بۆ دیاریکردنى وەزیرى بەرگرى: مالیکى فشار دەخاتە سەر عەبادى
بەپێى زانیاریى چەند سەرچاوەیەکى هەواڵ، نوورى مالیکى لەڕێگاى کەسانى ناو لیستى دەوڵەتى یاساوە بەشێوەى جیاواز فشار دەخاتە سەر حەیدەر عەبادى تا کەسایەتى سوننەى نزیک لە مالیکى بۆ وەرگرتنى پۆستى وەزیرى بەرگرى تۆمار بکات.
بەگوێرەى ئەو رێککەوتنەى لەنێوان فراکسیۆنە سەرەکییەکانى پەرلەماندا ئەنجامدواوە، پۆستى وەزیرى بەرگرى بە کەسایەتییەکى سوننە دەدرێت.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن لیستەکەى مالیکى دەیانەوێت حاچم حەسەنى کەسایەتى سوننەى نزیک لە مالیکى بکرێتە وەزیرى بەرگرى، کە بە کەسایەتییەکى زۆر نزیک لە مالیکى دادەنرێت و لە خولى پێشووى پەرلەماندا لەسەر لیستەکەى مالیکى ئەندامى پەرلەمان بووە و وتەبێژى مالکیش بووە. لە خولى ئەمجارەشدا هەر لەسەر لیستەکەى مالکى کاندید بوو، بەڵام تەنها چەند سەد دەنگێکى هێنا و نەیتوانى ببێتە ئەندامى پەرلەمانى عێراق.
لاى خۆیانەوە لایەنە کاریگەرەکانى لیستى سوننەکان بە توندى ئەم هەوڵەى مالکى رەتدەکەنەوە و دەڵێن ئەمە هەوڵى مالیکییە بۆ بەردەوامیى هەژمونى بەسەر وەزارەتى بەرگریدا، وەک چۆن پێشتریش کەسایەتى لاوازى سوننە سەعدون دلێمى کردە وەزیرى بەرگرى کە بووە بەشێک لە هۆکارى ئەو شکستە ئەمنییە گەورەیەى عێ{اق لە سەردەمى مالکیدا تووشى هات.

