پزیشكان و خوێندكارانی پزیشكی هەڕەشەی مانگرتن دەكەن

0

pzishkiپزیشكان و خوێندكارانی پزیشكی هەڕەشەی مانگرتن دەكەن

نوچەنێت-سلێمانی

لە بەیاننامەیەكدا خوێندكارانی كۆلێژە پزیشكیەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك داوا لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن كۆلێژی پزیشكی گشتی لە زانكۆی كوردستان دابخەن، بەپێچەوانەوە ئەوان و سەرجەم پزیشكانیش مانگرتن رادەگەیەنن

ئەمەش دەقی بەیاننامەكەیە:

 

بۆ

1- بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی

2- بەڕێز وەزیری تەندروستی

3- بەڕێزان سەرۆكی زانكۆی هەولێری پزیشكی و زانكۆی سلێمانی و زانكۆی دهۆك

4- بۆگشت لایەنە پەیوەندیدارەكان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان

بابەت/ كردنەوەی كۆلیژی پزیشكی لەزانكۆی كوردستان-هەولێر

دوای ڕێزوسڵاومان , ئێمە وەك نوێنەری قوتابیان و خوێندكارانی هەموو قۆناغەكانی كۆلیژ و سكوڵە پزیشكیە گشتیەكانی زانكۆی هەولێری پزیشكی و زانكۆی سلێمانی و زانكۆی دهۆك , داواكاریمان دەگەیەنینە بەڕێزتان , بەهاریكاری و پشتگیری ئێمە و بەداخستنی بەپەلەی كۆلیژی پزیشكی گشتی تایبەت لەزانكۆی كوردستان-هەولێر .

بەڕێزانهەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە زانكۆی كوردستان-هەولێر لەساڵی (2006)ەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەك زانكۆیەكی حكومی مامەڵەی لەگەڵ كراوە و هەر حكومەتیش پشتگیری دارایی و تێچووی قوتابی و خوێندكاری كردووە و خوێندن بەخۆڕایی بووە لەم زانكۆیە هەر وەكو خۆشیان وایان ڕاگەیاندووە, لەبەرامبەر ئەوەی وەرگرتن و پڕۆگرامی خوێندن نزیك بێ لە زانكۆ و كۆلیژە حكومیەكان , بەڵام لەئێستادا ئەم زانكۆیە هەستاوە بەكردنەوەی كۆلیژی پزیشكی گشتی تایبەت بەپارە , كە تەواوی پڕۆگرامی وەرگرتن و خوێندنی قوتابی و خوێندكار لەم كۆلیژە تازەیە زۆر جیاواز و دوورە لە زانكۆ و كۆلیژ و سكوڵە پزیشكیە گشتیە حكومیەكان.

بۆیە ئێمە داواكارین بەزووترین كات ئەم كۆلیژە پزیشكیە گشتی یە تایبەتە بەهاوكاری و پشتگیری ئێوە بەزووترین كات دابخرێت, وە لەدیارترین هۆكارەكانیش ئەمانەی خوارەوەن:-

1- ئەم كۆلیژە تایبەتە قوتابی و خوێندكار بەكۆنمرەی زۆر كەمتر وەردەگرێت لەو كۆنمرەی كە كۆلیژ و سكوڵە پزیشكیە گشتیەكانی زانكۆی حكومی لێی وەردەگیرێت بەرامبەر بەپارەیەكی یەكجار زۆری ساڵانە, ئەمەش خوێندنی پزیشكی بەبازرگانی دەكرێ و پارە دەبێتە مەرج بۆ خوێندن نەوەك ئاستی قوتابی و خوێندكار ,بۆیە كەسانێكی زۆر لە دكتۆر و نەخۆش زەرەرمەند دەبن لە داهاتوودا و ژیانی زۆر كەس دەكەوێتە مەترسیەوە.

2- لەم كۆلیژەدا قوتابی و خوێندكار بە (5) ساڵ خوێندن و ساڵێك فۆڵۆشیپ دەبنەخاوەن بڕوانامەی ماستەر و بەدووساڵی تریش دەبنە خاوەن بڕوانامەی دكتۆرا , كە بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە كاتێكی یەكجار زۆرتری دەوێت لە كۆلیژ و سكوڵە پزیشكیە گشتیەكانی زانكۆی حكومی ,كە بەشێوەیەكی ئاسایی پێویستی بەزیاتر لە (8-9) ساڵی خزمەتی پزیشكی و خوێندن هەیە لە دوای تەواو كردنی كۆلیژ ,واتە جگە لە (6)ساڵی خوێندن لە كۆلیژ.

3- وە بەپشت بەستن بەیاسای زانكۆ تایبەتیەكان كە لەپەرلەمانی كوردستان بە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2013 دەرچووە , لە مادەی(5) , بڕگەی (6) لەخاڵی (3)دا هاتووە سەبارەت بەكردنەوەی كۆلیژە پزیشكیەكان و دەڵێت: “مەرجە لەكاتی كردنەوەی كۆلیژەكانی كۆمەڵە پزیشكیەكان كە كورتكراونەتەوە سەر پزیشكی ددان و دەرمانسازی و پەرستیاریی ڕەچاوی ستاندەرە جیهانیەكان بكرێت و كارمەند و پێداویستەكانی دابین بكرێن” , بە پێی ئەم دەقە یاسایە بێت , ناوی “كۆلیژی پزیشكی گشتی” نەهێنراوە و ڕێگە بەكردنەوەی نەدراوە , ئەمە جگە لەوەی كە گومانیشمان هەیە بتوانن پێداویستی و تاقیگەی تەواو دابین بكەن بۆیان , بۆیە كردنەوەی ئەم كۆلیژە نایاساییەو ڕێگەپێنەدراوە.

بۆیە لەكۆتایی دا دووبارە داواكارین ئەم كۆلیژە پزیشكیە گشتیە تایبەتە دابخرێت لەزووترین كاتدا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و چاوەڕوانی وەڵام و هەڵوێستانین , بەڵام لەكاتی جێ‌بەجێ‌ نەكردنی داواكاریەكەمان و وەڵام نەدانەوەمان , ئێمە وەك قوتابیان و خوێندكارانی هەرسێ كۆلیژ و سكوڵە پزیشكیە گشتیەكەی هەولێر و سلێمانی و دهۆك , بەپاڵپشتی زۆربەی پزیشكە خولاو و نیشتەجێ و پسپۆڕەكان , مان دەگرین و ناچینە هۆڵەكانی خوێندن و دەست هەڵدەگرین لە دەوامی نەخۆشخانەكان.

نوێنەرانی قوتابیان و خوێندكاران:-

نوێنەرایەتی گشتی كۆلێژی پزیشكی / زانكۆی هەولێری پزیشكی

نوێنەرایەتی گشتی سكوڵی پزیشكی / زانكۆی سلێمانی

نوێنەرایەتی گشتی كۆلێژی پزیشكی / زانكۆی دهۆك
22/9/2014

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com