سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا بۆ هاته كوردستان؟
* دهام سمكۆ
سه‌ردانی فڕانسۆ هۆڵاندی سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا له پاریسه‌وه بۆ هه‌ریه‌كه له به‌غداد و هه‌ولێر ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌بوو، له ناوه‌خۆی فه‌ڕه‌نساش به بایه‌خه‌وه سه‌یری كرا به جۆریك ته‌نیا له سایتی فه‌رمی كۆشكی كۆماری ئه‌و وڵاته سه‌ردان و چاڵاكیه‌كانی بۆ هه‌ولێر به‌شێوه‌ی چه‌ندین هه‌واڵ دابه‌زی له كاتێكدا سه‌ردانه‌كه‌ی به‌غداد كه‌متر گرینگی پێدرا! ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له دیمانه‌كانی سه‌رۆك له جیاتی هه‌رێمی كوردستان (كه تا ئێستا له ڕوانگه سیاسیی و یاسایه‌كه‌ی ئه‌م ناوه دروستتره) چه‌ندان جار وتی: كوردستان! هاوكات وه‌ك له هه‌واڵێكی سایتی فه‌رمی ئیلیزێه‌وه هاتووه ناوی مه‌سعود بارزانی له جیاتی ئه‌وه‌ی به سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بێت به سه‌رۆكی كوردستان هاتووه، ئه‌مه ددانپێدانانێكی ناڕاسته‌وخۆیه به هه‌رێمی كوردستان و مامه‌ڵه‌كردنیه‌تی وه‌ك ده‌وڵه‌ت.
له لایه‌كیتره‌وه له ڕوانگه‌ی دیبلۆماسی و پڕۆتۆكۆلاتی سیاسیه‌وه كه من وه‌ك وانه‌یه‌ك له زانكۆی ژوڵ ڤێرن لێره خوێندوومه سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا هه‌ندێك كاری پڕۆتۆكۆلات هه‌یه ناتوانێ خۆی دایبڕێژێت و گۆڕانكاری تێدا بكات، ئه‌مه مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه كه به درێژایی كۆماری پێنجه‌می فه‌ڕه‌نسا بوونی هه‌بوو و ده‌بێ سه‌رۆك جێبه‌جێی بكات به‌شێوه‌یه‌ك بۆته كارێكی دام و ده‌زگایی و رۆتین كه هه‌ر ده‌بێ بكرێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكو له پرۆتۆكۆلاتی لیزێ ته‌نانه‌ت جۆری ته‌وقه‌كردن و رۆیشتنی سه‌رۆكیش دیاری كراوه بۆیه ستافی پرۆتۆكۆل باش ئه‌وه ده‌زانن رازی بوونی سه‌رۆك به‌م جۆره له پێشوازیه‌ی كه له هه‌ولێر لێی كرا چ مانایه‌كی ئاشكرا ده‌دات، شایه‌نی وتنه مامۆستاكه‌مان كه ناوی ماڕغك فۆكۆ بوو ماوه‌یه‌ك له پرۆتۆكۆلاتی لیزێ له سه‌رده‌می ساركۆزی كاری كردبوو هاوكات خاوه‌نی خه‌ڵاتی مه‌دالیای شین بوو كه له لایه‌ن سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نساوه به كه‌سه شایسته‌كان ده‌درێت له بواری په‌یوه‌ندیه‌كان، به جۆرێك بوونی ئه‌م خه‌ڵاته له سیڤی ئه‌و كه‌سانه به بایه‌خه‌وه ده‌نووسرێت و سه‌یری ده‌كرێت، ئه‌مه‌م بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی شاره‌زایی مامۆستاكه‌م له پسپۆریه‌كه‌ی خۆی هێنایه‌وه. له‌مه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه مادام سه‌رۆك كۆمار به‌وه ڕازی بێت كه وه‌ك سه‌رۆك سه‌ردانی وڵاتێك ده‌كات ئه‌گه‌رچی هێشتا سه‌ربه‌خۆش نیه ئه‌مه مانای وردی هه‌یه و ئامانجه‌كه‌ش ڕوونه، جگه له‌مه‌ش هه‌ر له ئه‌مساڵ بارزانی به هه‌مان پڕۆتۆكۆله‌وه له لیزێ له لایه‌ن هۆڵانده‌وه پێشوازی لێكرا، شایه‌نی ئاماژه‌یه به ڕای من ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و هێرشه له ناكاوه‌ی داعش نه‌بووایه ڕه‌نگه پرۆسه‌ی به‌دیهێنانی خه‌ونه له مێژینه‌كه‌ی كورد زۆر نزیكتر بووایه.
