شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی بۆ نوچەنێت: لەسەر داهاتووی کوردستان مەترسی دەبینم
له‌م پیلانه گه‌وره جیهانییه‌دا كه بۆ ئه‌م ناوچه‌یه دانراوه، ئایا ئێمه‌ی كورد، توانای به‌رگری كردنمان له كوردستان و درووشمه به‌رزه‌كانمان هه‌یه؟
هه‌میشه ترسم له په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا هه‌بووه
توركیایه‌ك كه تا ئێستا كێشه‌ی كوردی له ناو وڵاتی خۆی چاره‌سه‌ر نه‌كردبێت، چۆن به سینگێكی فراوان و وه‌ك ده‌وڵه‌تێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی باشوور ده‌كات؟
پرسی كورد به‌لای توركیاوه، پرسێكی لاوه‌كییه، یان ره‌نگه سودێكی ئابووریان له پرسی كورد وه‌رگرتبێت، بۆیه ره‌نگه له جێیه‌كی تر ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه بۆ خۆیان ده‌ست بخه‌نه‌وه.
نوچه‌نێت: هه‌ولێر
له‌م گفتوگۆ رۆژنامه‌وانییه‌ی نوچه‌نێت له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌داری كورد شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی، تیشك ده‌خرێته سه‌ر ره‌وشی ئێستای كوردستان و ئه‌و هاوكێشه سیاسییانه‌ی، كه شه‌ڕی داعش هێناونییه‌ته پێشه‌وه، شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی پێیوایه دۆخه‌كه مه‌ترسیداره و حیزبه سیاسییه‌كانیش ده‌بێت له پێناو ئامانجی باڵا و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای كوردستانی، واز له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی بهێنن، گومانی له‌وه‌یش هه‌یه، كه شه‌ڕی داعش پیلانێكی دارێژراو بێت، بۆ درووستكردنی گۆڕانكاری له رۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ده‌ڵێت “راسته ئێستا كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌ت هاتوونه‌ته سه‌ر خه‌ت و ده‌ڵێن هاتووین پشتیوانی كوردستان بكه‌ین، به‌ڵام هیچ گومانێكم نیه كه كۆمه‌ڵێك ئامانجی تر له پشت ئه‌م پشتیوانیانه‌وه هه‌ن، بۆیه مه‌ترسی من لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات، كه ئایا كوردستان له داهاتوویه‌كی نزیكدا، وای لێنایه‌ت كه بكه‌وێت ژێر كاریگه‌ری ده‌وڵه‌تانی ده‌ره‌وه و هه‌ندێك شت له كۆنترۆڵی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد ده‌ربچن”.
شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌ڵێت “ده‌بێت هیچ كاتێك ئێمه وه‌ك كورد به هه‌ڵه‌دا نه‌چین، ئه‌و ده‌وڵه‌تانی كێشه‌یه‌كیان هه‌یه به ناوی كێشه‌ی كورد و كوردستان، ئه‌گه‌ر رۆژێك له رۆژان وای بۆ بچین كه یه‌كێك له‌و ده‌وڵه‌تانه وه‌ك دۆست له‌گه‌ڵ كورد ده‌بێت و ئاماده‌یه به سینگێكی فراوانه‌وه پێشكه‌وتنی كوردستان وه‌ربگرێت، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه تێیكه‌وتووین، من هه‌میشه هه‌ڵوێستی خۆمم وتووه، هه‌میشه ترسم له په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا هه‌بووه”.
