هەردوو سەرۆکی پەڕلەمان باسی مافەکانی پێشمەرگەو کێشەکانی هەولێرو بەغدا دەکەن

0

salim jbwriسەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: ناکرێ پێشمەرگە شەڕی دژی داعش بکات و حکومەتی عێراقیش موچەیان ببڕێت

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق : پێشمەرگە قارەمانانە پارێزگارییان لە خاکی نیشتمان کرد بۆیە حەقە هەمومان شانازی بە پێشمەرگەوە بکەین

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان :حكومەتی عێراقی موچەی ئەو شارانەی لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە، ڕەوانە دەکات كەچی هی هەرێم نانێرێت

نوچەنێت- هەولێر

سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌ سه‌ردانێك‌ هاتە كوردستان و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایەتی‌ په‌رله‌مان كۆبووه‌وه‌ و وتی، پێشمەرگە قارەمانانە پارێزگارییان لە خاکی نیشتمان کردوە و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند ناکرێت پێشمەرگە شەڕی دژی داعش بکات و حکومەتی عێراقیش موچەیان ببڕێت.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ،چوار شەممە1/10/2014 سەلیم جبوری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە یاوەری شاندێکی پەرلەمانی گەیشتنە هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جەعفەر ئیمینکی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراق پێشوازیکران. دواتر پێکەوە سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سەرۆک و جێگر و سکرتێر و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکیان سازکرد، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هیوای خواست هاتنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پەرلەمانی کوردستان سەرەتای کۆتایی هاتن بێت بەو کێشەو قەیرانە دارایی و سیاسییەی ماوەی چەند مانگێکە کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە و حکومەتی مەرکەزیش هۆکاری سەرەکی قوڵکردنەوەی کێشەکانە.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی “ناکرێت پێشمەرگە لە زۆربەی ناوچەکان شەڕ لە دژی تیرۆرستانی داعش بکات، حکومەتی عێراق موچە و بودجەیان یان ببڕێت، بەڵام موچەی ئەو شارانەی لەژێر دەسەڵاتداری تیرۆرستانی داعشدایە، ڕەوانە بکات!.

لەبارەی بارودۆخی عێراقیش، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی “دەستووری عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق داڕێژراوە، نابێت لە بەڕێوبردنی وڵاتدا هیچ پێکهاتەیەک فەرامۆش بکرێت، بەڵام لەسەر زەمینەی واقیع، ئەوەی ئێمە دەیبینین، تێڕوانینێکی وا هەیە عێراق بە مەرکەزی بەڕێوە ببرێت، پێمان وایە ئەو سەردەمە بەسەرچوو، وڵات بە تاکە کەس و بە تاکە حیزبێکەوە بەڕێوەببرێت!.

دواتر سەلیم جبووری لە وتەیەکدا، سوپاسی میواندارییەکەی پەرلەمانی کوردستانیکرد و هیوای خواست هەرێمی کوردستان و عێراق لەڕێگەی گفتوگۆ و گەڕانەوە بۆ دەستوور کۆتایی بە کێشەکانیان بێنن، ئاماژەی بەوەشکرد لەو پێناوەدا هەرچی بەوان بکرێت کەمتەرخەمی ناکەن.

لەبارەی بارودۆخی ئاوارەکانیش، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران وتی” ئاوارەکان لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین، سوپاسی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە توانیوویانە کەشێکی ئارام لە کوردستان درووست بکەن کە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان ببێتە لانەیەکی ئارام بۆ هەمو عێراقییەکان”.

لەبارەی شەڕی دژە تیرۆریشەوە، سەلیم جبووری وتی”عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم شەڕی تیرۆرستاندان، لەم جەنگەدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان، توانییان قارەمانانە پارێزگاریی لە خاکی نیشتمان بکەن، بۆیە حەقە هەمومان شانازی بە پێشمەرگەوە بکەین”.

پاشان نوێنەری فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان کۆمەڵێک سەرنج و پێشنیارییان لەبارەی پەیوەندی نێوان پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خستە ڕوو، دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران وەڵامی رۆژنامەنووستانیان لەبارەی کۆبوونەوەکەیان دایەوە.

سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق رایگه‌یاند: پرسی‌ ناردنی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بووه‌ته‌ به‌شێكی‌ گرنگ له‌ دانوستاندنه‌كان و له‌ داهاتوویه‌كی‌ نزیكدا بودجه‌ و مووچه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ره‌وانه‌ دەكرێت.

هەر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا سه‌لیم جبووری‌ ئامانجی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ هەرێمی كوردستان خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا هاتووین و ده‌مانه‌وێت تاوتوێی‌ پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بكه‌ین، به‌ هیوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ گونجاویان بۆ بدۆزینه‌وه‌.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com