لیستی خزمەت دەنگ بە گۆڕان دەدات، یەكێتیش دەڵێت لە مەنتقی داواكەمان تێبگەن

0

11111لیستی خزمەت دەنگ بە گۆڕان دەدات، یەكێتیش دەڵێت لە مەنتقی داواكەمان تێبگەن

 

نوچە: سلێمانی

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست نوچەنێت كەوتوون، لیستی خزمەت خۆی یەكلایی كردۆتەوە كە دەنگ بە كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بدەن، بۆ پارێزگاری سلێمانی، یەكێتیش پێیوایە پێویستە لایەنەكان لە مەنتقی داواكەی یەكێتی تێبگەن و بۆ درووستنەبوونی كێشە لە سلێمانی، پێویستە ئەو پۆستەی لای یەكێتی بمێنێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكان، لیستی خزمەت بەر لەوەی پرسی یەكلایی كردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بدەنە دەست حیزبە سیاسییەكان، داوای كردووە كە پۆستی پارێزگار بۆ گۆڕان بێت و سەرۆكی ئەنجومەنیش بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بێت، ئەگەر بەوەیش رازی نەبوون، ئەوا دوو ساڵ بە دوو ساڵ ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوە، بەڵام هیچ كام لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەو داوایە رازی نەبوون، بۆیە ئەو پرسە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یەكلایی نەكرایەوە و درایە دەست لایەنە سیاسییەكان بۆ یەكلایی كردنەوەی.
بە گوێرەی زانیارییەكان لە ئێستا لیستی خزمەت بڕیاری داوە، كە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری سلێمانی، دەنگ بە كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان دەدەن، بەمەیش گۆڕان دەتوانێت گرەوی پۆستی پارێزگار لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بباتەوە.
لە لایەكی ترەوە زانیارییەكان دەری دەخەن، كە بۆ یەكلایی كردنەوەی پۆستی پارێزگار و رازی بوونی یەكێتی بە رێكەوتنی دوو ساڵ بە دووساڵ، ئەو حیزبە بابەتی گۆڕینی (هەڤاڵ ئەبو بەكر) بە كەسێكی دیكەی هێناوەتە پێشەوە، چونكە لەسەرەتای هەڵبژاردنەكانەوە، یەكێتی هێڵی سووری لەسەر داناوە.
لەتیف شێخ عومەر ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی یەكی رێكخستنی سلێمانی، پێشتر لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ نوچەنێت وتی “ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامین لەگەڵ هەموو لیستەكان، دووبارە داوامان كردۆتەوە، كە لیستەكان لە داواكاری و مەنتقی دوای داواكارییەكەی یەكێتی تێبگەن، كە مەبەست و ئامانجی هەرە سەرەكی ئێمە ئەوەیە، كە بەو شێوەیەی راگیراوە، شیرازەی سلێمانی وەك خۆی بمێنێتەوە و ئەو ئارامییەی كە هەیە و پێویستە بۆ پشتیوانی كردن لە هێزی پێشمەرگە و ئیدارەكەی بە یەكێتی كراوە، وەك خۆی بمێنێتەوە و گرفتێكی ئیداری درووست نەبێت لەم كاتەدا، كە ببێتە هۆی درووستكردنی گرفت بۆ پشتیوانی هێزی پێشمەرگە، كە ئێستا لە شەڕدان لەگەڵ داعش، بۆیە ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە داوامان لە لیستەكان كردووە، كە دەنگ بدەن بە كاندیدەكەی ئێمە بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی”، وتیشی “ئێمە چەندین ساڵە ئیدارەی ئەم شارەمان بە دەستەوەیە، جومگە ئەساسییەكان بە دەستی كادیرەكانی ئێمەوەن كە لە حكومەتدان، ئێستا دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەم دۆخە تایبەتەدا كە شەڕ یەخەی بە هەرێمی كوردستان گرتووە، هەموو دەستاودەست كردنێك تا ماوەیەك ناجێگری و شڵەژان درووست بكات لە ئیدارەدا، ئەو ناجێگیرییە لە ئێستادا، لە بەرژەوەندی وڵاتەكەمان و لە بەرژەوەندی خەڵكی سلێمانیدا نیە”.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com