ده‌قی گفتوگۆ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی نوچه‌نێت، له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی
نوچه‌نێت: هاوكێشه‌یه‌كی نوێی سیاسی له ناوچه‌كه‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه، شه‌ڕی داعش یه‌خه‌ی به هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه گرتووه، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش هاتوونه‌ته سه‌ر خه‌ت، هه‌م بۆ پشتیوانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌میش بۆ شه‌ڕی داعش، داهاتووی كوردستان له ناو ئه‌م هاوكێشانه‌دا چۆن ده‌بینیت؟
شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی: ئه‌م دۆخه بۆ سه‌ر داهاتووی كوردستان، به مه‌ترسیدار ده‌بینم، شه‌ڕی داعش كه ئێستا له كوردستان و له‌م ناوچه‌یه هه‌یه، بۆته شه‌ڕێكی جیهانی، من وای بۆ ده‌چم كه شه‌ڕی داعش پیلانێكی داڕێژراو بێت، بۆ هه‌ندێك گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی له رۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاستدا، راسته ئێستا كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌ت هاتوونه‌ته سه‌ر خه‌ت و ده‌ڵێن هاتووین پشتیوانی كوردستان بكه‌ین، به‌ڵام هیچ گومانێكم نیه كه كۆمه‌ڵێك ئامانجی تر له پشت ئه‌م پشتیوانیانه‌وه هه‌ن، بۆیه مه‌ترسی من لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات، كه ئایا كوردستان له داهاتوویه‌كی نزیكدا، وای لێنایه‌ت بكه‌وێت ژێر كاریگه‌ری ده‌وڵه‌تانی ده‌ره‌وه و هه‌ندێك شت له كۆنترۆڵی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد ده‌ربچێت؟
نوچه‌نێت:به دیاری كراوی مه‌ترسییه‌كه له چیدا ده‌بینیت، پێتوایه سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد حیسابی مه‌ترسییه‌كانیان نه‌كردبێت؟
شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی: من پێموایه له ده‌ستپێكی ئه‌م شه‌ڕه‌دا كه به‌سه‌ر كورد و كوردستان سه‌پێنرا، ئێمه پاشه‌كشێیه‌كمان هه‌بوو، كه ئه‌وه‌یش زۆربه‌ی به‌ره‌كانی شه‌ڕی گرته‌وه، هه‌ر له جه‌له‌ولا و سه‌عدییه‌وه هه‌تا ته‌له‌عفه‌ر و تلكێف و زومار و شه‌نگال، لێره‌وه پێویست كرا كه سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان داوای هاوكاری نێونه‌ته‌وه‌یی بكات، من پێموایه له‌وانه‌یه وا ته‌سه‌ور بكرێت كه ئاینده‌یه‌كی گه‌ش هه‌یه، به‌ڵام من له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هێزانه له كوردستان مه‌ترسیم هه‌یه، كه له داهاتوودا سه‌ركردایه‌تی كورد چۆن بتوانێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد و كوردستان، له‌م هاوكێشه سیاسییانه‌دا رابگرێت.
با جارێ پێش رووداوه‌كانیش نه‌كه‌وین، به‌ڵام مه‌ترسییم له‌وه‌یه، له‌م پیلانه گه‌وره جیهانییه‌دا كه بۆ ئه‌م ناوچه‌یه دانراوه، ئایا ئێمه‌ی كورد، توانای به‌رگری كردنمان له كوردستان و درووشمه به‌رزه‌كانمان هه‌یه، ئایا توانای خۆ راگرتنمان هه‌یه، چونكه ئه‌م بابه‌ته بابه‌تێكی گرنگه و ره‌نگه ئه‌و كاته‌یش كه بۆ شه‌ڕی دژ به تیرۆر دانراوه، كاتێكی كه‌م نه‌بێت، بۆیه من گومانم هه‌یه له توانا و خۆراگریمان له به‌رانبه‌ر ئه‌و پیلانانه و هاتنه ناوه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م ده‌وڵه‌تانه بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره، ئایا ده‌توانین له‌م هاوكێشانه‌دا خۆمان راگرین؟
نوچەنێت: لایه‌نه كوردییه‌كان ده‌ڵێن له‌سه‌ر داوا و فشاری ئه‌مریكا به‌شداری حكومه‌تی عه‌بادییان كردووه، به بڕوای هۆكاری فشاری ئه‌مریكا چییه، ئایا ئه‌و فشارانه‌یش ده‌چنه ناو چوارچێوه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه باست كردن؟
شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی: له راستیدا به‌شدار بوونی ئێمه‌ی كورد به‌و شێوه‌یه، له حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌وڵه‌تێك به ناوی عێراق، شتێكی سه‌یر بوو، چونكه هه‌موومان بینیمان كه كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ متمانه‌دان به كابینه نوێیه‌كه، له كاتژمێژی هه‌شت یان هه‌شت و نیو ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بۆ به‌شداری كردن یان به‌شداری نه‌كردن له‌و حكومه‌ته، تا كاتژمێر ده و نیو به‌رده‌وام بوو، ئه‌مه ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ئه‌مجاره عه‌ره‌ب له عێراق، بێمنه‌تی پیشانی كورد دا، چونكه به‌ر له‌وه‌ی كورد بڕیاری خۆی بدات، دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌ستی پێكرد و به‌شداری عه‌ره‌به‌كان به هه‌ردوو مه‌زهه‌بی سوننه و شیعه و گه‌وره‌بوونی حه‌جمی سوننه له حكومه‌تی نوێ‌دا، ئه‌مه‌یش به خاڵێكی مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر دۆزی گه‌لی كورد له عێراقدا ده‌بینم.
