پارتی بۆ یەکێتی : ناکرێ یەکێتی و پارتی بە ئامادەبوونی سەرۆک بڕیار بدەین، دواتر سەرکردایەتی یەکێتی دژ بەبڕیارەکانی کۆبونەوەکە لێدوان بدەن

0

پدکپارتی بۆ یەکێتی : ناکرێ یەکێتی و پارتی بە ئامادەبوونی سەرۆک بڕیار بدەین، دواتر سەرکردایەتی یەکێتی دژ بەبڕیارەکانی کۆبونەوەکە لێدوان بدەن

نوچەنێت

سەرچاوەیەک لەپارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، سیاسەتەکانی یەکێتی نەک کێشە بۆ حزبەکە خۆی دروست دەکەن، بەڵکو سەرئێشەش بۆ کوردستان دەهێنن، دەشڵێت ئەو دەنگۆیەی کە یەکێتی بڵاوی دەکردەوەو دەیوت تەوقی پارتیمان کردووە، ئەنجام دەردەکەوێت کێ تەوقی کێی کردووە.

ماوەیەکە گرژییەک لەنێوان پارتی و یەکێتی هەستپێکراوە، بەپێی راگەیاندنەکانیش مەکتەبی سیاسی یەکێتی، داوایەکی پارتی رەتکردۆتەوە بۆ کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی هەردوو حزب، بەڵام سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، داوای لەبارزانی کردبوو، بەفریای پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بکەوێت و پەیوەندییەکان ئاسایی بکاتەوە، بەپێی قسەی سەعدی ئەحمەد پیرە، تەنها بارزانی ئەتوانێ ئەوە بکات.

سەرچاوەیەک لەپارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ نوچەنێت،رەتکردەوە یەکێتی داوای پارتی رەتکردبێتەوە بۆ کۆبونەوە، هۆکاری گرژییەکانی نێوان ئەو دوو حزبەشی بۆ”دەستگرتن بەبەرژەوەندی گشتی کوردستان و دەستگرتن بەبەرژەوەندی حزبییەوە” گێڕایەوەو لەلێدوانێکدا وتی”پارتی بەتوندی دەستی بەبەرژەوەندییە گشتییەکانی کوردستانەوە گرتووە، بەشاهیدی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تا ئەوپەڕی نەرمی نەرمی نواندووە، بەڵام یەکێتی بەپێچەوانەوە لەپێناو دەستگرتن بەبەرژەوەندی حزبییەوە تا دێ دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات”، ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت”پارتی زۆر شتی قبوڵکرد، لەپێناو راگرتنی دڵی یەکێتی و رەچاوکردنی دۆخی ئاڵۆزی ناو ریزەکانی ئەو حزبە، هەر لەپێدانی بەشە پۆستەکانی خۆیەوە بەیەکێتی، تا گرنگی نەدان بەلایەنە سیاسیەکانی تری کوردستان، بەڵام یەکێتی پێی وابوو ئەوەی پارتی دەیکات، نەزانی سیاسەتە، نەک رەچاوکردنی دۆخی یەکێتی، ئەو ئامادەییەی پارتی ئیستغلالکردبوو، ئاخر لەکوێی هەیە، هاوپەیمانی ستراتیژیت لەگەڵ حزبێک هەبێ، نیوە زیاتری ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە، لەراگەیاندنەوە مانشێت لەدژی حزبەکەی تۆ بخە نەبازاڕەوە؟”.

