ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی: خۆ ئێمە سۆپەرمان نین بتوانین بگەینە كۆبانێ
نوچە: سلێمانی
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، رەتی كردەوە، كە هێزیان رەوانەی كۆبانێ كردبێت، وتیشی ئەگەر هێز بنێرین دەبێت رێكەوتن هەبێت و نابێت بە حەماسەوە باس لە ناردنی هێز بكرێت.
مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كاتژمێر (7:35) ئەم ئێوارەیە لە بەرنامەی (دیوی دووەمی هەواڵ) كەناڵی (nrt) ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە، كە باس لە چوونی هێزی پێشمەرگەی یەكێتی دەكرێت بۆ كۆبانێ، مستەفا چاوڕەش لەو بارەوە وتی “بەهیچ شێوەیەك هێزمان نەناردووە، چونكە خۆ ئێمە سۆپەرمان نین بتوانین بگەینە بۆ كۆبانی”، وتیشی “هیچ رێیەك نیە بتوانرێت هێزی پێشمەرگەی لێوە بچێت بۆ كۆبانی”.
مستەفا چاوەڕەش سەبارەت بەو هێزەی حیزبەكەی كە بە نیاز بوون بچن بۆ كۆبانی وتی “ئێمە هێزێكمان ئامادە كردبوو، بەڵام رێگە نەبوو بچن، ئەگەر بیشچن دەبێت رێكەوتن بكرێت لەگەڵ پەیەدە و یەپەگە و ئەو هێزانەی لەوێن، ئەمە مەسەلەیەكی حەساسە و ناكرێت بە حەماسەوە باس لە ناردنی هێز بكەین، ئەگەر رێكەوتن نەبێت خۆ ئێمە هێزێك نانێرین لەوێ تووشی شكست بێت”.