عەمید سەحەد قادر لە بارەی ئەو نامەیەی كە ئاراستەی بارزانی كردووە، بۆ نوچەنيَت دەدوێت

0

3333عەمید سەحەد قادر لە بارەی ئەو نامەیەی كە ئاراستەی بارزانی كردووە، بۆ نوچەنيَت دەدوێت

 

نوچە: هەولێر

عەمید سەرحەد قادر، بەرێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی كەركووك، نامەیەكی كراوەدا، داوا لە مەسعود بارزانی دەكات، رەزامەندی بنێوێنێت كە وەك پێشمەرگەیەك بچێتە رۆژئاوای كوردستان و بەرگری لە كوردی ئەو بەشەی كوردستان بكات، لە لێدوانێكیشدا بۆ نوچە وتی “تا ئێستا وەڵامم نەدراوەتەوە، بەڵام هەركاتێك سەرۆكی هەرێم فەرمان بدات، ئامادەم بچم و شەڕی دوژمنانی كورد بكەم، لە هەر پارچەیەكی كوردستان بێت”.
عەمید سەرحەد قادر لە نامەیەكدا كە بە ناونیشانی “نامەیەكی كراوە لە سەرحەد قادر بۆ بەڕێزان سەرۆكی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە”، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوی كردۆتەوە، ئەو داوایەی ئاراستەی بارزانی كردووە، لە نامە كراوەكەدا هاتووە “من سەرحەد قادر ئامادەیی خۆم دەربڕیوە وەك پێشمەرگەیەك بچمە دەڤەری كوبانی بۆ گەیاندنی ئەركی نیشتیمانیم بۆ بەرگری كردن لە مرۆڤایەتی بەگشتی و شەرف و كەرامەتی كوردستانمان بە تایبەتی، دژی گرۆپێكی بێ ناسنامە، جا چاوەڕێی فەرمانی بەڕێزتانم، وا مێژوو كۆڕەوەكەی ساڵی ١٩٩١ مان بۆ دووبارە دەكاتەوە كە بەسەر كوردانی ئێزیدی و خۆرئاوادا دێتەوە، بۆیە تكایە چەك و هێز ڕەوانە بكەن، مادەم دوژمن یەكن ئەوا كوردستانیانیش یەكن”.
لە لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت، عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی كەركووك، لەبارەی هۆكاری نامەكەیەوە وتی “دوژمنی ئێمە لە هەر كوێیەك بن یەكن، ئەوەی پێیان بكرێت لە دژمان دەیكەن، هەر لە ئەنفالەوە هەتا جینۆساید و قڕكردن و درووستكردنی كۆڕەو، لە ئێستایشدا ئەوەتا لە شەنگال و كوبانێ‌ هەمان شتیان دووبارە كردەوە، رەنگە بەیانی لە شوێنێكی تریش دووبارەی بكەنەوە، بۆیە پێویستە ئێمەی كوردیش هەموومان یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بین، بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە یەكتری بكەین، كورد هەر كوردە، دوژمنەكانیشمان یەكن و هەرجارە و بە ناوێك دەردەكەون و بە ناونیشانێك دەیانەوێت قەتڵوعاممان بكەن، بۆیە پێویستە هەموومان بە یەك دەست و بە یەك دەنگ و بە یەك رەنگ بەرگری لە یەكتر بكەین، جا ئیتر لە هەر كام لە بەشەكانی كوردستان بێت”.
دەربارەی وەڵامی بارزانی بۆ نامە كراوەكەی وتی “تا ئێستا وەڵامی ئەوانم پێنەگەیشتووە، بەڵام هەر كاتێك ئەوان فەرمانم پێبكەن من وەك خۆم وەك سەرحەد قادر، ئامادەم وەك پێشمەرگەیەك بەبێ‌ هیچ بەرپرسیارێتییەك بچم لەگەڵ ئەو برایانەم لە كوبانێ‌ و رۆژئاوای كوردستان بەرگری لەو خەڵكە لێقەوماوانەی خۆمان بكەم، كە هەر كەسێك دەیانبینێت ویژدانی رادەچڵەكێت، كە لە دەست جەماعەتێك رادەكەن، بە داخەوە ئاڵای (لاالەالااللە)یان هەڵگرتووە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com