لێره‌وه به ده‌ر له دیووه مرۆیه‌كه‌ی ئه‌م سه‌ردانه كه دووباره دوپاتكردنه‌وه‌ی هاوكارییه مرۆییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بوو كه هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژه‌كانی رووداوه‌كانی ئه‌م دوایه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا له پاریسه‌وه له‌گه‌ڵ خۆی كۆمه‌كی گه‌یانده هه‌ولێر. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی دیسانه‌وه به هه‌مان شێوه‌ی كه له كاتی كۆڕه‌وه‌كه‌ی ساڵی 1991 كه چه‌ندین ملیۆن كورد له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی له ناو چوون بوون پاریس بریاری گرینگی به ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له باره‌ی هه‌ولێره‌وه ده‌ركرد، به‌مه‌ش دیسانه‌وه پاریس له یاده‌وه‌ری كورد ده‌بێته‌وه به ڕزگاركه‌ره مێژوویه‌كه‌ی كه كورد هه‌رده‌م كۆنفرانسی ڤێرسا و په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ری ساڵی 1920 له پاریس له یاد ناكات و به بایه‌خه‌وه سه‌یری ده‌كات، ئه‌وه له یاد ناكرێت كه له كۆشكی ڤێرسای شه‌ریف پاشای خه‌ندان وه‌ك نوێنه‌ری كورد هه‌ژماركرا و بووه ئه‌ندامی ئه‌و كۆنفرانسه جیهانیه‌ی ئه‌و كات، هه‌روه‌ها له سیڤه‌ریش بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوو بریار له دروستكردنی ده‌وڵه‌تێك بۆ كورد درا. لێره‌وه ده‌كرێ هه‌ندێك خاڵ وه‌ك هۆكاری سه‌ردانه‌كه‌ی هۆڵاند بۆ هه‌ولێر بخه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: نیشاندانی هه‌ژموونی وڵاته‌كه‌یه‌تی به‌سه‌ر هاوكێشه سیاسیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ده‌رچوون له ژێر ڕكێفی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا به پێچه‌وانه‌ی ساركۆزی سه‌رۆك كۆماری پێشوو كه زۆر جار نه‌یاره‌كانی له ناوه‌خۆی فه‌ڕه‌نسا به كارمه‌ندێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكایان ده‌ناساند، ئه‌گه‌ر سه‌یریش بكه‌یت ئه‌م سه‌ردانه ڕۆژێك پاش وتاره‌كه‌ی ئۆباما بوو له باره‌ی چۆنیه‌تی به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش كه ئه‌مرۆ زۆربه‌ی وڵاتانی دونیا به مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی جیهانی ده‌زانن، هاوكات خۆ جیاكردنه‌وه‌یه‌تی له بارك ئۆباما كه په‌یڕه‌وه‌ی خۆ به دوور گرتن له جه‌نگ ده‌كات.
دووه‌م: ڕاسته‌وخۆ نزیكبوونه‌وه‌یه له شه‌ڕگه‌كانی وڵاتی سووریا كه ڕوسیا و چین و ئێران چه‌ند ساڵێكه به‌ربه‌ستن له به‌رده‌م فه‌ڕه‌نسا و وڵاتانی ڕۆژئاوا تا بچنه ناو وڵاتی سووریا به به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی دژی ڕژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌ساد.
سێیه‌م: له ماوه‌ی ڕابردوو له ئاستی ناوه‌خۆی فه‌ڕه‌نسا ده‌نگێكی زۆر به‌دیده‌كرێت به‌وه‌ی خۆری هۆڵاند ئاوا بێت و نه‌توانێت له هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی ساڵی 2017 كورسیه‌كه‌ی مسۆگه‌ر بكاته‌وه، به تایبه‌ت وه‌ك له هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانی و په‌ڕله‌مانی ئه‌وڕوپی ئه‌مساڵ ده‌ركه‌وت سۆسیال دیموكراته‌كان ده‌نگیان كه‌می كردووه به‌م سه‌ردانه ده‌یه‌وێ وه‌ك سه‌رۆكێكی به‌هێز له لایه‌ن هاوڵاتیانی فه‌ڕه‌نساوه ده‌ركه‌وێته‌وه، به پشت به‌ستن به بنه‌ماكانی جاڕی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤ كه له پاریس له چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو نووسراوه دیسانه‌وه پێگه‌دانه به وڵاته‌كه‌ی و جۆرێكه له ڕه‌چه‌شكێنی كه پاریس هه‌رده‌م ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ناوه له كاره‌ساته مرۆییه‌كانی جیهان.
چواره‌م: شاردنه‌وه‌ی كه‌م و كوڕیه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی به تایبه‌ت كه له ماوه‌یه‌كی كورتد دوو جار حكومه‌تی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه. به‌مه‌ش چوونی سه‌رۆك بۆ شوێنه گه‌رمه‌كانی دونیا كه هه‌موو جیهان چاوی له‌سه‌ره جۆرێكه له له‌بیر بردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی ناوه‌خۆ، كه ئه‌مه هۆڵاندی پێ جیا ده‌كرێته‌وه به‌وه‌ی پێشتر سه‌ردانی وڵاتی مالیشی كرد.
پێنجه‌م: هه‌ولێر له ڕووی جیۆپۆلیتیكه‌وه (جوگرافیای سیاسی) گرینگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه بۆیه ئه‌م سه‌ردانه‌ی له یه‌ك كاتدا په‌یامێك بوو بۆ تاران كه ئه‌گه‌رچی سه‌خت بێت له پاریسه‌وه سه‌یری دیمه‌شق بكه‌م ده‌شێ له ڕێگای هه‌ولێره‌وه سه‌یری دیمه‌شق و تارانیش بكه‌م! هاوكات به ئه‌نقه‌ره‌ش بڵێ سه‌خت ده‌بێت ئه‌گه‌ر بته‌وێت په‌یوه‌ندیه ئابووریه‌كانت له‌گه‌ڵ پاریس كه‌م بكه‌یته‌وه و فشار بكه‌یت وه‌ك له كه‌یسی به جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كان كردی و توانی ئه‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی فه‌ڕه‌نسی له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ده‌وڵه‌تی ئه‌و وڵاته هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه به بیانووی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووریه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌یه‌وێ به توركیا بڵێت گواستنه‌وه‌ی جیهادیه‌كان له پاریسه‌وه بۆ ئه‌سته‌نبۆڵ و یارمه‌تیدانیان قبوڵكردنی ئاسان نابێت چونكه وه‌ك وه‌زاره‌تی ناوه‌خۆی فه‌ڕه‌نسا ڕایگه‌یاندووه: زیاتر له 1000 جیهادی به ره‌گه‌زنامه فه‌ڕه‌نسی له ریزه‌كانی ڕێكخراوه جیهادیه‌كانن! بۆیه به ئه‌نقه‌ره ئه‌ڵێت ئه‌بێ ڕێگری لێ بكه‌یت، هاوكات ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه سیاسیه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان كه له توركیا روویداوه به بوونی كه‌سێكی دیپلۆماتێكی وه‌ك داود ئۆغلۆ به سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته بیه‌وێت پرۆسه‌ی به ئه‌ندامبوونی توركیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا خێراتر بكات كه فه‌ڕه‌نسا زۆر كات به‌ربه‌ست بووه، لێره‌وه سیاسه‌تی ئۆغلۆ ئاوه‌ژوو بكاته‌وه كه به زیرۆ كێشه ناسراوه، هه‌ڵبه‌ت هه‌ولێر له‌ناو ئه‌م هاوكێشه‌یه به‌ده‌ر نیه چونكه له ڕووی جوگرافیای سیاسیه‌وه قه‌ندیل زۆر نزیكی هه‌ولێره!
