ئەمریکا: بۆ رێگری لەگەشتنی چەک بە PKK ، بەوردی چاودێری پرۆسەی گەشتنی چەک دەکەین بەکوردستان
نوچەنێت
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، وەک رێگری لەگەشتنی چەک بەپەکەکە، بەوردی چاودێری پرۆسەی رادەستکردنی چەک بەهێزی پێشمەرگە دەکەن، ئاشکراشیکرد، هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر تێڕوانینی ئەمریكا نەهاتووە، بۆ پرسی پەکەکە.
جۆن كێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) ، پێش دەستپێکردنی كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بەداعش، بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، توانا تەکنیکییەکانی داعشیان کەمکردۆتەوە، ئەوەشی خستەڕوو کە هێزە عێراقییەکان، پلانی ئازادکردنی ئەو ناوچەیان لەبەردەستە، کە داعش دەستی بەسەرداگرتوون، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگەو ئەمریکا دەکەن.
کێربی رەتیکردەوە قسە لەسەر بەکارهێنانی بنکەی ئەنچەرلیک بکات بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بەداعش، تەنها ئەوەندەی وت، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ تورکیا قسەیانکردووە، لەمەڕ ئەو بنکە سەربازییەی ئەمریکاش کە لەهەولێردامەزراوە، و بە قسەی کێربی، ناوەندێکی هاوبەشی سەربازییە، ئاشکراشیکرد”هەندێك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و چەكی یەدەگمان لەوێ داناوە” چونکە وەک ئەو دەڵێت”هەولێر گرنگە و نزیكە لەو ناوچەیەی باكووری عێراق كە کەوتۆتە دەستی داعش”.
وتەبێژی پنتاگۆن ئەوەشی خستەڕوو، کە لەبارەی نیگەرانییەکانی، تورکیا لەگەشتنی ئەو چەکانەی وڵاتان بۆ کوردستانی دەنێرن بە پەکەکە، قسەیان لەگەڵ تورکیاوە،”رێكاری پێویست دەگرینەبەر، بە باشترین شێوە چاودێری ئەو پڕۆسەی رادەستكردنە دەكەین”.
دەشڵێت”ئەمریكا هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ یەپەگە نییە لە سووریا، هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر تێڕوانینی ئەمریكا نەهاتووە بۆ پرسی پەکەکە”.