بێهوایی لەئایندەی رۆژئاوای کوردستان… بارزانی چی پێ گوتن ؟

0

رزگار رەزا چوچانیبێهوایی لەئایندەی رۆژئاوای کوردستان

بارزانی چی پێ گوتن ؟

رزگار رەزا چوچانی / سوید

ئەو هاوپەیمانێتییەی لەسەر ئاستی جیهان دژ بەداعش لەدروستبوندایە، بۆ کوردی رۆژئاوا موژدەی پێ نییە، چونکە کوردانی ئەوبەشەی وڵات یەکگرتوونین، و دابەشی سەر چەند بەرەیەکن، بەرەی دەسەڵات بەدەستیش گومانبارە.

ئەو هێزەی کە بەزۆری چەک دەستی بەسەر گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی و ئیداری ئەو بەشەی وڵاتدا گرتووە، کەبریتییە لەپەیەدە و باڵێکە لەپەکەکە، هێزێکە ئاسان نییە پێگەیەک بۆخۆی لەناو گرنگیدانی ئەو هاوپەیمانێتییەدا دروست بکات، چونکە بۆخۆشی بەپێی یاسای هاوپەیمانێتییەکە بەشێکە لەتیرۆر.

من مەبەستم نییە بڵێم پەیەدە هێزێکی تیرۆرستە، هێندەی ئەوەی مەبەستمە بەپێی یاسای ئەمریکا قسە بکەم، کە تێیدا پەکەکە رێکخراوێکی نامەقبول و تیرۆرستە، و ئامادەنییە هیچ مامەڵەیەکی لەگەڵ بکات، ئەوە جگە لەوەی تورکیا ئەندامێکی ناتۆیە، ناتۆش بەشێ شێری هەیە لەو هاوپەیمانێتیەی دژ بەداعش لەدروستبوندایە. ئاخر ناکرێ پێمانوابێ، دوو دژ، دوو سوپای دوژمن بەیەک کە پەکەکە و سوپای تورکیان لەگرنگی هاوپەیمانێتییەکدا جێگایان دەبێتەوە، خۆ ئەگەر ئەمە ڕبووبدات، ئەوە پەکەکە چیتر پێویستی بەخەبات نییە، تەنها جێبونەوەی لەگرنگیپێدانی هاوپەیمانێتییەکەدا داننانی جیهان دەبێت بەرەوابوونی خەباتی پەکەکە و ناڕەوابوونی تورکیا لەڕووبەڕووبونەوەیدا، کە ئەوەش مەحاڵە.

لایەنێکی تر کەدیسان رێگرە لەهێزی باڵا دەست لەرۆژئاوای وڵات، بۆ جێبونەوەی لەگرنگی هاوپەیمانی دژە داعشدا، هەژمارکردنی هێزەکانیەتی بەبەشێک لەسوپای ئەسەد لەلایەن جیهانەوە، نا عەقڵانی سیاسەتیەتی لەهەڵبژاردنی بەرەیەک کەتێیدا ئایندەیەک بۆ وڵات و خەڵکی وڵاتەکەی بنیات بنێت، هەروا ئاسانیش نییە بەم زویییە ئەو گومانە لەسەر خۆی بڕەوێنێتەوە کەبەشێک نییە لەهێزەکانی ئەسەد، دەی ئەگەر بەشێکیش بێ لەهێزەکانی ئەسەد، ئەوە ئۆباما کەبڕیارە رابەرایەتی هاوپەیمانی دژە داعش بکات، رایگەیاند، هاوکاری ئەسەد ناکەن و لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن هاواهەنگی دەکەن.

رەنگە پرسیار ئەوە بێ، باشە ئەگەر داعش لەناو بچێ، ئامانج رووخانی ئەسەد نەبێ، پەیەدە چی زیانێک دەکات ؟

بێگومان وەڵامی ئەوەش ئاشکرایە، کە دوای هاتنە مەیدانی هاوپەیمانان بۆ هاوکاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا، ئەگەر ئامانجی شاراوەی روخاندنی ئەسەدیشیان پێ نەبێ، هێشتاش هێندەی تر جێگە بەئەسەد لێژ دەبێت، و هێندەی تریش پێگەی حکومەتەکەی لەق دەبێت، کە رەنگە ناچار بەزۆر سازشی بکات بەرانبەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی، ئەوکات پەیەدەش دەبێتە بەشێک لەولاوازبونەی ئەسەد و لەبنکەی شکستەوە دەچێتە ناوحیوار بۆ لەیەک گەشتن لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، کە دەکرا تەنها یەک مانگ لەمەوبەر پەیەدە لەبنکەی هێز و سەرکەوتنەوە بچێتە ناو ئەو حیوارە، بەڵام تێنەگەشتنی لەسیاسەت و ئاراستەی سیاسەتی جیهان رێگای نەدا.

ئەوە جگە لەوەی کە هیچ گەرەنتییەک نییە، بۆ پەیەدە توانای رێگری لەهاتنی سوپای ئازاد هەبێ بۆ شارەکوردییەکان، یان بۆ دروستکردنی نەوایەکی ئارام لەسوریا بۆ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەژێر چاودێری جیهاندا، کە شارەکوردییەکانیش بگرێتەوە، لەوەها دۆخێکیشدا بێگومان ئەولەویەت نەک هەر لای پەیەدە نابێ، بەڵکو جێگاشی نابێتەوە لەناو ئەو هێزانەی کە لای جیهان لە ئەولەویەتدان.

