سوپایەکى تایبەت بە سوننەکان دادەمەزرێنرێت
نوچەنێت-ئاژانسەکان
حکومەتى نوێى عێراق بڕیاریداوە، سوپایەکى سوننى درووست بکات بۆ پاراستنى ئەو ناوچانەى زۆرینەیان سوننییە، تا جێگاى سوپاى ئێستا بگرێتەوە لە ناوچەکانیاندا.
بەگوێرەى زانیارییەکان ئەمریکییەکان مەشق و راهێنان بەم سوپا نوێیە دەکەن و سوپاکە راستەوخۆ فەرمان لە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە وەردەگرێت.
وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەم کارە، لە سەرەتاى ئەم هەفتەیەوە حکومەتى عێراق دەستى بە کۆبوونەوە کردووە لەگەڵ هۆزە سوننییەکان و پیاوە ئایینى و کەسایەتییە ناسراوەکانى سوننە لە عێراق تا هاریکار بن لە سەرکەوتنى پرۆژەکە.
بڕیارە 120 تا 200 هەزار کەس لەم سوپا سوننییە پێکبهێنرێت کە ناودەنرێن “هێزەکانى پاراستنى نیشتیمانى عێراق” و زیاتر لە پارێزگاکانى موسڵ و تکریت و دیالە و ئەنبار و بەشێکى هەریەک لە پارێزگاکانى کەرکووک و بابل و واست جێگیر دەکرێن.
ئەم سوپا نوێیە دەبێتە جێگرەوەى هێزەکانى سەحوە، کە پێشوتر ئەمریکیەکان دروستیان کردن و توانیان قاعیدە لە عێراق وەدەرنێن، بەڵام دواتر لەلایەن نوورى مالکییەوە پشتگوێ خران و بڕوا دەکرێت ژمارەیەکى بەرچاویان پەیوەندییان بە گرووپە یاخییەکانەوە کردبێت.
لە یەكەم كاردانەوەی دا نووری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق رەخنەی لە درووستكردنی ئەم سوپا نوێیە گرت، بەڵام رەوتی سەدر لە زاری ئەمیر كینانی رایگەیاند كە ووتەكانی مالیكی لەجێی خۆیدا نین چونكە ئەوە جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان كوتلە سیاسییە سەرەكییەكانە و خودی بەڕێز مالیكیش لەماوەی پێشوودا سەلماندویەتی ك شكستی هێناوە لە پاراستنی ئاساییی ووڵاتدا.
