سەرۆكی لیستی خزمەت: حەقە یەكێتی ئەو ئیهانە سیاسییە قبوڵ نەكات كە پێی دەكرێت
نوچەنێت: سلێمانی
سەرۆكی لیستی خزمەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، یەكێتی بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت ئیهانەی سیاسی بە خۆی دەكات و هەقە ئەوە قبوڵ نەكات، چونكە وەك ئەو وتی “ئەوە ئیهانەیەكی سیاسییە بە یەكێتی، كە دەڵێن ئەگەر یەكێتی خۆی حاكمی وڵات نەبێت وڵات تێكدەچێت، چونكە ئەمە دەیسەلمێنێت كە یەكێتی دیكتاتۆرییەتی قبوڵە و غەیری خۆی كەسی تر قبوڵ ناكات”.
مەهدی مەحمودسەرۆكی لیستی خزمەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دەربارەی چارەنەكردنی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگار، لە لێدوانێكدا بۆ نوچە وتی “ئێمە پرۆژەیەكمان داوە بە هەردوو لایەنەكە هەبووە، كە پرۆژەیەكی تەوافوقییە و دوو ساڵ بە دوو ساڵە، ئیتر ئێمە گیشتینە بڕوایەك كە ئەو كێشەیە لای ئێمە چارەسەر ناكرێت و دڵمان لە یەك دەیەشێت، حەوت جار دانیشتین و نەمانتوانی یەكلایی بكەینەوە، بۆیە بە كۆی دەنگ كێشەكەمان نارد بۆ سەرۆكی حیزبەكان كە ئەوان قسەیەكی تری تێدا بكەن”.
مەهدی مەحمود سەرۆكی لیستی خزمەت وتیشی “بەر لە هەموو شتێك دەبێت كەسێك خۆی بپاڵێوێت بۆ سەرۆكی ئەنجومەن، ئەنجومەن سەرۆك و جێگر هەڵدەبژێرن و ئینجا پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگار دێتە پێشەوە، ئیێستا كەس خۆی بۆ سەرۆكی ئەنجومەن ناپاڵێوێت، ئێستا یەكێتی و گۆڕان نەخۆیان هەڵدەبژێرن بۆ سەرۆكی ئەنجومەن، نە رێیش دەدەن كەسێكی تر خۆی هەڵبژرێت، قوفڵێكیان داوە لەو بابەتە و بە كەس ناكرێتەوە”.
سەرۆكی لیستی خزمەت وەڵامی بۆچوونەكانی بەرپرسی مەڵبەندی رێكخستنی یەكێتی نیشتیمانی كودستان لە سلێمانی دادەتەوە، كە لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ نوچەنێت وتبووی، یەكێتی داوای لە لیستەكانی تر كردووە، كە لە مەنتقی پشت داواكەی یەكێتی تێبگەن و بۆ تێكنەچوونی شیرازەی سلێمانی، دەنگ بە كاندیدی ئەوان بدەن، بۆ پۆستی پارێزگار، مەهدی مەحمود سەرۆكی لیستی خزمەت لەو بارەوە دەڵێت “ئەوە ئیهانەیەكی سیاسییە بە یەكێتی، كە دەڵێن ئەگەر یەكێتی خۆی حاكمی وڵات نەبێت وڵات تێكدەچێت، چونكە ئەمە دەیسەلمێنێت كە یەكێتی دیكتاتۆرییەتی قبوڵە و غەیری خۆی كەسی تر قبوڵ ناكات، واتە ئەمە ئیهانەیەكی سیاسییە كە یەكێتی بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن بە خۆیانی دەكەن، بۆیە دەبێت بڵێن ئەگەر غەیری ئێمەیش بێت ئێمە دەیپارێزین، چونكە ئەمە دەستاودەستكردنی دەسەڵاتە و ئێمە ئەو حیزبەین كە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتمان قبوڵە، ئەگەر بڵێن ئێمە غەیری خۆمانمان قبوڵ نیە، ئەمە ئیهانەیەكی سیاسییە و بە یەكێتی دەكرێت، حەق نیە یەكێتی ئەوە قبوڵ بكات، چونكە ئەوە بە خەڵك دەڵێت یەكێتی ئاسایش تێك دەدات، قبوڵی نیە غەیری خۆی حاكمی وڵات بێت، ئەمە بۆ یەكێتی خۆی سلبییە”.
سەرۆكی لیستی خزمەت رەتی كردەوە، كە بەبێ یەكێتی دۆخی سلێمانی تێكبچێت، بەڵام وەك ئەو وتی “یەكێتی رەنگە خۆی بیەوێت وەهمێك لە دڵی خەڵكدا درووست بكەن، كە هیچ مانایەكی نیە، ئەگەر یەكێتی خۆی ئەو هەواڵانە بڵاو بكاتەوە، هەڵەیەكی گەورە دەكات، چونكە ئەوە خۆیان كێشەكە درووست دەكەن، كەواتە تاوانەكە لە ملی خۆیاندایە”.