یەكێتی بۆ پارتی: كارێك مەكەن لایەنەكانی تریش پەنا بۆ ئەم شێوازە ململانێ‌ ناڕەوایە ببەن

0

یەكێتی بۆ پارتی: كارێك مەكەن لایەنەكانی تریش پەنا بۆ ئەم شێوازە ململانێ‌ ناڕەوایە ببەن

 

nuche (43)
نوچە: هەولێر

دوای ئەوەی رۆژنامەیەكی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان، چەند زانیارییەكی لەسەر بڕینی بودجەی كوردستان بڵاو كردەوە و لەو هەواڵەیشدا ئاراستەی تۆمەتەكان روو لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوون، یەكێتیش لە رێی نوچەنێتەوە هۆشداری بە پارتی دەدات و دەڵێت ” كارێك مەكەن لایەنەكانی تریش پەنا بۆ ئەم شێوازە ململانێ‌ ناڕەوایە ببەن”.
ماوەی چەند مانگێكە بودجەی هەرێمی كوردستان، لەلایەن حكومەتی پێشووی عێرا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی بڕاوە و بەو هۆیەشەوە قەیرانی ئابووری رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، رۆژنامەی باس كە نزیكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دواین زانیاری دەربارەی ئەو پرسە، چەند زانیارییەكی بڵاو كردەوە و دوو سەركردەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە ناوەكانیان نەهاتووە، بە كەسانی پشتەوەی دارێژەی ئەو سیاسەتە ناو دەبات، چونكە وەك رۆژنامەكە باسی كردووە، حەیدەر عەبادی سەرۆكی حكومەتی ئێستای عێراق، لەسەردانی ئەمدواییانەی بۆ سلێمانی ئەو بابەتەی باس كردووە، بەڵام مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە روونكردنەوەیەكدا، ئەو زانیارییانەی رەتكردنەوە.
لە لایەكی ترەوە، (ئارێز عەبدوڵڵا) ئەندامی سەركردایەتی و پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، دەربارەی بەدواداچوونی ئەوان بۆ ئەو پرسە، بە نوچەنێتی راگەیاند “ئەو هەواڵە هەڵبەستراوە، هەر هەواڵێكیش كە هەڵببەسترێت و لە زاری كەسێكەوە دەربچێت و نوێنەرانی كورد بە دواداچوونی بۆ بكەن، ئیتر دەبێت نووێنەران هیچ كارێك نەكەن هەر خەریكی بە دواداچوون و وەڵام و وەڵامكاری بن، دواتر ئەوە كارێكە ئەركی من نیە، هەواڵەكە دەڵێت دوو سەركردە، ئەگەر ئەو رۆژانامەیە راست دەكات، با ناوی دوو سەركردەكە بهێنێت و روونی بكاتەوە، با پێش ئەوەی كەسی تر قسە بكات، ئێمە وەك یەكێتیی بەدواداچوون بكەین و هەڵوێستی خۆمان بخەینەڕوو، بەڵام من دڵنیام لەوەی كە جگە لە هەواڵێكی هەڵبەستراو هیچ شتێكی تر نیە، بە پێچەوانەوە، من خۆم دەزانم هەموو ئەو كۆبوونەوانەی كە چ بە تاك و بە كۆ، لە ماوەكانی رابردوو لەگەڵ هەر حیزبێك و سەركردەیەكی عێراقی كرابێت، نەك تەنها مالیكی، هەمیشە لەبەریان پاڕاوینەتەوە كە حكومەتی عێراقی مەسەلەی بودجە و قوتی خەڵك تێكەڵ بە سیاسەت نەكات، چونكە ناكرێت ژیانی خەڵك بە قوربانی ململانێی سیاسی نێوان دوو لایەن بكرێت”.
ئارێز روو دەكاتە پارتی، هۆشدارییان پێدەدات و دەڵێت “هیوادارم لایەنە بەرپرسەكان و خاوەنی ئەو جۆرە رۆژنامانە خۆیان بەدواداچوون بكەن، بۆچی وا بكەن كە هەواڵێكی هەڵبەستراو ببێتە هۆی كاریگەری دانان و تێكچوونی پەیوەندی نێوان دوو حیزبی هاوپەیمان، لە بارودۆخێكی نالەباردا، یان بۆچی وا بكەن كە لایەنەكانی تریش پەنا بۆ ئەو شێوازە ململانێ ناڕەوایە ببەن، چونكە ئێستا كوردستان لە دۆخێكی نا لەباردایە و كێشەی لەگەڵ عێراق هەیە و هەروەها شەڕی داعشیش ییەخەی پێگرتووین، ئەمە وا دەكات كە نەتوانین كێشەكانكانمان بە عێراق چارەسەر بكەین و نە شتوانین رووبەڕووی داعش ببینەوە، بە پێچەوانەوە دەبێت زیاتر هەماهەنگی و لێكتر تێگەیشتنمان هەبێت بۆ چارەكردنی كێشەكان”، وتیشی “بێگومان مەكتەبی سیاسی بەدواداچوون دەكات، چونكە ئەوە ئەركی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە كە بە دواداچوون بكات، ئێمەیش وەك پەرلەمانتاران بەدواداچوون دەكەین، بەڵام لە ئێستاوە دەزانین كە ئەوە هەواڵێكی بێبنەمایە. چونكە دەزانین مەكتەبی سیاسی بەدواداچوونی كردووە ئینجا ئەو وەڵامەی داوەتەوە، خۆ لە خۆڕا ئەو وەڵامەی نەداوتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com