” کێشەی د.بەرهەم ئەوەیە د. نەجمەدین بە ئەلتەرناتیفی خۆی دەزانێت”
نوچەنێت
شوان داودی رۆژنامەنوس و بەرپرسی دەزگای هەواڵ لەکەرکوک، کە بەکەسێکی نزیک لە د. نەجمەدین ناسراوە، لەم دیمانەکورتەی نوچەنێت، باسی کێشەکانی ناو یەکێتی دەکات، پێی وایە، د. بەرهەم ساڵح، د. نەجمەدین بەجێگرەوەی خۆی دەزانێت، بۆیە کێشەی لەگەڵی هەیە، دەشڵێت چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا باشترە لەوەی بکەوینە بەرە رەحمەتی تاران و ئەنکەرە.
نوچەنێت: بەشێکی زۆر لەیەکێتی ، بەتایبەت ئەو کادرانەی بە نزیکی دکتۆر بەرهەم ناسراون رەخنەیان لە نەجمەدین کەریم و عادل موراد هەیە، خۆ ئەمەش پارتی نیین تا رەخنەکانیان بەدژایەتی سیاسی ناوببرێ، بەڕای تۆ هۆکار چییە ؟
شوان داودی: سەرەتا بەشێكی زۆر نییە بەڵكو بەشێكی كەمن و پێویستە ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆیان بكرێت كە هۆكارەكەی چییە لە رەخەگرتن لە دكتۆر نەجمەدین هاوهەڵوێستن لەگەڵ پارتی وەك لە پرسیارەكەتدا ئاماژەت پێداوە.
نوچەنێت: ئەنجام ئایندەی دکتۆر بەرهەم ساڵح چۆن دەبینی؟ باس لەوە دەکرێت جیا دەبێتەوە لە یەکێتی، ئەگەر ئەوە روو بدات یەکێتی بەتەواوی لەبەریەک هەڵناوەشێتەوە ؟
شوان داودی: من پێموایە ئەو دۆخەی ئێستا نا بێت تا سەر وا بمێنێتەوە، بۆیە لە ئەنجامدا خۆی بەلایەكدا ساغ دەكاتەوە.. مانەوەی لە ناو یەكێتی لە بەرژەوەندی د. بەرهەم دایە بەر لە بەرژەوەندی یەكێتی.. ئەزموونی كاك نەوشیروان و هاوڕێكانی كە گەورەترین ئینشقاقی ناو یەكێتیە، پێمان دەڵێت هەمیشە یەكێتی ماڵە گەورەیەو زۆر لە لەوە بەهێزترە جیابوونەوە هەڵیبەوەشێنێتەوە.
نوچەنێت: کێشەی دکتۆر نەجمەدین لەگەڵ بەرهەم ساڵح دەوترێ بۆ ئەوکاتە دەگەڕێتەوە کە بەرهەم ساڵح لەنوێنەرایەتی یەکێتی حسابی بۆ پێگەی د، نەجمەدین نەکردووە، ئەویش ئێستا هەوڵی تۆڵەکردنەوە دەدات ؟
شوان داودی: بە تەئكید بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە، بەڵام پێچەوانەی پرسیاره كەت نزیكترە لە راستیەوە، چونكە د. بەرهەم سەنگی دكتۆر نەجمەدین دەزانێت چ لە ئاستی یەكێتی و چ لە عێراق و چ لە ئاستی سیاسەتی ئەمریكا، ئەو هەستیاریەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كاك بەرهەم دكتۆر نەجمەدین بە ئەڵتەرناتیفی خۆی دەزانێت.
نوچەنێت: بەڕای تۆ بۆچی عادل موراد هێندە حەساسە بەپرسی عێراق، و بەهەمووو شێوەیەک دژی سەربەخۆیی کوردستانە ؟
شوان داودی: كاك عادل كەسێكی ئازادی خوازە، دژی سەربەخۆیی كوردستانیش نییەو هەموو تەمەنی لە خەبات لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستاندا بردۆتەسەر، بەڵام ئەو سیاسەت بە عاتیفە ناكات، ئێستاش وا خەریكە هەموومان دەگەینە ئەو قەناعەتەی كاك عادل كە نابێت لەو دۆزە حەساسەدا هەڵپەو پەلە پەل بكرێت و هەروەها دەوڵەت بە دروشم دروست ناكرێت و لە ئێستا مانەوەی كوردستان لەگەڵ عێراقێكی لا مەركەزی و لاواز كە هاوكات خاوەن ئابورییەكی بەهێزو حەسانەی نێودەوڵەتیە، باشترە لەوەی بكەوینە بەر رەحمەتی ئەنەكەرەو تاران و موجازەفە بە دەستكەتەكانی خەباتی گەلەكەمانەوە بكەین و موزایەدەیان بەسەرەوە بكەین.