هه‌ولێر چۆن سه‌یری ئه‌م سه‌ردانه بكات؟
ئه‌م سه‌ردانه گرینگیه‌كی زۆری بۆ هه‌رێمی كوردستان تێدایه ئه‌گه‌ر بتوانێت به كاری بهێنێت، به تایبه‌ت له‌م ماوه‌یه‌ی كه هۆڵاند له‌سه‌ر كاره، وه‌ك له پڕێس كۆنفرانسه‌كه سه‌رۆك ئاماژه‌ی به‌م په‌یوه‌ندیه دێرینه‌ی نێوان فه‌ڕه‌نسا و گه‌لی كورد كرد كه له كۆنه‌وه سۆسیال دیموكراته‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ولێر دروستیان كردووه ، بۆیه ده‌بێ هه‌ولێر سه‌رده‌می میتڕانه‌كان و كۆشنه‌ره‌كان تێبپه‌ڕێنێت كه په‌یوه‌نیدیه‌كانیان زیاتر مرۆیی بووه به‌ڵكو ئه‌بێ تا ئه‌م ماوه‌یه بریاری یه‌كلایكه‌ره‌وه بدات، هاوكات ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه ئابووریه‌ی كه فه‌ڕه‌نسا له ڕێگای كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه كۆمپانیای تۆتاڵ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌تی زیاتر په‌ره‌ی پێ بدات و ڕێگایان بۆ بكاته‌وه. هاوكات فه‌ڕه‌نسا به چاوی ستایش و ڕێزه‌وه سه‌یری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كات، كه له به‌رانبه‌ر شه‌ڕی تیرۆر و له هه‌مان كاتدا كوردستان بۆته شوێنێكی ئارام بۆ ئاواره‌كانی هه‌موو عێراق به تایبه‌ت كرستیانه‌كان كه ئه‌مرۆ پاریس گرینگیه‌كی زۆریان پێ ده‌دات و به‌جۆرێك هه‌موو كرستیانێك كه مه‌ترسیان له‌سه‌ره به ئاسانی مافی مانه‌وه‌یان له وڵاته‌كه‌یان پێ ده‌دات، هاوكات ئاشتكردنه‌وه‌ی پاپای ڤاتیكانه كه دوای ئه‌وه‌ی پاریس یاسای هاوڕه‌گه‌زبازی ئیمزا كرد له لایه‌ن پاپاوه ڕه‌خنه‌ی ئاڕاسته كرا. له هه‌مووشی گرینگتر له‌م قۆناغه بۆ هه‌ولێر ئه‌وه‌یه كه دوای ئه‌وه‌ی به‌شداریكردنیكردنی له حكومه‌ته‌كه‌ی به‌غداد كه زۆرێك له چاودێران به لاوازی سه‌یری ئه‌و به‌شداریكردنه‌یان كرد به‌مه‌ش جارێكی‌تر پێگه‌ی هه‌ولێری به‌رانبه‌ر به به‌غداد به‌هێز كرده‌وه.
* خوێندكاری ماسته‌ر له بواری یاسا له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا.