتاییدا ھەردوو بەرپرس پیرۆزبایی جەژنیان لە گشت ھاوڵاتیانی شاری ھەولێری خۆشەویست کرد و ھیوای جەژنێکی خۆش و ئارام و سەلامەتیان بۆ خواستن.