بەرهەم ساڵح و کۆسرەت رەسوڵ لێکۆڵینەوە لە هەواڵی دوو سەرکردەکەی یەکێتی دەکەن
نوچەنێت
سەرچاوەیەک لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەنوچەنێت ی راگەیاند، هەریەک د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح و کۆسرەت رەسوڵ، بۆ رەتکردنەوەی ئەو هەواڵەی دوو سەرکردەی یەکێتی داوای بڕینی موچەی فەرمانبەرانی کوردستانیان لەمالیکی کردووە، ئاگاداری بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نەبوون، بۆیە بەڕێگای پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ بەغدا، خەریکی لێکۆڵینەوەن لەراستی ئەو هەواڵە.
دوای سەردانی عەببادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سلێمانی، لەرێگای راگەیاندنەکانی کوردستانەوە، ئەو دەنگۆیە بڵاوکرایەوە، کە دوو سەرکردەی یەکێتی داوایان لەنوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق کردووە، بۆ دانانی سنورێک بۆ هەیمەنەی پارتی و شکستهێنان بەسیاسەتەکانی پارتی، موچەی فەرمانبەرانی کوردستان وەک کارتێک بەکاربهێنێت، تا خەڵکی کوردستان فشار بۆ پارتی بهێنن و لەسیاسەتەکانی پاشەکشەی پێ بکەن، هەر لەدوای بڵاو بونەوەی ئەو هەواڵە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی راگەیەنراوێکی توندی بڵاوکردەوەو بەتوندی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، رایگەیاند، موچەخۆران باش دەزانن شکستی سیاسەتی دارایی لەئەستۆی کێدایە.
بەپێچەوانەی راگەیانراوەکەی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە، پەڕلەمانتارێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ نوچەنێت ئاشکرای کرد” هەر لەدوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی ئەوەی دوو سەرکردەی یەکێتی داوایان لە مالیکی کردووە، موچەی فەرمانبەرانی کوردستان وەک کارتی فشار لەسەر پارتی بەکاربهێنێ، هەریەک لە بەڕێزان دکتۆر بەرهەم و کاک کۆسرەت، بەرێگای پەڕلەمانتارانی نزیک لەخۆیان و لەرێگای پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سیاسییەکانی بەغدا، خەریکی لێکۆڵینەوەن لەراستی ئەو هەواڵە و پێموایە ئەنجامیشیان بەدەست هێناوە لەلێکۆڵینەوەکانیان”. بەڵام ئاشکرای نەکرد کە گەشتونەتە چ ئەنجامێک.
ئەو پەڕلەمانتارەی یەکێتی کەنەیویست ناوی بهێنرێت وتیشی” سەد لەسەد نازانم مەبەستی ئەوو دوو بەڕێزە چییە لەلێکۆڵینەوەکان، بەڵام وەک دوو سەرکردەی یەکێتی، وەک بەرپرسیارەتیان لەسیاسەتی یەکێتی، مافی خۆیانە بگەنە ئەنجام ئایا یەکێتی ئەمەی کردووە یان نەیکردووە، ئایا شتی وا بووە یان نەبووە، ئاشکرایە ئەگەر بگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئەو هەواڵە راستە، لەبەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیشدا دەبێت و سودی زۆری دەبێ بۆ ئەوان لەکاتی کۆنگرەی یەکێتی”.
پەڕلەمانتارەکەی یەکێتی، ئەوەی رەتکردەوە کەمەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاگای لەراگەیەنراوی رەتکردنەوەی ئەو هەواڵە بێت، وەک ئەو وتی” بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوەکە بەناوی مەکتەبی سیاسی، پەلەکردنی پێوەدیار بوو، بۆیە جێی بروا نییە بۆ خەڵک، خەڵک مافی خۆیەتی زیاتر گومانمان بخاتە سەر، ئەبوو ئەگەر لێکۆڵینەوەش نەکەین، ماوەیەک بەنێوانی بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیەو راگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسی ببەخشین، تا هیچ نەبێ بڵێین بەدواداچونمان بۆ کردووە، هەروەها ئەو راگەیەنراوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دوای کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی نەبووە، بۆیە دەکرێ رای کەسێک یان دوو کەس بێت، بێگومان کاک کۆسرەت و د. بەرهەم ئاگادار نەبوون”.