کۆمپانیا بیانییەکان دەست بەکاری ئاسایی خۆیان دەکەنەوە لەکوردستان
نوچەنێت . krg.org
دوای دوورکەوتنەوەی مەترسی هێزەکانی رێکخراوی تێرۆریستی دەولەتی ئیسلامی، ناسراو بە داعش، لە سنوری هەرێمی کوردستان وگرتنەوەی چەندین ناوچە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە، زۆر لەو کۆمپانیا بیانیانەی کە چالاکیان لەم کاتەدا راگرتبوو یان کەمکردبۆوە، ئێستا خەریکی دەستپێکردنەوەی جموجۆلی ئاسایی خۆیانن.
بە شێوەیەکی گشتی ئەم بارودۆخە سەربازی و ئەمنییەی کە لە ماوەی نێوان کۆتایی مانگی تەمموز و سەرەتای مانگی ئاب لە سنوری هەرێمی کوردستان بەرپابوو، کاریگەری راستەوخۆی یا ناراستەوخۆی هەبوو لەسەر کاری کۆمپانیا بیانییەکانی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بە تایبەتی لەسەر کەرتی فرۆکەوانی، کەرتی نەوت وکەرتی بازرگانی.
بە پێی ئاماری فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکان، هیچ لەم کۆمپانیا بیانیانەی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بە فەرمی ناوی خۆیی نەسڕیوەتەوە لای فەرمانگەی ناوبراو. شایانی باسە، لە هەرێمی کوردستان 2955 کۆمپانیای بیانی تۆمارکراون، کە سەرەکییەکانیان بەم جۆرەن: 1329یان تورکین، 335ئێرانین، 157 لوبنانین، 155 ئیماراتین، 125 بریتانین، 117 ئەمریکین و 81 ئەلمانین.
کەرتی فرۆکەوانی
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی رێکخراوی داعش لە سنوری هەرێم، چەندین هێڵی ئاسمانی گەشتەکانیان بۆ فرۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی کاتی راگرت یا کەمکردەوە.
لە لێدوانێک بۆ ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەلار فایق سالح، بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی هەولێری نێودەولەتی، روونیکردەوە کە ”تەنها بۆ ماوەی یەک هەفتە چەند هێڵێکی ئاسمانی گەشتەکانیان راگرت وهەندێکی تریان کەمیانکردەوە. دوای ئەم هەفتەیە زۆربەی هێڵە ئاسمانیەکان گەڕانەوە. ئێستا، لە کۆی 23 هێڵی ئاسمانی کە روو لە فرۆکەخانەی هەولێری نێودەولەتی دەکەن، تەنها پێنج هێڵ هێشتا دەستیان بە گەشتەکانی خۆیان نەکردووەتەوە. ئەمانەش بریتین لە هێلی ئاسمانی ئیتحاد، ئیمارات، فلای دوبەی، ئێر ئەرێبیا کە هێڵی ئاسمانی ئیماراتین وئێرماس کە یۆنانیە”.
هەروەها تەلار فایق گوتی ”رێژەی گەشتیاران لە مانگی مایس وحوزەیران وتەمموز وئابی ئەم ساڵ، بەراورد بە هەمان مانگەکانی ساڵی 2013، بە رێژەی 10 لەسەد زیادیکردوە”، کە زۆربەیان کوردانی دەرەوەی ووڵاتن کە لەو ماوەیەدا هەموو ساڵ سەردانی ووڵات دەکەن.
ئەم بارودۆخە ئەمنییەی دوایی کە لە سنوری هەرێمی کوردستان هاتەپێش، هەروەها کاریگەری هەبوو بۆ سەر فرۆکەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی، بەڵام بە شێوەیەکی کەمتر وجیاواز. تاهیر عەبدوللا قادر، بەرێوەبەری گشتی فرۆکەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی، بە ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی گوت کە لە کاتی روداوە ئەمنییەکانی دوایی سنوری کوردستان، “لە کۆی 11 هێڵی ئاسمانی کە روو لە فرۆکەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی دەکەن، تەنها دوو هێڵی ئاسمانی گەشتەکانیان هەڵپەسارد، ئەمەش تەنها بۆ دوو تا سێ رۆژ بوو وبریتی بوون لە هێڵی ئاسمانی فلای دوبەی و رۆیال جۆردانیان. هێڵی ترمان هەن کە وەرزین وەک جۆرجیان ئێر کە لەکاتی رووداوەکان گەشتەکانیان راگرتبوو. بەڵام کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتەکان بۆ هەولێر بووە هۆی پاڵەپەستۆ لەسەر فرۆکەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی و زیاد بوونی ژمارەی گەشتیاران”.
