گەر ئیسلامییەکان بیانەوێت لە سبەینێی مەیدانی سیاسەتی کوردستاندا جێگەیەکیان هەبێت، دەبێت ئاڵوگۆرێکی ریشەیی بەسەر هەڵوێستەکانیاندا بهێنن
هەورامان عەلی
لەبەرانبەر داعش هەلوێستی ئیسلامیەکان زۆر نێگەتیف بوو، بەبروای من هەر دەبوو وابێت ! ئەوان ناتوانن دژی ستراتیژی ” داعش ” بن ! دەکرێ لە روی تاکتیکیەوە، بە لێکدانەوەی هاوسەنگی هێز و خوێندنەوەی سیاسەتی نێو دەولەتی و هەرێمایەتی، هەنگاوەکانی ” دەولەتی ئیسلامی ” بە توندرەو ناواقعی بزانن، بەڵام ناوەرۆکی خواست و پلاتفۆرمی سیاسی – کۆمەلایەتی و فکری داعش، هەمان سەرەتا و ئایدیۆلۆژیە، کە تان و پۆی سیاسەت و بەرنامەی ئەمانی لەسەر بنیات نراوە!
ئیسلامیەکانی کوردستان ناتوانن هەڵوێستێکی نیشتمانی و پێچەوانەیان لەسەر کردەوەکانی داعش هەبێت، چونکە لە بنەرەتەوە گەر رۆژێك دەسەڵاتبگرنە دەست، دەبێت هەمان کار و کردەوەی داعش جێبەجێ بکەن! ماوەیەکی زۆری ویست تا ئیسلامیەکان لێرە و لەوێ شەرمۆکانە قسەیەکی لاوەکی لەسەر تاوانەکانی داعش بکەن، ئەوان گەر لەژێر گوشاری توندی شەقامی کوردیدا نەبونایە ، ئەو پرتەو بۆلەیەشیان نەدەکرد!
خۆ تاوانەکانی داعش تەنیا لەم چەند رۆژەی رابردودا ئەنجام نەدراون، بەڵکە دوساڵ زیاترە لە خۆرئاوای کوردستان، داعش تاوان لەسەر تاوان لەدژی خەلکی ئەوێ ئەنجامی دەدات، پێش جینۆسایدی شەنگار، لە کۆبانی جینۆسایدیان دەسپێکرد. ئیسلامیەکانی کوردستان نەك دژی نەبون، بەڵکە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پشتیوانی بەرەی نوسرە و منداڵە شەرعیەکەی ” داعش” یاندەکرد! زۆر سادەیە، هەلوێستی ئیسلامیەکان، هەلوێستێکی ئایدۆلۆژیانەیە تا هەلوێستێکی نیشتمانی و نەتەوەیی، ئەوان ئامادەبون بۆ وەلانانی مورسی، بۆ کوشتاری غەزە، بۆ شکاندنی کێلی قەبری موسولمانی ئەوروپا، بۆ موسوڵمانەکانی بۆرما و ……. خۆپیشاندان وەرێ بخەن، کەمپینی جۆراوجۆر سازبکەن، لە تۆرەکۆمەلایەتیەکانی فەیسبوک و تویتەر هەڵمەتێکی راگەیاندنی گەورە بەرپاکەن، بەڵام لەبەرامبەر تاوانەکانی داعش دا، لەبەرامبەر کوشتار و راوەدونانی، مەسیحیەکانی موسڵ، لەبەرامبەر جینۆسایدی ئێزیدی، کاکەیی و شەبەکەکاندا خۆیانکردوە بە ” کەرەی شەربەت”!
نەك هەر ئەوە، بەڵکە بەشێوازی جۆراوجۆر کەوتونەتە دژایەتی کردنی ئەو کەسایەتی و رۆشنبیرانەی، کەمپینی جۆراوجۆر بۆ پشتیوانی ئێزیدیەکان وەرێدەخەن! پێم وایە روداوەکانی سالی رابردو لە هەر بەڵگە هێنانەوەیەك زیاتر ماهیەتی سیاسی ئیسلامیەکان و جێگەو رێگەیان لە خەباتی ئازادی خوازانەی خەلکی کوردستاندا، بە رۆشنترین شێوە نیشانی هەموان دا.
ئەوان وشیارانە سەنگەری خۆیان هەلبژاردووە، لە دەرەوەی کۆدەنگی نیشتمانین، لەدەرەوەی سەنگەری خواست و ئاواتەکانی خەلکی کوردستانن و بە کردەوە لە زۆر بواردا رۆلی “تابوری پێنج” دەگێرن.
بێگومان لە شەرو ئاشوبێکدا کە بەرۆکی خەلکی کوردستان و هێزە سیاسیەکانی گرتوە، یەکریزی و بەرژەوەندی گشتی و وەلانانی ناکۆکیە ئایدیۆلۆژی و سیاسیەکان، کارێکی هەنوکەیی پێویستە. ئایندەی ئەم کۆمەلگایە بەندە بە وشیاری و یەکگرتویی هەلوێستی لایەنە سیاسیەکانیەوە، لەم شەرەدا.
داعش هێزێکە لەروی فکریەوە تێکەلاوێکە لە فاشیزمی دینی و شۆڤێنیزمی قەومی، مەترسی ئەم هێزە تەنیا روی لە بەشێکی خەلکی کوردستان یان لایەنێکی سیاسی دیاریکراو نیە، بەڵکە دژی سەراپایی کۆمەڵی کوردستان و دەسکەوت و هێزە جۆراوجۆرەکانیەتی. بەشێك لە ئیسلامیەکانی کوردستان تورەکەیان بۆ دەسکەوتەکانی دەسەلاتداریەتی داعش ئامادەکردوە! ئەوانە دەبێت واز لەم خۆشخەیالیە مندالانەیە بهێنن و ئەو راستیە تێبگەن، کە گەر ئەندامانی خوارەوەی داعش خەڵکی سەلەفی و توندرەوی ئیسلامی پێکی بهێن، ئەوا سەرکردایەتی ئەم رێکخراوە ترۆریست و درندەیە، بە هەزارداو بەسراوەتەوە بە ناوەندە هەولگریەکانی دەولەتانی ناوچەکەوە و خەریکی جێبەجێکردنی ئەجندای سیاسی ئەوانە و بەپێی بەرژەوەندی ئەوان سیاسەت دەکات.
ئەمرۆ کاتی خۆیەتی ئیسلامیەکانی کوردستان، ئاورێکی جدی لە کارو کردەوە و هەلوێستەکانی خۆیان بدەنەوە و لەو راستیە تێبگەن، کە ئایندەیان وەك هێزێکی سیاسی بەستراوەتەوە بە ئایندەی خەلکی کوردستانەوە. هەرجۆرە پاشەکشەیەکی خەلکی کوردستان بەرۆکی ئەوانیش دەگرێت، لە ئالوگۆرێکی لەو بابەتەدا ، لە باشترین حالەتدا دەبنە ” سوارەی حەمیدە “ی بەردەم لەشکردی داگیرکەران!
ئەوان گەر بیانەوێت لە سبەینێی مەیدانی سیاسەتی کوردستاندا جێگەو رێگەیەکیان هەبێت، ئەوا دەبێت تا زوە ئاڵوگۆرێکی ریشەیی بەسەر بەرنامە وسیاسەت و هەلوێستەکانیاندا بهێنن.