حوسییەكان چەندین بەعسیی عێراقی دەكوژن
نوچەنێت-ئاژانسەكان
سەركردیەكی دیاری حوسییەكانی یەمەن ئاشكرای دەكات كە دوابەدوای كۆنترۆڵكردنی شار سەنعای پایتەختی یەمەن، چەندین گەورە سەركردە و ئەفسەری عێراقی سەر بە رژێمی سەدام حسێنیان كوشتووە و هۆشداریش دەدەنە ئەوانی دی تا لەماوەی هەفتەیەكدا یەمەن بەجێ بهێڵن.
عەبدولقادر بەدرەدین حوسی یەكێك لە سەركردە دیارەكانی حوسییەكان (شیعەكانی یەمەن) ئاشكرای كردووە كە چەكدارەكانیان لەماوەی چەند رۆژی رابردوود هەستاون بە كوشتنی چەندین سەركردەی بەعسی عێراقی لەوانە نەزمی ئۆجی كە بەڕێوەبەری كارەكانی سەدام حسێن بووە لە یەمەن، هەروەها محەممەدی كوڕی بەرزان تكریتی و سەركردەیەكی دیكەی بەعسیش بەناوی سەتام گەعود.
سەركردە حوسییەكە ووتوویەتی ئەو كەسانە لەدوای 2003 ەوە سەركردایەتی لقی یەمەنی حیزبی بەعسیان دەكرد و یارمەتی حكومەتی یەمەنیان دەدا بۆ هێرشكردنە سەر حوسییەكان.
رێكخستنی ئەنساروڵڵا كە حیزبی حوسییەكانە وتویەتی ئەو بەعسیانەی بەشداری شەڕیان كردووە دەستگیر دەكرێن و دوای سەلماندنی بەشداریان دەكوژرێن، ئەوانەشی بەشداری شەڕیان نەكردووە دەبێت لەماوەی هەفتەیەكدا خاكی یەمەن بەجێ بهێڵن.
بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەكان تا ئێستا حوسییەكان 23 ئەفسەری هەواڵگری بەعسی عێ{اقیان لە یەمەن دەستگیر كردووە كە دەوترێ هاریكاری دەزگای هەواڵگری یەمەنیان كردووە، ئەوە سەرەڕای دەستگیكردنی چەندین ئەفسەری دیكەی بەعسی عێراقی كە وەك راوێژكار لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و هێزی ئاسمانی یەمەن دامەزرابوون.
پێشووتر حكومەتی سوننە مەزهەبی یەمەنی ل كۆمەڵگەیەكی گەشتیاریدا و لەژێر چاودێری و پاسەوانییەكی ووردا ئەو ئەفسەرانەی حیزبی بەعسی دەحەواندەوە كە لەدوای 2003 روویان لەو ووڵاتە كردبوو بوبونە هاوكاری حكومەتی یەمەنی، كە لە سەردەمی عەلی عەبدوڵڵا ساڵحدا وەك هاوپەیمانێكی نزیكی رژێمی سەددام ناسرابوو.
دوای چەندین ساڵ لە چەوسانەوە و سەركوتكردن لەلایەن حكومەتی یەمەنەوە، رۆژی 21ی ئەیلوول چەكدارە شیعەكانی یەمەن كە بە حوسییەكان ناسراوون، توانیان سەنعی پایتەخت و سەرجەم دامو دەزگا حكومییەكانی ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ بكەن.
شیعەكان 46%ی دانیشتوانی یەمەن پێكدێنن و بەزۆری لە ناوچە شاخاوییەكانی باكوری یەمەن دەژین، هەرچی سوننەكانیشن 52%ی دانیشتوانی یەمەن پێكدێنن و ساڵانێكە لەسەر كورسی دەسەڵاتن.