نوچه‌نێت: به‌ڵام ئه‌و بێ منه‌تییه‌ی عه‌ره‌بی عێراقی له به‌رانبه‌ر كورددا، بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه، له كاتێكدا عێراق رووبه‌ڕووی شه‌ڕێك بۆته‌وه و سوپا و دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانیشی له ئاست ئه‌و شه‌ڕه‌دا نین؟
شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی: هه‌موو بابه‌ته‌كان گرێدراوی ناوه‌وه‌ی عێراق نین، ئه‌م بابه‌تانه زیاتر بابه‌تی ده‌ره‌كین و كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌ت و داهاتووی عێراق ده‌دانێن، به بڕوای من عه‌ره‌بی سوننه كه به‌مشێوه‌یه به‌شدار بوون له حكومه‌تی عێراق، ئه‌مه یه‌ك شت نیشان ده‌دات، عه‌ره‌به سوننه‌كان تۆمه‌تبار ناكرێن به‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ داعشن، به‌ڵام له پشت قه‌زییه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌وه داعشێك هه‌بوو، كه زه‌مینه‌ی خۆشكرد تا عه‌ره‌بی سوننه به‌هێزتر به‌شداری حكومه‌تی ناوه‌ندی بكه‌ن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌و ده‌سته ده‌ره‌كیانه‌ی كه له پشته‌وه‌ی داعشه‌وه بوون، هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوون كه عه‌ره‌بی سوننه به‌و حه‌جمه گه‌وره‌یه به‌شداری حكومه‌تی ناوه‌ندی بكات، ئه‌مه‌یش پێگه‌ی عێراقی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ناوچه‌كه و جییهانیش به‌هێزتر كرد، ئه‌م به‌هێزبوونه‌ی پێگه‌ی عێراقی عه‌ره‌بی هه‌م له ئاستی ناوخۆ و هه‌م له ئاستی ده‌ره‌وه، جێی مه‌ترسییه، چونكه هه‌میشه به‌هێزبوونی عێراقی عه‌ره‌بی، به دژایه‌تی داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد شكاوه‌ته‌وه.
نوچه‌نێت: له رابردوودا كورد هه‌موو توانای دبلۆماسییه‌ت و ئابووری خۆی خسته گه‌ڕ، بۆ نزیكبوونه‌وه له توركیا، به‌ڵام ئێستا سه‌ركرده باڵاكانی كورد، نیگه‌رانن له رۆڵی توركیا، كه ئاماده نه‌بووه هاوكاری هه‌رێمی كوردستان بكات، هه‌تا ئه‌مریكایش تا ئێستا له هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامه و نه‌یتوانیوه توركیا رازی بكات، كه بچێته ناو هاوپه‌یمانیێتی دژ به داعش، به بڕوای تۆ هه‌ڵوێستی توركیا بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه و بۆ ئاماده نیه هاوكاری هه‌رێمی كوردستان بكات.
شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی: ده‌بێت هیچ كاتێك ئێمه وه‌ك كورد به هه‌ڵه‌دا نه‌چین، ئه‌و ده‌وڵه‌تانی كێشه‌یه‌كیان هه‌یه به ناوی كێشه‌ی كورد و كوردستان، ئه‌گه‌ر رۆژێك له رۆژان وای بۆ بچین كه یه‌كێك له‌و ده‌وڵه‌تانه وه‌ك دۆست له‌گه‌ڵ كورد ده‌بێت و ئاماده‌یه به سینگێكی فراوانه‌وه پێشكه‌وتنی كوردستان وه‌ربگرێت، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه تێیكه‌وتووین، من هه‌میشه هه‌ڵوێستی خۆمم وتووه، هه‌میشه ترسم له په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا هه‌بووه.
