كۆسرەت رەسوڵ: رێككەوتنی ستراتیژی یەكێتی و پارتی كاڵبۆتەوە

0

nuche (51)كۆسرەت رەسوڵ: رێككەوتنی ستراتیژی یەكێتی و پارتی كاڵبۆتەوە

 

نوچە: هەولێر

كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند، رێكەوتنی ستراتیژی نێوان حیزبەكەی و پارتی كاڵبۆتەوە، بەڵام وەك ئەو وتی، هەوڵ دەدەن تا خاڵە لاوازەكان و ناكۆكییەكان نەهێڵن، دەربارەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیش وتی “دەبێت خۆمان درووست بكەینەوە، نەك هێزێكی تر درووست بكەین”.
كۆسرەت رەسوڵ عەلی كە هاوكات جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشە، لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ ئاژانسی فورات نیوزی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هەڵوستە لەسەر هەندێك پرسی گرنگ دەكات، دەربارەی رێكەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی دەڵێت “لەپێناو ئەوەدابوو كە ئێمە وەك كوردی عێراق شەڕێكی زۆری یەكتریمان كرد بۆ ئەوەی جارێكیتر شەێ دووبارە نەبێتەوە، ھەر لایەكمان چوارچێوەیەكمان كردەوە لەپێناو چوارچێوەی ئەزموونی رێكەوتنی ستیراتیژی و كاریگەری باشیشی ھەبوو، ئەگەر ئەو رێكەوتنە نەبوایە لە دەستوری عێراقدا ئەو كات داواكارییەكانی جێگیر نەدەبوو و كورد لەو كاتەدا لە (٢٠٠٣) زۆر لە ئێستا بەھێزتر بوو. رێكەوتنەكە لەنێوان دوو ھێزی گەورە بوو، بەڵام ئێستا وردە وردە كاڵبووەتەوە، لەئێستاشدا دەبێ دابنیشینەوە و خاڵە لاوازە بەھێز و ناكۆكییەكان نەھێڵین و ھەوڵێكی واش ھەیە”.
جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، دەربارەی كێشە ناوخۆییەكانی حیزبەكەی دەڵێت “بێگومان ھەموو حزبێك كێشەی ھەیە، زیادەرەوی تیایدا كراوە بەڵام ناشڵێم بێ كێشەیە لێرە ھەیە لە ئەوروپا ھەیە، یەكێتی لەمێژووی خۆیدا و كاتێك دامەزراوە لە سەر ئەساسی “گروپ و تەیارات” دامەزراوە، بەڵام خۆمان دەبێ لە ھەموو كەس زیاتر پەرۆشی یەكێتیمان بێ، لەبەر ئەوەی كە ھێزێكی پێ شانازی و نوێیە و لە ماوەیەكی كەم توانیویەتی وا بەرفراوان بێ و بەھۆی ئەوەی سیاسەتێكی راستی ھەبووە پشمەرگەكانی ئازان و تێكۆشەرەكانی دڵسۆز بوون، بەڵام كە ئێستا سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی رێكنەكەون ھەڵە دەكەن، بۆیە دەبێ خۆمان دروست بكەینەوە نەك ھێزێكی تر دروست بكەین یان بەلایەكی تردا بچین و كاتی كۆنگرەش دیاری نەكراوە”.
دەربارەی كارەساتی شەنگالیش دەڵێت “بەرای من كارەساتی شەنگال زۆر ناخۆش بوو كە لە ھەڵەبجە گەورەتر نەبووبێ كەمتر نەبووە، بەداخەوە كە ئەو خەڵكە وای بەسەر ھات و دەبوو ئێمە زووتر خۆمان ئامادە بكردایە و خوێندنەوەمان بۆ ئەوەھەبووایە كە دژی كەمیینەن دژی دینەكانن دژی مرۆڤایەتین، دەبوو ھەوڵمان بدایە كە ئەوە رووی نەدابووایە كە روویدا ئێستا دەتوانیین پیلانی ئازادكردن دابرێژین و بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان”.
كۆسرەت رەسوڵ رەخنە لە لایەنەكانی كوردی باشوور دەگرێت، كە لە بەرانبەر هێرشەكانی داعش بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان لە ماوەی دوو ساڵدا بێدەنگیان هەڵبژاردووە، پێیشیوایە هۆكاری بە دەوڵەتنەبوونی كورد تا ئێستا، بۆ پەرتەوازەیی و نەبوونی یەكڕیزی كورد دەگەڕێتەوە، لەو بارەوە دەڵێت “بەرای من بۆیە كورد نەبووەتە خاوەنی دەستكەوت بەھۆی ئەوەی كە یەك ھەڵوێست نیە، دەبێ ئێستا سی ملیۆن كەس بی و دەوڵەتت نەبێ؟، ھەر نییە لە دنیادا، ھەر دەبوو ئەگەر بە خۆپیشاندانیش بووایە شتێكمان ھەبوایە، بەھۆی ئەوەی یەكدەنگ نیین و ھەر لایەنەو بە دڵی خۆی رێككەوتن دەكات ئەمانە زۆر خراپن، پرسی كورد یەك پرسە، پرسی باكور، باشور، رۆژھەڵات و رۆژئاوا ھەمووی یەك پرسن و ھەمووان یەك میللەتین كە بەزۆر دابەشكراوین بەسەر چوارپارچە و ئەوانەی لە شەڕی جیھانی یەكەم لەبەرەیەكدابوون كوردستانیان بەم دۆخە برد و ئەو شەڕەی كە ئێستا روویدا ئەوەی باش بوو كە ھەموو ھێزەكان پێشمەرگەی یەكێتی و پارتی، پەكەكە، كۆمەڵە و دیموكرات ھەمووان لەبەرەیەكدابووین كە شتێكی زۆر باشە كە ئەوانە كوردبوون و بەناوی كوردەوە دەیانكرد و ئەوە زۆر گرنگە”.
دەربارەی پێویستی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیش دەڵێت “پێویستە یەكێتی رێزەكانی كورد دروست ببێ و كورد یەك ریز بێ و یەكتر قبوڵ بكەین باشترە لەوەی بۆ دوژمنەكانمان خۆ بەكوشت بدەین و لە ئێستاشدا كورد لە ھەموو كاتێك زیاتر لە یەك نزیكە و ئەو كۆنگرەیە پێویستە بكرێ و دابنیشین لەسەر داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان رێكبكەوین”.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com