سەرچاوەکەی نوچەنێت لەبارەی نزیکی پەکەکە و یەکێتی ئەوەشی وت کە”ئەوەی دەوترێ نزیکی نییە، بەڵکو بەکارهێنانی کارتی فشار و پێشاندانی عەرزی عەزەڵاتە، بەڵام بەچ قیمەتێک، بە قیمەتی لێدان لەبەرژەوەندی گشتی کوردستان، بێ بیرکردنەوە لەوەی رەنگە ئەم نزیکبونەوەیە لەپەکەکە کار بکاتە سەر روانینی جیهان لەهاوپەیمانی پێشمەرگەشدا، کە دەزانین بەبێ هاوکاری وڵاتانی دونیا، ئاسان نییە جەنگی رێکخراوێکی تیرۆرستی نێودەوڵەتی بکرێت، ئێمە سوپاسی هەر هێزێکی کوردی دەکەین کە لەسەر گۆڕەپانی کوردستان هاوکاری و هاوئاهەنگی باشوری کوردستان بکات، بەڵام ئەوەی یەکێتی دەیکات رەنگە دیسان سودوەرگرتن بێ لەئامادەیی پەکەکە بۆ هاوکاری هەرێمی کوردستان، یان بۆی هەیە پاڵنەری تر هەبن لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆیان، یەکێتی لەرێگای راگەیاندنەکانی خۆیانەوە ئەوەیان دەخستە بازاڕەوە، کە یەکێتی و هاوپەیمانەکانی تەوقی پارتیان کردووە لەناوچەیەک، یانی پەکەکە لەبادینان و یەکێتی لەکەرکوک و سلێمانییەوە، پارتیان خستۆتە نێوان بەرداشێک، ئەم قسەیە زیاتر لە خوێندنەوەیەکی مناڵانە دەچوو، بەڵام ئەوە ئەو پەڕی بڕوای هەندێ سەرکردەی یەکێتی ە، من دەڵێم ئەنجام دەردەکەوێت کێ تەوقی کێ دەکات، پارتی بەنیوەی ئەو نەرمی نواندنەی بەرانبەر یەکێتی دەیکرد، بەرانبەر لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستان کردویەتی، لەرێیەوە یەک دەنگی کوردی مسۆگەر کردووە”.

هەمان سەرچاوە ئەوەشی وت”ئێمە خوازیارین پەیوەندی هێزە کوردستانییەکان پەیوەندییەکی ئاسایی بێت، هەموو پێکەوە لەخزمەتی دۆزی رەوای میللەتەکەماندا بین، ناوچەکە بەدۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، یەکگرتوو نەبین رەنگە زیانی گەورە بکەین، بەڵام یاریکردن بەپرسە گشتییەکان لەپێناو بەرژەوەندی تەسکی حزبی هێڵی سورە،

سیاسەتەکانی یەکێتی نەک کێشە بۆ حزبەکە خۆی دروست دەکەن، بەڵکو سەرئێشەش بۆ کوردستان دەهێنن، بەهیوام بەخۆیاندا بچنەوە، سنورێک بۆ ئەو سەرکردانەی خۆیان دابنێن، کە رێز لەهیچ پرەنسیپێکی حزبی حزبەکەی خۆشیان ناگرن، من دڵنیام هەتا ئەو دۆخەی ناوخۆییان چار نەکەن، هیچ هێزێک ناتوانێ لەگەڵ یەکێتی نزیک بێ، چونکە هەر هێزێک بیەوێ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی بکات، خۆ ناکرێ لەگەڵ یەکە یەکەی سەرکردایەتی ئەو حزبە کۆبێتەوە،و یەک یەک رازییان بکات”.

بۆ وەڵامی داواکەی سەعدی پیرەش لەبارزانی، سەرچاوەکەی نوچەنێت دەڵێت”ئەو داوای لەجەنابی سەرۆک کردووە، دڵنیام سەرۆک پەرۆشی یەکڕیزی کوردە، لەو بارەوە کەمتەرخەمی ناکات، بەڵام ناکرێ هەردوو مەکتەبی سیاسی بە ئامادەبوونی جەنابی سەرۆک کۆببنەوە، بڕیار بدەن، دواتر ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە دژ بەبڕیارەکانی کۆبونەوەکە لێدوان بدەن و موزایەدە بکەن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com