له‌م دواییانه‌دا زۆربه‌ی كات توركیا وه‌ك وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌كه‌وت، هه‌ندێكجار له بابه‌تی نه‌وتدا وه‌زیری وزه‌ی توركیا له جێی وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان لێدوانی ده‌دا، باسی له یاسایی بوونی نه‌وتی كوردستانی ده‌كرد، له‌م بابه‌ته‌یشدا بۆچوونی خه‌ڵكی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردیش ئه‌وه بوو، كه به‌ڵێ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا گه‌یشتۆته شوێنی خۆی و په‌یوه‌ندییه‌كی ستراتیژیمان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه و له داهاتوودا توركیا سۆزێكی گه‌وره‌ی بۆ كورد ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه خوێندنه‌وه‌یه‌كی درووست نه‌بوو، چونكه ئێمه هه‌موومان كوردین و به‌شێكین و لێكجودا ناكرێینه‌وه، هه‌رچه‌نده به درێژایی مێژووی شۆڕشه‌كان، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره له‌م بابه‌ته‌دا كراوه، كه له شوێنێك شۆڕش به‌ره‌و پێش چووبێت، به‌ڵام گرنگی به به‌شه‌كانی تری كوردستان نه‌داوه، له راستیدا كێشه‌ی كورد به‌هیچ جۆرێك لێك جودا ناكرێته‌وه، توركیایه‌ك كه تا ئێستا كێشه‌ی كوردی له ناو وڵاتی خۆی چاره‌سه‌ر نه‌كردبێت، ئایا چۆن به سینگێكی فراوان و وه‌ك ده‌وڵه‌تێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی باشوور ده‌كات؟
بۆیه به بڕوای من ئه‌م بۆچوونه بۆچوونێكی نادرووست و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نادرووست بوو، چونكه ئه‌وه‌تا له‌م شه‌ڕه‌دا كه یه‌خه‌ی به هه‌رێمی كوردستان گرتووه، ده‌وڵه‌تانی تر هاتنه سه‌ر خه‌ت، توركیا بێده‌نگه، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت هاوپه‌یمانێتییه‌ك له دژی داعش درووست بكات و چه‌ندین جاریش سه‌ردانی توركیایان كردووه، به‌ڵام تا ئێستا توركیا وه‌ڵامی ئه‌مریكای نه‌داوه‌ته‌وه، چونكه ئه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی توركیایه، پرسی كورد به‌لای توركیاوه، پرسێكی لاوه‌كییه، یان ره‌نگه سودێكی ئابووریان له پرسی كورد وه‌رگرتبێت، بۆیه ره‌نگه له جێیه‌كی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه بۆ خۆیان ده‌ست بخه‌نه‌وه.
نوچه‌نێت: ئاماده‌كاری لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی داعش و دۆخی دوای داعش چۆن ده‌بینیت، پێتوایه بتوانن له ئاست قۆناغه‌كه‌دا بن، له كاتێكدا ئێستا له هه‌موو كات زیاتر په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئاڵۆزترن.
شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی: له سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعشه‌وه تا ئێستا، زۆركات حیزبه‌كان له رێی راگه‌یاندنه‌وه لێدوانیان له دژی یه‌ك ده‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا من پێموایه هه‌تا ئه‌م شه‌ڕه به‌رده‌وام بێت، شتێكی وه‌ها له نێوان سیاسییه‌كانی كوردستان و حیزبه‌كانیشدا روو نادات، كه جیاوازی و كێشه‌ی نێوانیان و دژ به یه‌كیان به زه‌قی بخاته ڕوو، به‌ڵام هه‌ر دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕه‌كه، ئه‌وكات ده‌بینین كه په‌یوه‌ندییه‌كانیان له چ ئاستێكدان.
