عادل موراد: لەو سێ‌ مانگەدا هیچ داوایەكی كورد جێبەجێ‌ ناكرێت

0

1111عادل موراد: لەو سێ‌ مانگەدا هیچ داوایەكی كورد جێبەجێ‌ ناكرێت

 
نوچە: سلێمانی
عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی رایگەیاند، لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا كە بۆ حكومەتەكەی عەبادی دیاری كراوە، هیچ داوایەكی كورد جێبەجێ‌ نابێت، وتيشى “پێشتر دەوترا مادەی ١٤٠ جێبەجێکراو قسەی لەسەرناکەین، نەوت دەنێرین و چاوەڕوانی موچەی بەغدا ناکەین، بەڵام ئەمانە پێچەوانە بوونەوە”.
لە لێدوانێكدا بۆ دەزگە راگەیاندنەكانی حیزبەكەی، عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان وتی “ئێمە زۆرکات کێشەکانمان بەشەخسی کردووەو نەشارەزایانە مامەڵەمان کردووە، بۆنمونە دەڵێن: مالیکی خراپە، بەڵام عەبادی باشە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین مالیکی و عەبادی یەک حزبن و یەکجۆر سیاسەتیان ھەیە، ئەگەر مالیکی خراپ بووبێت، عەبادی خراپترە”.
وتیشی “لەکاتی پێکھێنانی حکومەتی پێشوو بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی، کورد ١٩ خاڵی ھەبوو ١٨ی پەسەندکراو تەنھا خاڵێک مابوو، بەڵام لەم کابینەیەدا ھیچ خاڵێکی کورد جێبەجێنەکراوەو بڕیاری بەشداریشیان داوە”.
عادل موراد لە بارەی مەزندەكانی كورد بۆ دوای مالیكی رەخنەی گرت و وتی “پێشتر دەوترا ئەگەر نوری مالیکی لەپۆستەکەی نەمێنێت، دونیا دەبێتە بەھار، بەڵام ئێستا دەرکەوت بەھار نییەو خوا خواشمانە بەداواکارییەکانمان ڕازی بن”.
موراد ئەوەیشی راگەیاند، لە ماوەی ئەو سێ‌ مانگەدا كە كورد دایناوە وەك مەرجێك بۆ جێبەجێ‌ كردنی داواكارییەكانی، وتی “لەو ماوەیەدا ھیچ داواکارییەکی کورد جێبەجێناکرێت و تاڕادەیەکیش بێ منەتییان ھەیە ئەمجارە، چونکە ھەم ئێران و ھەمیش ئەمریکا پشتیوانییان لەپێکھێنانی کردووە”، وتیشی “پێشتر دەوترا مادەی ١٤٠ جێبەجێکراو قسەی لەسەرناکەین، نەوت دەنێرین و چاوەڕوانی موچەی بەغدا ناکەین، بەڵام ئەمانە پێچەوانە بوونەوە، لەبەرئەوەی دانوستان لەسەر مادە دەستوریەکە دەکەین و زۆریش پێویستمان بەموچەی بەغدا ھەیە”.
موراد لە بارەی درووستكردنی شاندی دانوستاندنكارەوە رەخنەی لە سەركردایەتی سیاسی كورد گرت و وتی “دەبوو سەرکردایەتی سیاسی بزانێت ئاخۆ کێ دەکاتە شاندی دانوستانکاری کورد، لەبەرئەوەی ڕۆڵی بەرنامەکە چەندە کاریگەربێت، رۆڵی خودی شاندەکەش زیاترە، بەڵام بەداخەوە وادەرنەچوو”.
پێشبینی ئەوەیشی كرد، كە تەمەنی كورد لە ناو كابینەی نوێدا زۆر نابێت، چونكە وەك ئەو وتی “کورد لەبناغەکەوە بەھەڵەو پەلەپەل دەستی پێکرد، لەبەرئەوەی ھەم عەقڵیەتی ئێمەی کوردو ھەمیش بەغدا لەبەرامبەر کێشەکان گۆڕانیان بەسەردا نەھاتووە”، وتیشی “ماوەیەک پێش ئێستا من وتم، ئەگەر ھەوڵی لەیەکتر نزیکبونەوە لەگەڵ بەغدا نەدەین، ئەوا قەیران ڕوو لەم وڵاتە دەکات و پرسە نەتەوەییەکانیشمان بیر دەچێتەوە، بەڵام ئەوکات ژمارەیەک خەڵک وتیان ئەوە ڕەفیقی مالیکیە بۆیە ئەوە دەڵێت، بەڵام ئێستا قسەکەی من ھاتەدی”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com