کۆمپانیاکانی نەوت
لەبواری ووزە، ئێستا زۆربەی ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی چالاکن لە هەرێم، دەستییان بە کاری خۆیان کردۆتەوە. بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کردارە سەربازیەکانی دژ بە ”تیرۆرستان کاری نەکردووتە سەر ژیرخانی نەوت وغازی هەرێمی کوردستان … تەنها ئەو کۆمپانیانانەی چالاکی گەڕان ئەنجامدەدەن وبلۆکەکانیان نزیکن لە جموجۆڵی تێرۆریستان، چالاکی خۆیان کەمکردەوە.”
سەبارەت بە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، گشت دەزگاکانی بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکان ”بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن لە بەرهەمهێنان وکارمەندە پیشەوەرەکان وەک پێشتر تیایدا کاردەکەن”، بەپێی هەمان بەیاننامەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان.
بە گشتی، زۆرینەی کۆمپانیاکانی نەوت وگاز ئێستا گەراونەتەوە وکاری تەواویان دەست پێکردوەتەوە. ”نزیکەی 70 لەسەدی بلۆکەکان کاریان تێدادەکرێت و 95 لە سەدی کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری نەوت وگاز گەراونەتەوە و دەستیان بە کارکردووە”.
هەروەها، بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ”هیزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاگاداری چالاکیەکانی نەوت و غازن و پابەندن بە پاراستنیان”.
کاریگەری پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا
جگە لەو بارودۆخە ئەمنییەی دوایی لە سنوری هەرێمی کوردستان سەریهەڵدا، کێشەکانی نێوان بەغداو هەرێم، بەتایبەتی بڕینی بوودجە وموچەی فەرمانبەران، کاریگەری خۆی هەبوو لەسەر باری ئابووری بە گشتی.
بارزان سالح موستەفا، بەڕێوەبەری پەیوەندیەکان لەگەل حکومەت وئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای FFStealی تورکی بۆ ئاسن وپۆڵا بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گوت ”بڕینی بودجە لەلایەن بەغدا وکێشەکانی حکومەتی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کاریگەری زیاتر بوو لە مەترسییەکانی داعش بۆ سەر چالاکی کۆمپانیەکەمان وبووە هۆی بڵندبوونی نرخی تێچوون و نزمبوونەوەی داواکاری لەسەر ئاسن وپۆڵا”.
بارزان سالح موستەفا هەروەها روونیکردەوە کە کۆمپانیایەکەیان لە کاتی رووداوەکانی ئەم دواییە تەنها بۆ یەک رۆژ لە کار وەستا. ”دوای ئەوەى گەڕاینەوە سەر کاری ئاسایی خۆمان، خاوەن کۆمپانیاکە خۆی هاتە لامان بۆ دڵنیایی کردنەوەی کارمەندەکان وهیچ لە کارمەندە بیانیەکانمان کوردستانی جێنەهێشت”.
گشت لایەنە بازرگانیەکان وکۆمپانیا بیانیەکان، هیوادارن کە پاش سەقامگیربوونەوەی رەوشی ئەمنی لە سنوری هەرێمی کوردستان وباری سیاسی بە گشتی، جموجۆلی بازرگانی وچالاکی ئابووری دەست پێبکاتەوە لە هەرێمی کوردستان، بە هەمان شێوەی جاران.
زیاد حەسەن، سەرۆکی لقی هەولێری بانکی BBAC لوبنانی، کە سەرەرای ئەم رەوشە ئەمنییەی دوایی لقەکەیان لە هەولێر دانەخست و هیچ یەک لە کارمەندەکانیان کوردستانی جێنەهێشت، بە مالپەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی گوت ”بە مەزندەی ئێمە، خستنەوەی پارە لە ناو بازارەکاندا دەبێتە هۆکاری بەپەلە گەڕانەوەی جموجۆلی ئابووری وبازرگانی بۆ هەمان شێوەی جاران، وە ئەمەش یەکێکە لە هیواکانمان کە بە زووترین کات بگات”.