نوچه‌نیت: ئێستا له نێوان پارتی و په‌كه‌كه گرژی هه‌یه، له راگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر یه‌كتری، به بڕوای تۆ ئه‌مه چ زیانێك به كورد و دۆزه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت؟
شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی: من ئومێد ده‌كه‌م نه ئێستا و نه هیچ كاتێك هیچ كێشه‌یه‌ك له نێوان هیچ پارتێكی كوردستان درووست نه‌بێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌وان بگره له نێوان كه‌سی كوردیش درووست نه‌بێت، ئێمه پێویستیمان به یه‌كگرتن و برایه‌تی هه‌یه، هه‌ر گیروگرفتێك كه له نێوان ئێمه‌ی كورددا درووست ببێت، به تایبه‌تی له نێوان پارتی و په‌كه‌كه كه دوو حیزبی سه‌ره‌كی خه‌باتی رزگاریخوازی كوردستانن له باكوور و باشوور، (مه‌به‌سه‌تم ئه‌وه نیه بڵێم حیزبه‌كانی تر حیزبی سه‌ره‌كی نین)، زیانێكی گه‌وره‌یه بۆ دۆزی ره‌وای كورد، به راستی جێی داخه له‌م كات و ساته‌دا ئه‌وان گیروگرفتیان هه‌بێت له‌گه‌ڵ یه‌ك، چونكه كێشه‌ی وا هچ گومانێكی تێدا نیه، له ئێستا و له داهاتوویشدا زیانی گه‌وره به دۆزی ره‌وای كورد ده‌گه‌یه‌نێت.
نوچه‌نێت: به بڕوای تۆ كورد و لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ رووبه‌ڕووی بوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه له ئێستا و داهاتوو دێنه پێشه‌وه، چی بكه‌ن تا خۆیان بۆ ئه‌و پێشهاتانه باش ئاماده بكه‌ن؟
شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی: ئه‌گه‌ر حیزبایه‌تی بۆ رێكخستنی ژیان و كۆكردنه‌وه‌ی توانای میلله‌تێك بێت بۆ ئامانجێكی دیاری كرا‌و، ئه‌مه كارێكی باشه، به‌ڵام كه حیزب ده‌گۆڕێت بۆ مه‌عبه‌دێك و ئه‌ندامه‌كانی ده‌بنه عه‌بد له‌و مه‌عبه‌ده‌دا و هیچ شتێكی تر بێجگه له حیزبی خۆیان به جوان و به پاك و به راست و به ره‌وان نه‌بینن، لێره‌وه به‌ڵاكه ده‌ست پێده‌كات، حیزبایه‌تی بۆ ئه‌وه‌یه كه تواناكان رێكبخات بۆ ئامانجێكی دیاری كرا‌و.
حیزبی ره‌ش و سپی و مۆر، هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ ئایدیۆلۆژیایه‌كی جیاواز خزمه‌ت بكه‌ن و هه‌موویشیان بۆ یه‌ك ئامانج بن، ئه‌مه شتێكی باشه، به‌ڵام ئێمه ده‌بێت ئه‌وه بزانین، ئه‌گه‌ر حیزبایه‌تی له چوارچێوه‌ی ئامانجی كوردایه‌تی و كوردپه‌روه‌ری و كوردستاندا ده‌رچوون بۆ ئامانجی حیزبایه‌تی، ئه‌وا له جێی ئه‌وه‌ی ك حیزب خزمه‌تكاری میلله‌ت بێت، خۆی ده‌بێته كۆسپێكی گه‌وره له رێی ئامانجی به‌رز و به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی ئه‌م میلله‌ته، بۆیه ئومێده‌وارم ته‌وای حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان، به یه‌كه‌وه و به برایه‌تی به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆیان له‌به‌رچاو بگرن، له‌م كاته هه‌ستیارانه‌دا هه‌موویان پێكه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی كورد و كوردستان له به‌رچاو بگرن، به یه‌ك ئامانج و یه‌ك ده‌نگی سیاسی به‌ره‌و ئه‌م ئامانجانه بچن، ئه‌گه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه ده‌رچوون، حیزبایه‌تی هیچ مانایه‌كی نامێنێت و خزمه‌تكردن بۆ كورد و كوردستان ده‌بێته درووشمێكی بێ به‌ها.