هێزەکانی پێشمەرگە پێشڕەوی دەکەن و چەند ناوچەیەکی گرنگ ئازاد دەکەن
نوچەنێت
ئەمرۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەچەند بەرەیەکەوە پێشڕەوی گەورەیانکرد، چەند ناوچەیەکیان لەدەستی داعش رزگارکرد، لەبەرەی رەبیعەوە، پێشمەگە توانیان بەیەکجاری رەبیعە کۆنترۆڵ بکەن، لە بەرەی کەرکوکەوە پێشمەرگە پێشڕەوی کردو توانی چەند گوندێک کۆنترۆڵ بکات.
هاشم سیستەیی فەرماندەی لیوای هەشتی هێزی پێشمەرگە، رایگەیاند” شارۆچکەی رەبیعە لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکراوە، ئێستا ناوچەکە لەو بۆمب و تەقەمنیانە پاک دەکەینەوە کە داعش دوای خۆی بەجێی هێشتووە”.
ئەو بەرپرسەی هێزی پێشمەرگە وتیشی” لەو شەڕانەدا پێشمەرگە زیانی بەرنەکەوتووە، دەستکەوتی گەورەی چەک و تەقەمەنیشمان هەبووە”. بەڵام ” پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە بۆماوەیەک وەستاوە، تا قەناس بەدەستەکانی داعش لەناو دەبەین”.
هەر لەو بارەیەوە شێخ ئەحمەد محەممەد، فەرماندەی هێزی دەستوەشێن رایگەیاند”چەندین تانک و چەک و تەقەمەنیدا گیراوە کە داعش دوای هەڵهاتنیان جێیان هێشتووە” بەقسەی ئەو فەرماندەی پێشمەرگە داعش بەشێوەیەک شکاون تەرمەکانیان جێ دەهێڵن و توانای پەیوەندییان بەیەکەوە نەماوە.دەشڵێت”كۆنترۆڵكردنی رەبیعە ئاسانكاری گەورە دەكات بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال و زوممار”.
لەلایەکی ترەوە لەبەرەی کەکرکوک پێشمەرگە توانیان پێشڕەوی گەورە بکەن و چەند گوندێکی سنوری قەزای داقوق کۆنتڕۆڵ بکەن.
لەبەرەی کەرکوکەوە لەسنوری داقوق پێشمەرگە توانی هەردوو گوندی خالید و سەعد کۆنترۆڵبکەنەوە، و چەند چەکدارێکی داعش کوژان و بەدیلگران، بەڵام لەکاتی هەڵکەندنی ئاڵا رەشەکانی داعش، چەند بۆمبێکی چێنراو بە پێشمەرگەدا تەقینەوە، بەهۆیانەوە پێنج پێشمەرگە برینداربوون.