كێ ئازایه خاك ئازاد بكات‌و ببێته خاوه‌نی
نەوزەت شەمدین
له‌و كاته‌وه‌ی داعش له‌سه‌ره‌تای مانگی ئابه‌وه په‌لاماری ناوچه جێناكۆكه‌كانی دا كه زیاتر له ده ساڵه به‌ده‌ست كورده‌وه، پرسیاری ئه‌وه هاته ئاراوه پاش زریانه‌كه‌ی داعش چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه چی به‌سه‌ردێت.
له‌مێژه چاودێران وتویانه ماده‌ی 140ی ده‌ستوری عێراقی كه په‌یوه‌سته به‌ناوچه جێناكۆكه‌كانه‌وه به‌م داڕشتنه‌ی ئێستا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به‌مردوویی له‌دایكبووه، چونكه به‌روونی كاتی جێبه‌جێكردنی ده‌ستنیشان نه‌كردووه‌و ئه‌وه‌شی روون نه‌كردووه‌ته‌وه كه ئه‌گه‌ر ماده‌كه جێبه‌جێ نه‌كرێت چی رووده‌دات.
هه‌ر ئه‌و كاته‌ی پێشمه‌رگه بۆشایی سوپای عێراقی له‌ناوچه جێناكۆكه‌كان پڕكرده‌وه، راسته‌وخۆ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان رایانگه‌یاند كه ئیتر پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه ناكشێته‌وه، پێده‌چێت ئه‌م قسه‌یه‌ش به‌ته‌واوی بچێته سه‌ر ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا پێشمه‌رگه ناچار به‌كشانه‌وه نه‌كات.
غیاسه‌دین نه‌قشبه‌ندی پسپۆڕ له‌كاروباری ستراتیژی كوردی ئه‌وه‌ی بۆ “نیقاش” رونكرده‌وه كه له‌رووی پراكتیكییه‌وه هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی پێشمه‌رگه له‌ده‌ست داعشیان ده‌سه‌نێت به‌ته‌واوی ده‌كه‌ونه ژێر ركێفی كوردی‌و ده‌بێت رێوشوێنی نوێ دیاریبكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه.
نه‌قشبه‌ندی وتیشی “ئه‌وه‌ی روویدا داعش به‌ماوه‌ی شه‌وو رۆژێك هه‌موو هاوكێشهكهی گۆڕی، هه‌ندێك پێیان وابوو داعش به‌م هه‌نگاوه خزمه‌تی كوردی كردووه، به‌ڵام له‌پڕ پێچه‌وانه بووه‌و رووی به‌ره‌و هه‌رێم وه‌رگێڕاو پێشمه‌رگه‌ی تووشی شه‌ڕێك كرد كه خۆی بۆ ئاماده‌نه‌كردبوو، چونكه به‌شه‌ڕی خۆی نه‌ده‌زانی”.
به‌قسه‌ی ئه‌و پسپۆڕه هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی له‌مه‌ودوا رووده‌ده‌ن ده‌چنه ژێر یه‌ك ناونیشانه‌وه ئه‌ویش: “خاك بۆ ئه‌و لایه‌نه‌یه كه ئازادی ده‌كات”.
له‌لای خۆیه‌وه رۆژنامه‌نووس قاسم خزر پێی وایه له‌گه‌ڵ ئازادكردنی ئه‌و ناوچانه له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه ئیتر ده‌بن به‌به‌شێك له‌هه‌رێمی كوردستان‌و له‌مڕووه‌وه به”نیقاش”ی وت “كێشه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان ئێستا گرێنه‌دراوه به‌حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه، به‌ڵكو كورد ده‌بێت دانوستان له‌گه‌ڵ سوننه بكات هه‌ركاتێك له‌دژی داعش راپه‌ڕین”.
به‌درخان سندی رۆژنامه‌نووسیش پێی وایه لایه‌نی كوردی كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه لایه‌نه عێراقییه‌كانی تر بگه‌یه‌نێته ئه‌و بڕوایه‌ی له‌رووی یاساییه‌وه مافی خۆیه‌تی ناوچه جێناكۆكه‌كان بخاته‌وه بنده‌ستی، چونكه ئیتر جێناكۆك نه‌ماون له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدادا، بۆ ئه‌مه به”نیقاش”ی وت “جاران سنوری هه‌رێم به‌سنوری حكومه‌تی عێراقی فیدراڵه‌وه بوو، به‌ڵام ئێستا سنوری بهداعشهوهیه”.
به‌درخان ده‌شڵێت “حكومه‌تی به‌غدا نه‌یتوانی ئه‌و ناوچانه بپارێزێت، بۆیه نابێت له‌مه‌ودوا باسی ئه‌و زه‌ویانه بكات كه پێشمه‌رگه به‌رگری لێكردوون، ئه‌و هێزانه‌ی به‌غدا ئاماده نه‌بووه چهكو موچه‌یان بداتێ”.
ناوچه جێناكۆكه‌كان له‌نێوان هه‌رێم به‌غدا جگه له‌كه‌ركوك چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگای دیاله‌و سهلاحهدینو نه‌ینه‌وا ده‌گرێته‌وه، له‌و ناوچانه‌شدا كورد‌و عهرهبو مهسیحیو ئێزدی‌و توكمانو شه‌به‌ك پێكه‌وه ده‌ژین.
هه‌تا پێش رۆژی 3ی ئاب كه داعش په‌لاماری شنگالی دا‌و به‌هه‌زاران ئێزدی ئاواره‌ی سه‌ر چیا كرد‌و سه‌دانی لێ كوشتن‌و لێی رفاندن هه‌ندێ كه‌س پێیان وابوو هه‌رێم به‌شاراوه‌یی ده‌ستێكی له‌گه‌ڵ داعشدا تێكه‌ڵكردووه.
عه‌لا به‌هجه‌ت نوسه‌رو رۆژنامه‌نووس بۆ “نیقاش”ی باسكرد “زۆركه‌س له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌وه‌یان نه‌ده‌شارده‌وه كهههرێمو داعش هاوپه‌یمانێتییان هه‌یه، به‌ڵام له‌دوای رووداوه‌كانی شنگال‌و مهخمورو شه‌هیدبوونی چه‌ندین پێشمه‌رگه‌وه هه‌موو ئه‌م بۆچوونانه به‌با چوون”.
عه‌لا ده‌شڵێت “له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌رێم سودمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت له‌ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی داعش، چونكه هه‌رێم هێزێكی رێكخراوی هه‌یه‌و به‌پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌توانێت ئه‌و ناوچانه كۆنترۆڵ بكاته‌وه كه جێناكۆكنو ببێته خاوه‌نیان”.
له‌لای خۆیه‌وه عه‌بدوڵا عه‌زیز كه نوسه‌رێكی دانیشتووی دیاله‌یه به”نیقاش”ی وت “هه‌رێم ئه‌و ناوچانه داگیرناكات كه جێناكۆكنو تاكلایه‌نه بڕیاریان لێنادات، دواجار پاش كۆتایی هاتنی قه‌یرانه‌كه هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه دادهنیشنو له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا چاره‌یه‌ك ده‌دۆزنه‌وه كه له‌ئاینده‌دا قه‌یرانی لێ نه‌كه‌وێته‌وه”.
به‌ڵام به‌شێك له‌دانیشتوانی ناوچه جێناكۆكه‌كان بۆخۆیان بۆچوونێكی تریان هه‌یه، بۆ ئه‌مه عروبه بایه‌زید چالاكوان‌و راوێژكاری پێشووی پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ كاروباری ئێزدییه‌كان پێی وایه حكومه‌تی هه‌رێم شكستی هێناوه له‌پاراستنی شنگال‌و هێزی پێشمه‌رگه خه‌ڵكه سیڤیلهكهی خستووه‌ته به‌ر ره‌حمه‌تی داعش، بۆیه پێی وایه ئه‌بێت ئێزدییه‌كان به‌سه‌رپه‌رشتی لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی ناوچه‌كانی خۆیان بپارێزن، یان كۆچی به‌كۆمه‌ڵ بكه‌ن.
ئه‌م قسه‌یه یه‌كده‌گرێته‌وه له‌گه‌ڵ بۆچوونی سه‌رگۆن سه‌لاح چالاكوانی مه‌سیحی كه به”نیقاش”ی راگه‌یاند دانیشتوانی ناوچه جێناكۆكه‌كان ده‌بێت خۆیان بڕیار له‌چاره‌نووسی خۆیان بدهنو وتی “پێم وایه زۆریان داوای دروستكردنی پارێزگای سه‌هلی نه‌ینه‌وا ده‌كه‌ن پاش ئه‌وه‌ی بێهیوابوون له‌هه‌ردوو حكومه‌تی ناوهندو هه‌رێم، چونكه هیچیان نه‌یانتوانی بیانپارێزن”.
ئه‌و هاوڵاتییه عه‌ره‌بانه‌ی به‌م دواییه بۆ ناوچه جێناكۆكه‌كان هه‌ڵهاتوون ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه جۆرێك لهرقو كینه له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌و دراوسێ كوردهكانیانهوه به‌رامبه‌ریان هه‌یه، چونكه پێیان وایه ئه‌وان پشتیوانی داعشیان كردووه‌و موڵك‌و ماڵی كوردیان تاڵانكردووه.
به‌شێك له‌و عه‌ره‌بانه پێیان وایه ئه‌وه‌ی رووده‌دات به‌كوردی كردنی ئه‌و ناوچانه‌یه به‌بیانووی شه‌ڕی داعش، ئه‌مه‌ش شوێنگره‌وه‌ی بڕگه‌ی راپرسییه له‌ماده‌ی 140 كه پاش هاتنی داعش به‌راستی بووه به‌به‌شێك له‌رابردوو.
سەرچاوە: نیقاش
