لەبارەی مەلا كرێكارەوە بزووتنەوەی ئیسلامی هیچ بەرپرسیارێتییەك هەڵناگرێت
نوچە: هەولێر
وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ چارەسەری كێشەی مەلا كرێكار و تێكڕای ئەو كەسانەن كە كە “لە هەرێم تۆراون”، بەڵام وەك ئەو وتی، ئەوان لە بارەی مەلا كرێكارەوە، هیچ بەرپرسیارێتییەك هەڵناگرن.
دكتۆر عەبدوڵڵا وەرتێ وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان، لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ نوچەنێت كە لە ماوەكانی داهاتوو بڵاو دەكرێتەوە، رایگەیاند، ئەوان وەك بزووتنەوەی ئیسلامی، هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ چارەسەر كردنی كێشەی مەلا كرێكار بوون، بەڵام هەوڵەكان بێسوود بوون، وتەبێژی بزووتنەوەی وتی “ئێمە لەسەرەتاوە رامانگەیاندووە، كە مامۆستا كرێكار كەسایەتییەكی ئیسلامییە لە كوردستان، ئێستا كە لە زیندانە لە وڵاتی نەرویج، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان هەوڵ بدەن كە بگەڕێتەوە و دووبارە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی خۆی درێژە پێبداتەوە و چیتر لە هەندەران لە زیندان نەمێنێتەوە، مافی خۆیەتی وەك هاوڵاتییەك هەموو لایەك بەرگری لێبكات، زۆریش هەوڵ دراوە بۆ گەڕانەوەی، بەڵام هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون”.
وتەبێژەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی دەربارەی مەلا كرێكار زیاتر دواو و وتی “مامۆستا كرێكار هیچ پەیوەندییەكی بەو گروپە ئیسلامیانەوە نەماوە و ئیسیقالەی كردووە لە جەماعەتی ئەنسارولئیسلام ئێستا لە سجنە و هیچ تەوەجوهێكی نیە وەك جیهەتێكی فەرمی یان سەرپەرشتی تەوەجوهێكی فەرمی بكات لە كوردستان، ئێستا وەك كەسایەتییەكە، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستان ئاشبوونەوەیەكی گشتی رابگەیەنێت، بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە بە جۆرێك لە جۆرەكان تۆراون لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو وڵاتی خۆیان و درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆی بداتەوە، هیچ شتێكیش مەحاڵ نیە و دەكرێت لە رێی گفتوگۆوە هەموو شتەكان چارەسەر بكرێن”.
وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی، باسی ئەوەیشی كرد، كە هەر چەندە لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەی مەلا كرێكاردان، بەڵام ئەوان هیچ بەرپرسیارێتییەك لەو رووەوە هەڵناگرن، چونكە وەك ئەو وتی “مامۆستا كرێكار ئەندامێك نیە لە ریزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی، بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامی ناتوانێت هیچ بەرپرسیارێتییەك لە بارەی مامۆستا كرێكارەوە هەڵبگرێت، بەلام وەك ئەوەی كە رۆژێك لە رۆژان مامۆستا كرێكار ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بووە لە بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكێكە لە كەسایەتییە ئیسلامییە دیارەكان لە كوردستان و ناوچەكەیش، بۆیە پێویستە ئەو مەلەفەی بۆ چارەسەر بكرێت”.