یەكێتی بۆ پارتی: پێمانخۆش بوو ئێوەیش وەك لیستی خزمەت بێلایەن بوونایە
نوچە: تایبەت
بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەسەر دەنگدانی پارتی بە بزووتنەوەی گۆڕان هاتە دەنگ و رایگەیاند، ئەوان پێیانخۆش بووە پارتی لەو بابەتەدا بێلایەن بووایە، دەشڵێت “ئەم بابەتە بە بابەتێكی سیاسی دەزانین و لە رووی سیاسییەوە هەڵوێستمان دەبێت”.
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، برووسك نووری شاوێش ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند حیزبەكەی لەگەڵ رێكەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانیدایە، بۆ یەكلایی كردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، بەڵام ئەوەیشی ئاشكرا كرد، ئەوان وەك پارتی بەڵێنیان داوە دەنگ بە بزووتنەوەی گۆڕان بدەن، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە كە لە ماوەكانی رابردوودا، یەكێتی مامەڵەیەكی باشی لەگەڵ ئەوان نەكردووە، هەروەها وتوویشییەتی “ئەگەر بڕیار بێ ڕێك نەكەون و ئەو پرسە بخرێتە دەنگدانەوە، ئەوا ئەو كات دەنگ دەدەین بە گۆڕان”.
لە بەرانبەریشدا لەتیف شێخ عومەر بەرپرسی مەڵبەندی یەكی رێكخستنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە نوچەنێتی راگەیاند، ئەوان وەك بابەتێكی سیاسی سەیری ئەو پرسە دەكەن و لە رووی سیاسیشەوە هەڵوێستیان دەبێت، لەبارەی لێدوانەكانی ئەو بەرپرسەی پارتییەوە وتی “رەنگە برادەرانی پارتی لە سلێمانی هەندێك گلەییان هەبێت، وەك چۆن برادەرانی ئێمە لە دهۆك و هەولێر گلەییمان هەیە لە ئیدارەی ئەوێ، بەڵام ئەو گلەییانە دەكرێت بە دانیشتن و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن، ئێمە لەگەڵیان دانیشتووین و گوێمان لێگرتوون و بەڵێنیشمان پێداون، كە هەرچییەك بە ئێمە بكرێت و یاسایی بێت، بۆیان جێبەجێ دەكەین”.
بەرپرسی مەڵبەندی یەكی سلێمانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، نیگەرانی خۆی لە بەرانبەر بڕیارەكەی پارتی دەربڕی و وتی “بۆ ئەوەیش كە دەنگیان داوە بە بزووتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ ئەوەی ئێمە پێمان ناخۆشە، بەڵام ئەوان حیزبێكی سەربەخۆن و ئازادن لەوەی كە دەنگ بە كێ دەدەن، ئێمە پێمانخۆش بوو، لانی كەم وەك لیستی خزمەت بێلایەن بوونایە و لەو ململانێیانەدا لێبگەڕانایە بۆ ئێمە و بزووتنەوەی گۆڕان، كە خۆمان بە تەوافوق ئەو بابەتەمان یەكلایی بكردایەتەوە”.
ئەگەرچی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان وەك دوو هێزی سەرەكی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستاندا، رێكەوتنی ستراتیژی لە نێوانیاندا هەبوو، بەڵام ماوەیەكە لە رووی سیاسییەوە درز كەوتۆتە پەیوەندییەكانیان، لە دوای هەڵگیرساندنی شەڕی داعشیشەوە، بەرپرسانی پارتی و یەكێتی لە رووی راگەیاندنەوە زۆرجار لێدوانی دژ بە یەك دەدەن، بۆیە ئەو بڕیارەی پارتی زیاتر بۆنی تۆڵەكردنەوەی لێدێت لە هاوپەیمانە ستراتیژییەكەی پێشووی، بەرپرسی مەڵبەندی یەكی یەكێتی لەو رووەوە وتی “لە هەموو ئەو تەسریحاتانەی دراون، تەنها ئەوانەیان گوزراشت لە سیاسەتی یەكێتی دەكەن، كە وتەبێژی یەكێتی رایگەیاندوون، بۆیە هیوادارین ئەو بڕیارەی پارتی نەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە چونكە پەیوەندی ئێمە و پارتی لەوە فراوانتر و گەورە تر و مێژوویی ترە، كە بە هەندێك تەسریحاتی لێرە و لەوێ بشێوێت”.
لە بارەی مەزەندەیان بۆ بڕیارەكەی پارتی، لەتیف شێخ عومەر وتی “رەئی شەخسی خۆم ئەوەیە، كە رێكەوتنی (17ی نیسان) رەنگە ئەم جۆرە شتانەیشی لێ بكەوێتەوە”.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئاماژەی بەوەدا، كە ئەوان وەك بابەتێكی سیاسی لەو پرسە دەڕوانن، وتیشی “لە رووی سیاسیشیەوە هەڵوێستمان دەبێت”.