هەندێ لەحاجیانی کوردستان پارەی زەكاتی بازرگانی و داهاتیان دەبنە سوعدیە و لەوێ دەیبەخشنەوە
وەزارەتی ئەوقاف داوا لەمامۆستایانی ئایینی و شەرعزان و لیژنەی فەتوای كوردستان دەكات ئەوە لەروی شەرعیەوە بۆ خەڵك روون بكەنەوە
زانایەكی ئایینی: لەروی شەرعیەوە پێوستە زەكات نەبرێتە دەرەوەو دەبێت بدرێتە هاوڵاتیانی هەژاری كوردستان
نوچەنێت- تایبەت
هەندێ لەحاجیانی کوردستان، پارەی زەكاتی بازرگانی و داهاتیان دەبەنە سوعدیە و دەیدەنە خەڵكی ئەوێ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەوقافیش داوا لەمامۆستایانی ئایینی و شەرعزان و لیژنەی فەتوای كوردستان دەكات، لەرووی شەرعیەوە ئەوە روون بكەنەوە، زانایەكی ئاینیش رایدەگەێنێت لەروی شەرعیەوە پێویستە زەكات و خێر و چاكە نەبرێتە دەرەوەی وڵات و دەبێت بدرێتە خەڵكی هەژار و كەمدەرامەتی هەرێمی كوردستان.
مەریوان نەقشبەندی، بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی کوردستان و سەرپەرشتیاری تیمی راگەیاندنی حاجیانی هەرێم لەسعودیە، لەئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاندووە: هەندێ لەحاجیانی هەرێمی كوردستان، پارەی زەكاتی بازرگانی و قازانج و داهاتی خۆیان لەكوردستانەوە دێنن و لەسەر ئەو بنەما شەرعیەی كە(هەر خێرێك لەحەرەمی كەعبەی پیرۆزدا بە 100هەزار خێر دەبێت)دەیدەن بەوەقفەكانی حەرەمی كەعبە، هەندێ جاریش دەیدەنە خەڵكی هەژاری شاری مەككە، یان ئەو كەسە هەژارانەی كەلەسنوری حەرەمی كەعبەی پیرۆز داوای خێر دەكەن.
ناوبراو رونيشكردوەتەوە: جگە لەحاجیان، هەندێ جاریش خەڵكی دەوڵەمەندی كوردستان حاجیە خزم و ناسراوەكانیان رادەسپێرن و بڕێك پارەی خێریان دەدەنێ، تا لەگەڵ خۆیان بیبەنە شاری مەككە، یان مەدینە و لەوێ بیدەنە خەڵكی هەژار بۆ ئەوەی خێرەكەیان بەزیاتر بۆ بنوسرێ.
نەقشبەندی راشیگەیاندووە: ئەمساڵیش كە كوردستان بەقەیرانی دارایی دەروات، موچە و بوجەی كوردستان بڕاوە، دیسانەوە تێبینیم كرد، كە ئەم حاڵەتە هەر بەردەوامە و هێشتا خەڵكانێك زەكات و پارەی خێرخوازیان لەكوردستانەوە دەنێرن بۆ شاری مەككە، بۆ ئەو مەبەستەی كەباسم كرد و لێرە جگە (فدیە) هەندێ لەحاجیان قوربانیش دەكەن.
بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف دەشڵێت: بۆیە داوا لەمامۆستایانی ئاینی و شەرعزان و لیژنەی فەتوای یەكێتی زانایانی كوردستان دەكەم”لەوتارەكانی هەینی و لەبەرنامە تەلەفزیۆنیەكان و كۆڕ و كۆبونەوەی موسڵمانانی كوردستان، ئەم حاڵەتە لەرووی شەرعیەوە باس بكەن و رونی بكەنەوە، ئاخۆ لەبارودۆخێكی وەهادا كەخەڵكی هەژار و كەمدەرامەت لەكوردستان هەبێت، هەر زەكات و خێركردن لەشاری مەككە و مەدینە خێرترە؟ یان ئەو زەكات و خێرە بدرێت بەهەژارانی كوردستان؟
هەر لەو بارەیەوە د.بەشیر خەلیل حەدداد، زانای ئایینی بۆ(نوچە نێت) وتی:زانایان لەمەزهەبی شافیعی رایان وایە، كە پێویستە زەكات لەكوێ دەرێت دەبێت هەر بۆ هاوڵاتایانی ئەو شوێنەش بێت، لەئیستاشدا كوردستان زیاتر پێویستی بەوەیە ئەو زەكاتە بەسەر خەڵكی هەژار و كەم دەرامت دابەش بكرێت، نەك ببرێتە دەرەوە، ئەویش لەبەر ئەو قەیرانە ئابوریە و دۆخە خراپەی رووی لە كوردستان كردووە.
ناوبراو رونیشكردەوە: راستە هەر خێرێك لەحەرەمی كەعبەی پیرۆزدا بە 100هەزار خێرە، بەڵام باشترە زەكاتەكە بۆ خەڵكی كوردستان بێت، چونكە زیاتر پێویستیان پێیەتی و خێریشی بۆ وڵاتەكەی خۆمان زیاترە.