سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان ناچار دەکات پێشوازی لە سەلیم جبوری بكەن
بهشێك له پەرلەمانتارانی كوردستان بایكۆتی دیداری جبووریان كرد
هاتنی عەبادی و نوجەیفی و عەمار حەكیم و سەلیم جبوری بۆ كوردستان هیچ ئیجابیاتێكیان نییە
نوچەنێت ـ تایبەت
ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستان بایكۆتی دیداری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیان كرد، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت ناكرێت فەرمانبەرانمان بە 90 رۆژ موچە وەربگرن و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش ئاوا بەگەرمی پێشوازی لەبەرپرسانی عێراقی بكات.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ،چوار شەممە1/10/2014 سەلیم جبوری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە یاوەری شاندێکی پەرلەمانی گەیشتنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆک و جێگر و سکرتێر و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکیان سازکرد و ژمارەیەك پەرلەمانتاریش بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.
لەوبارەیەوە دكتۆر شوان قەڵادزەیی، سەرۆكی فڕاكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، بە(نوچە نێت)ی راگەیاند: ئێمە بایكۆتی پێشوازی و دانیشتن و كۆبونەوەمان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و وەفدی هاورێی كرد، لەبەر ئەوەی ناكرێت بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و پێنج لایەنە سیاسیەكە، لەسەرەوە زەردەخەنە و پێكەنین لەگەڵ دەسەڵاتدانی عێراق بكەن وەكو ئەوەی هیچ لە گۆڕێ دانەبێت، لەكاتێكدا دەسەڵاتدانی عێراق ئامادەنین موچەی یەك مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرن، بۆیە ناكرێت ئێمە پێشوازی لەكۆمەڵێك خەڵك بكەین كە سیاسەتی برسی كردن و گەمارۆی ئابووری دژی هەرێم پیادە دەكەن.
ناوبراو وتیشی: بایكۆت كردنی دیدارەكە وەك هەڵوێستێك بوو، لە بەرامبەر رەوانە نەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوەوە و ئەو پێشوازی نەكردنەی ئێمەش ئەو مانایە دەگەێنێت، كەنیگەرانی لەهەرێمی كوردستان هەیە بەرامبەر بەرپرسانی بەغدا.
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند: كە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، هەموو سەرۆك فڕاكسیۆنەكانی ناچاكردوە پێشوازی لەسەرۆكی پەرلەمانی عێراق بكەن، وتیشی: ناكرێت فەرمانبەرانمان بە 90 رۆژ موچە وەربگرن و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش ئاوا بەگەرمی پێشوازی لەبەرپرسانی عێراقی بكات.
قەڵادزەیی ئەوەشی راگەیاند: بەغدا بە ئاشكرا بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نانێری، پێویستە كورد هەڵوێستی هەبێ لەسەر ئەم قەیرانەی كە حكومەتی عێراق دروستی كردووە.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا سەردانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، گرنگییەكەی لەچیدایە و دەتوانێت كێشەكان چارسەر بكات، سەرۆكی فڕاكسۆنی بزوتنەوە وتی:ئەوان خۆیان گروپێكی لاواز و بێ دەسەڵاتن لە بەغدا، هاتنی عەبادی و نوجەیفی و عەمار حەكیم و سەلیم جبوری بۆ كوردستان، هیچ ئیجابیاتێكیان نییە و هەمووی یەكسانە بەسفر و هیچی لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان نییە، بەڵگو گەمە كردنە بەعەقڵی خەڵكی كوردستان.