هەرچۆن سەیری دۆخەکەو هاتنە مەیدانی جیهان بکەیت، پێشبینییەکان بۆ کوردی رۆژئاوا جێی دڵخۆشی نین، بۆیە تاکە رێگای دەربازکردن و رزگارکردنی رۆژئاوا، هەولێرەو گەڕانەوەی هەرچی زووتریانە بۆ هەولێر، کە هاوکاریان بێ لەبزرنەکردنی ئایندەی کوردانی ئەو بەشەی وڵات و جێکردنەوەیان لەهاوپەیمانی جیهانیدا، لە وەرگرتنی گەرەنتی بۆ کورد کە لەتەسوییەکردنی داعش و هێزە دروستکراوەکانی دەستی ئەسەددا، ئەوان زیانمەند نابن و دەمێننەوە.

بێ دوو دڵی هەولێر هەمیشە ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی ئەو هاوکارییە بە کوردانی رۆژئاوای وڵات، ئەویش تەنها بەمەرجی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردانی ئەو بەشەی وڵات و وازهێنانی پەیەدە لەتاکڕەوی و خۆسەپاندن، ئاخر لەمێژە بارزانی بانگیان دەکات بۆ یەکگرتووی و یەک هەڵوێستی، و نوسینەوەی ستراتیژیەتێکی روون و هەڵبژاردنی سەنگەرێک کە ئایندە خزمەتی پرسی کورد لەو بەشەی وڵاتتدا بکات، بەڵام پەیەدە و پەکەکە گوێیان نەگرت و دۆخی وڵاتیان گەیاندە ئێستا، کە نازانن ئایا هاوپەیمانی جیهان قبوڵیان دەکات، یان وەک بەشێک درێژکراوەی دەسەڵاتی ئەسەد لێیان دەڕوانێ.

ئەوەی تا ئاستێک من بێهوا دەکات لەداهاتووی ئەو بەشەی وڵات، بەردەوامیی سیاسەتی هەڵەی پەکەکەیە، کە پێموایە ئێستاش رێگایان نادات پەنا بهێننەوە بەر هەولێر، پەلەقاژەی دۆزینەوەی بەدیلێکیانە بۆ هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ ئەسەد، لای ئەوان گرنگ نییە ئەو هاوپەیمانێتییە لەگەڵ کێ بێ و چەند لەسودی وڵاتبێ، هێندەی گرنگە کە لەڕێی هەولێرەوە کار بۆ ئەو بەشەی وڵات نەکرێ. ئاخر لەدوای رەتکردنەوەی چەند ساڵی سوپای ئازادی سوریا لەلایەن پەیەدەوە لەکاتێکدا کە ئەو سوپایە لەپێگەیەکی لاوازەوە داوای رێککەوتنیان لەگەڵ کورد دەکرد، لەم یەک دوو رۆژە دوای بیستنی دروستبوونی هاوپەیمانی جیهانی دژ بەداعش و لەسودی سوپای ئازاد کە پێگەیەکی بەهێزی بۆ دروستکردووە، تازە بەتازە پەیەدە چووەتە ناو حیوار لەگەڵ سوپای ئازادی سوریا، کەمەستی بەدەمەوەچوونی جیهانەو مافی خۆیەتی ئێستاش پەیەدە وەک بەشێک لەئەسەد ببینێ.

ئاخر ئەوە لەکوێ پەیەدە پرسی کورد بباتە حیوار لەگەڵ هێزێکی لۆکاڵی نیمچە میلیشا بەناوی سوپای ئازاد و ئەوە لەکوێ بارزانی پرسی کوردی ئەوە بەشەی کوردستان، بباتە سەرمێزی سەرکردەو رابەرە بڕیار بەدەستەکانی جیهان، خۆ لەبیرمانە مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان، لەوتارێکدا لەرۆژی ١٩ی ١١ی ٢٠١٣، وتی من بەلایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوام وتووە”پێش هەموو شت هەیئەتێک دروستبکەن کەنوێنەرایەتی ئێوە بکات، ئەمە مەرجە، ئێمە ئامادەین هەموو پشتیوانییەکتان بکەین، دواتر گەشتنە ئەوە هەیئەتێکی عولیایان دروستکرد کە پێکەوە بن، منیش پێموتن ئێوە پێکەوەبن، نەچن خۆتان موحتاجی دەرگای هیچ دەوڵەتێک نەکەن، چیتان پێویست بوو وەرن من پێتانی دەدەم، لەروسیا لەگەڵ پۆتین قسەمکرد، لەگەڵ ئۆباما قسەمکرد، لەپاریس لەگەڵ هۆلاند قسەمکرد، هەموو بەڵێنیان دا کە ئەوان پشتی کورد دەگرن”. بەڵام پەیەدە ئەنجام بە تێکدانی یەکڕیزی کورد لەو بەشەو بەهەوڵی خۆ سەپاندن هەموو ئەو هەوڵانەی بارزانی راگرت و کوردی کردەوە هاوپەیمانی ئەسەد.

وەک باسمکرد هەواڵەکان موژدەیەکیان بۆ ئەو بەشەی وڵات پێ نییە، بەڵام هیواخوازم کەرەنگە دەرفەت مابێ لەبەردەم کوردانی رۆژئاوادا، هەرچی زووە خۆیان بگەیەننە هەولێر، دوابکەن بارزانی هەوڵەکانی بخاتەوەگەڕ بۆیان لەرێی هەولێرەوە خۆیان نزیک بکەنەوە لەسەنگەری جیهانی دژ بەتیرۆر و  پرسی نەتەوەکەی خۆیان لەو بەشدا بکەنە پرسێکی جیهانی، چیتر بەدیار گیانەڵای ئەسەدەوە، چارەنوسی میللەتێک نەدەنە دەست قەدەر.

ئەم بابەتە لە گۆڤاری سڤیل چاپکراوە.

بۆ بیستنی قسەکانی بارزانی ئەم ڤیدیۆ ببینە

[youtube id=”bmLW6hH1LGc” width=”633″ height=”356″]

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com