پلانی داعش بۆ رووبەڕووبوونەوەی هاوپەیمانان
نووچەنێت-ئاژانسەكان
درووستبوونی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی بۆ لێدانی داعش، ئەو رێكخراوەی تووشی شڵەژان كردوە و ناچار كردووە پلانەكانی بگۆڕێت لە هێرشەوە بۆ بەرگری و بەپێی زانیاریەكان بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا داعش پلانێكی گشتگیر دابڕێژێت بۆ ئەوەی توانای خۆڕاگری هەبێت لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەری.
داعش بڕیاریداوە قورسایی هێزەكانی لە عێراق كۆبكاتەوە نەك سوریا، چونكە پایتەختی ئەوەی پێی دەوترێت خەلافەت لە عێراقە و زۆرینەی سەركردەكانی رێكخراوەكەش عێراقین.
لە سوریا داعش زیاتر سەرنجدەخاتە سەر پاراستنی بیرە نەوتەكانی دێر زور، چونكە بە شادەماری ئابووری داعش دادەنرێن و ئەوكارەشی سپاردووە بە یەكەیەكی تایبەتمەندی شەڕكەر.
داعش بڕیاریداوە لەسەر ستراتیژی ماندووكردنی بەرامبەر كار بكات و باكی نەبێت لەوەی كوشتارێكی زۆری لێبكرێت لەبەرامبەر هێشتنەوەی چەند ناوچەیەك لەژێردەستیدا، وەكو تاڵیبان كە سەرەڕای كوشتارێكی زۆر هەندێك ناوچەی خۆی پاراست و چالاكیی سنورداری ماوە ماوەی ئەنجامدەدا و ئەوەش بووە هۆ نائومێدكردنی هێزە ئاشتیپارێزەكان.
لە پلانەكەیدا، داعش عێراق دەكاتە مەیدانی جەنگ و سوریاش بۆ هێڵی فریاگوزاری و هەڵگرتنی پێداویستیەكان و بۆ ئەمەش بڕێكی بەرچاوی چەكی لە رەققە و ئەلبوكەمالی سوریا حەشارداوە تا كاتی پێویست بۆ عێراقیان بگوازێتەوە.
هەروەك چاودێریی هەواڵگریی لەسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی چڕكردۆتەوە و چاودێری بچوكترین جووڵانەوەی گومانلێكراو دەكات.
داعش بەرەو پارچە پارچە بوون
بە بۆچوونی چاودێران ئەگەر لە یەك كاتدا لە سوریا و عێراق لە داعش بدرێت، ئەگەرێكی بەهێز هەیە ئەو رێكخراوە تووشی پەرتبوون و باڵباڵێن ببێت، لەبەر ئەم هۆكارانە:
1- پێشڕەوییە كتوپڕەكانی: پاڵنەری ژمارەیەكی بەرچاوی ئەوانەی هاتونە ریزەكانی داعش سەركەوتنە خێرا و گەورەكانی بووە، بە لێدانی گشتگیری داعش، ئەو رێكخراوە ئیفیلج دەبێت و توانای پێشڕەوی نامێنێت.
2- پارەداریی رێكخراوەكە: چەكدارەكان هەم دەستكەوتی باشیان هەبوو لە بەرەكانی جەنگ، هەم مووچەی باشیان بۆ بڕایەوە بەپارەی نەوتی فرۆشراو لەلایەن داعش.
3- نەمانی پشتیوانی جەماوەری: دوای كوشتاری خێڵی شعێتات لە سووریا و ئێزدییەكان و خێڵە عەرەبیی نەیارەكانیان لە عێراق، ئەوەی بەشێكی بەرچاوی خەڵكی لەگەڵ داعش هێشتۆتەوە ترسە نەوەك هاوسۆزییەكی راستەقینەی مەبدەئی.
4- نەمانی مالیكی لەسەر دەسەڵات: مالیكی فەرمانڕەواییەكی مەزهەبی و تاكڕەوی ئەوتۆی بەرپاكرد، كە سوننەكان بە هەر لایەك رازی بون كە لە دژی ئەو بجەنگێت. لە حكومەتی عەبادیدا هەم بڕیاری راگرتنی هێرش بۆ سەر مەدەنییەكان دراوە و هەم بڕیاردراوە سوننەكان خۆیان شارەكانی خۆیان بپارێزن و هەم سوننەكانیش بە هێزێكی بەرچاوەوە بەشداری دەسەڵاتیان كردووە. جگە لەوەش داعش ئەزموونێكی حوكمڕانیی خراپ نماییش كرد لە سێ مانگی رابردوو لە موسڵ .هەموو ئوانەش سۆزی سوننەیان لە داعش دابڕیوە