پەڕلەمانتارێکی کورد لەمەککەوە دوعا بۆ دەوڵەتی کوردی دەکات” تەنها چارەسەر دابەشکردنی عێراقە”
نوچەنێت
پەڕلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی لەپەڕلەمانی عێراق، لەشاری مەککەوە دوعا بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی دەکات، رایدەگەیەنێت، چارەسەری کێشەکانی عێراق کاتین و تەنها چارەسەر دابەشکردنی ئەو وڵاتەیە.
ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی، لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت لەمەڕ چارەسەری کێشەکانی عێراق دەڵێت”عێراق کۆمەڵێک کێشەی هەیە، چارەسەرکردنی ریشەیی مەحاڵە، راستە هەوڵ هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام کێشەکانی عێراق کۆتاییان پێ نایەت”.
ئەو پەڕلەمانتارەی کورد، لەپەڕلەمانی عێراق، هەر لەولێدوانەدا پێی وایە”چارەسەر بۆ کێشەکان ئەگەر دروستیش بن، چارەسەری کاتین، بۆیە عێراق کەلەچەند پارچەیەکی بەزۆر بەیەکەوە لکێنراو پێکهاتبێ، ئارەزومەندانە لەیەک جیابکرێتەوە زۆر بێ زیانتر دەبێت”، چونکە بەڕای ئەو ” دابەشبوونی عێراق تەنها پەیوەستە بەکاتەوە، تەنها چارەسەری کێشەکانی عێراقیش دابەشکردنی ئەو وڵاتەیە”.
ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق، کەلەهەمانکاتدا یەکێک لەسەرکردەکانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانە و لەشاری مەککەوە قسەی بۆ نوچەنێت دەکرد، وتیشی” لێرەوە دوعای سەرەکیم ئەوەیە، کە دەڵێم، خودایە، کورد بکەی بەخاوەنی دەوڵەتی خۆی”.