سەربازە هەڵاتووەكانی عێراق باسی دۆزەخەكەی سەقڵاویە دەكەن
نوچەنێت-ئاژانسەكان
سەقڵاویە تەنیا 50 كیلۆمەتر لە بەغداوە دوورە، لە بنكەیەكی سەربازی ئەو شارۆچكەیەدا 400 سەرباز هەبوون. داعش گەمارۆی ئەو سەربازانەی دا و ئەوانیش داوای هاریكارییان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار و فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كرد فریایان بكەوون. دوای ئەوەی داعش هێرشی كردە سەریان كوشتارێكی ئەوتۆیان بەسەرهێنان كە تەنیا چواریەكیان بە زیندوویی رزگاریان بوو. بەڵام وەك سەربازەكان باسی دەكەن، كوشتارەكە هەر سەربازگەی سەقڵاویەی نەگرتۆتەوە، بەڵكو بنكەكانی هاوسێیان و ئەوانەشی كردۆتە ئامانج كە ویستبوویان فریایان بكەوون.
ئەفسەرێك كە بەهۆە هەستیار بابەتەكەوە نەیویستوە ناوی ئاشكرا بكرێت وتویەتی “ئەم شكستە، هەڵەی سەربازەكان نییە، بەڵكو هی فەرماندە سەربازییەكانە”.
ئەو دەڵێت داعش چەند رۆژێك بەر لە پەلامارەكە دەستیان بەسەر بنكەی سەجەری نزیك فەللوجەدا گرت ئەمەش بواری پێدان بنكەی سەقڵاویە گەمارۆ بدەن.
ئەو ئەفسەرە كە لە بنكەی سەقڵاویەوە بەرەو بنكەیەكی نزیك هەڵاتبوو دەڵێت “پیتاك و خواردنمان لێ بڕابوو. هەموو جارێك پەیوەندیمان بە فەرماندە سەربازییەكانەوە دەكرد تا بەهانامانەوە بێن و ئەوانیش دەیانوت بەمزوانە بە كۆپتەر هاریكاریتان رەوان دەكەین. كەچی هیچ نەگەیشت”. ئەو لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت “ئاوی سوێرمان دەخواردەوە و تەنها دۆشاوی تەماتە هەبوو بیخۆین”.
رۆژی چوارشەممە توندڕەوەكانی داعش ئوتومبیلێكی هەمەری پڕ لە تەقینەوەیان رەوانەی بنكەكە كردبوو. كەچی پاسەوانەكان وایان زانیبوو ئوتومبیلی سوپای عێراقە و بۆلایان دێت.
ئەفسەرەكە دەڵێت “كاتێك ئەو هەمەرە تەقییەوە، شڵەژانی زۆری لەناو سەربازەكان دروستكرد و لەو نێوەندەدا چەكدارانی داعش خۆیان كرد بە بنكەكەدا، ئێستا زۆرینەی بنكەكە لەژێر دەستی داعشدایە و ئەو یەكە بچووكەش كە لەوێ ماونەتەوە لەلایەن داعشەوە گەمارۆ دراوون”.
ئەو ئەفسەرە كە بەرەو بنكەی سەربازی تاریق هەڵاتبوو باس لە دیمەنەكانی سەر رێگاكە دەكات “هەمەرەكانی سوپا گڕیان لێ بەرز دەبوەوە و لاشەی سوتاوی سەربازەكان لەسەر شەقامەكان كەوتبوون”.
سەربازێكی دیكەش كە لە كوشتارەكەی سەقڵاویە رزگار بووە قسەی بۆ تەلەفزیۆنی عێراقییە كردووە و ڤیدیۆكەی بە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بڵاوبۆتەوە.
سەربازەكە دەڵێت “بە سێ ئوتومبیلی گواستنەوە و دوو تانكەر سوتەمەنییەوە رومان كردە بنكەی سەجەر، كە تەماشا دەكەین لەوێش داعش لە بۆسەدان بۆمان”. ئەو دەشڵێت “موشەكێكیان پێمانەوە نا و لەوێشدا ژمارەیەكمان لێكوژرا و ژمارەیەكیش خۆمان كرد بەناو قامیشەلان بێستانەكانی ناوچەكەدا و رامان كرد”. وەك ئەو باسی دەكات تەنیا ژمارەیەكی كەم توانیویانە هەڵبێن.
وەك دەگێڕێتەوە لاشەی سەربازە كوژراوەكانی سەقڵاویە و سەجەر بەسەر رێگای ناوچەكەدا پەرش و بڵاوببوون.
رۆژی یەكشەممە سوپا هێزێكی نارد تا بە هانای بنكەكانی سەقڵاویە و سەجەرەوە بچێت، بەڵام ئەوانیش كەوتنە ناو بۆسەی داعش و وەك ئەفسەرێك بە رۆیتەرزی وتووە لەوێدا ژمارەیەكی زۆری سەرباز كوژران و ژمارەیەكی تر دەستگیر كران و تەنها كەمینەیەك توانیان هەڵبێن.
دواتر وەزارەتی بەرگری عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و ئاشكرای كرد پەیوەندییان لەگەڵ سەربازانی سەقڵاویە و سەجەر پچڕاوە.