ئۆجەلان بۆ كوردانی رۆژهەڵڵات: راپەڕینێكی سڤیل ئەنجام بدەن و خۆتان لە سێ بەشەكەی تری كوردستان دوا مەخەن
نوچەنێت: هەولێر
عوسمان ئۆجەلان لە رێی نوچەنێتەوە پەیامێك ئاراستەی كوردانی رۆژهەڵڵات دەكات و داوایان لێدەكات، كە راپەڕێنێكی سڤیل ئەنجام بدەن و خۆیان لە سێ بەشەكەی تری كوردستان دوا مەخەن، بە حیزبە كوردییەكانی ئەو بەشەیش دەڵێت “ئەگەر گرێدراو نین و كوردایەتی دەكەن، بانگەوازی راپەڕینێكی سڤیل بكەن، لەو بڕوایەدام سەركەوتوو دەبن”.
عوسمان ئۆجەلان كە برای عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رابەری زیندانی كراوی پارتی كرێكارانی كوردستانە، لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ نوچەنێت، كە ئەم شەو بڵاو دەكرێتەوە, دەڵێت “پێویستە ئەو حیزبە سیاسییەكانی كوردستانی رۆژهەڵڵات چالاكییەكانیان پێش بخەن و راپەڕینێكی سیاسی و سڤیل ئەنجام بدەن، ئێستا بزاڤی كوردی لە باشوور و باكوور و رۆژئاوا هەیە، بەڵام لە رۆژهەڵڵات بزاڤ لاوازە، بۆیە پێویستە بزاڤ بەهێز بكرێتەوە و درووست بكرێتەوە، لەوكاتەیشدا جیهان لەسەر مافی ئەوانیش رادەوەستێت، پێویستە هەموو حیزبەكان ببن بە یەك و یەكڕیزی درووست بكەن و راپەڕینێكی سڤیل پێش بخەن، بۆیە لەو باوەڕەدام ئەوانیش شان بە شانی هەر سێ بەشەكەی تری كوردستان، هەنگاو بنێن و دۆزی كورد لەو بەشەیش پێش بخەن و دەستكەوتی گرنگیش دەست بخەن”.
ئۆجەلان پێیوایە كوردانی رۆژهەڵڵات ئامادەی راپەڕینن، چونكە وەك ئەو دەڵێت “خەڵكی رۆژهەڵڵاتی وڵات ئامادەیە، لە ساڵی 1999 كاتێك بەڕێز ئۆجەلان دەستگیر كرا، من یەك بانگەوازم كرد بۆ ئەنجامدانی راپەڕین لە پێناو پاراستنی گیانی ئاپۆ و دەستكەوتەكانی شۆڕش، بانگەوازەكەم بۆ هەموو كورد بوو، كوردستانی رۆژهەڵڵات هەر لە سەرەتاوە بە دەنگ بانگەوازەكەوە هاتن، هەموو خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵڵات هاتنە سەرخۆ و راپەڕینێكی سڤیلیان ئەنجامدا، بۆیە دەڵێم خەڵكی رۆژهەڵڵات هەموو كاتێك بۆ راپەڕین ئامادەن”.
ئۆجەلان بانگەوازێك ئاراستەی كوردانی رۆژهەڵڵات و لایەنە سیاسییەكانی ئەو بەشەی كوردستان دەكات و دەڵێت “پێویستە حیزبە سیاسییەكان رۆڵیان هەبێت لە هۆشیار كردنەوەی خەڵك و چالاكییەكانیان دەست پێكەنەوە، بانگەوازی من بۆ هەموو برادەران و بۆ خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵڵات ئەوەیە، چالاك بن و لە هەموو كوردستان دوا مەكەون”.