ژنێك بەرامبەر (17) پیاو
سەری پەتە شێواوەكانی یەكێتی دەكەونە دەست هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد
راپۆرتی: كاوە شێخ عەبدوڵڵا
كاتێ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رێبەرایەتی شۆڕشی دەستپێكرد لەهاوینی ساڵی ١٩٧٦و دواتر بووە بەهێزترین هێزی سیاسی لەكوردستانی عێراق بەسەرۆكایەتی جەلال تاڵەبانی، هاوسەری تاڵەبانی تەنیا كامێرایەكی ڤیدیۆی بەشانەوەبوو وێنەی لەو پێشمەرگانە دەگرت كە بە چالاكییە چەكدارییەكانیان سوپای عێراقیان هێنابووە لەرزە.
ئەو بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵەی كە حیزبەكەیو مێردەكەی لەلوتكەدابوون، تەنیا كارێكی سادەی وەكو وێنە گرتنی لەئەستۆ گرتبوو، ئێستا كە تاڵەبانی لەگۆڕەپانی سیاسی دابڕاوەو هاوسەرەكەیشی پیربووە، وا پێدەچێ ئەو بێتە جێگرەوەیەكی بەهێزو بتوانێ بڕیار لەچارەنووسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بدا كە بەفیعلی حاكمی بەشێكی زۆری كوردستانی عێراقە. ئەویش هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەو زیاتر بەهێرۆ ئیبراهیم ناوی دەبرێ.
هێرۆ ئیبراهیم ساڵی ١٩٤٨ لەباوكێكی سلێمانەییو دایكێكی خەڵكی لای دهۆك لەدایكبووە، ماڵباتی هێرۆ لەنێو سیاسەتدا هەڵشێلراونو هاوسەرگیری دایكو باوكیشی، زیاتر هاوسەرگیرییەكی سیاسییانەیە تا ئەوەی ئەوینداریی بووبێ. كاتێ باوكی هێرۆ (ئیبراهیم ئەحمەد) لەگەڵ هەمزە عەبدوڵڵا بەنۆرە دەبنە سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیوەندیی ئەو دوو سیاسەتوانە بەكۆمەڵێك بەرزییو نزمیدا تێدەپەڕێ هەر لەركەبەرایەتی یەكتر تا ئەوەی هاوسەرگیرییەكی تەقلیدی (ژن بەژن) لەنێوانیان دروست دەبێ، دواجار هەمزە عەبدوڵڵا بەتەواوی لەحیزب دەردەكرێ، بەڵام هاوسەرگیرییەكەی ئیبراهیم ئەحمەدو عەبدوڵڵا بەدەستكاری نەكراوی دەمێنێتەوە.
هێرۆ ئیبراهیم پێنج خوشكو دوو برای هەن، بەڵام هیچیان وەكو ئەم ناسراو نین ئەویش بەهۆی ئەوەی هاوژینی مام جەلالەو بۆ خۆیشی زۆرتر بەكاروچالاكییە رۆشنبیرییەكانی دەناسرێتەوە. ئەو بەهۆی ژیانی سیاسی باوكیو دواتر شووكردنی بەمام جەلال، درەنگتر لەكاتی خۆی، زانكۆی تەواوكرد كە ساڵی ١٩٧٢ بەشی دەروونناسیی لەزانكۆی (موستەنسریە)ی بەغدا بوو.
رۆڵی نادیار
هاوسەری مام جەلال، ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ چوار پیاوی دیكە دەبێتە ئەندامی سكرتاریەتی مێردەكەی كە ئەو كاتە سكرتێری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو، یەكێتی لەسێ باڵی كۆمەڵەی رەنجدەران، بزووتنەوەی سۆسیالیست، پارتی شۆڕشگێران پێكهاتبوو. ئەوە یەكەمین پۆستی حیزبیی بوو كە هێرۆ ئیبراهیم وەریگرت، دوای ئەوە رۆڵی ئەو وەكو هاوسەری تاڵەبانی بەنادیاری مایەوە. لەهیچ قۆناغێكی سیاسی مێردەكەی بەشدارییەكی ئاشكراو بەرچاوی نەبووە تا ئەو كاتەی لەهاوینی ساڵی ٢٠١٠ لەكۆنگرەی سێیەمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەبەدەستهێنانی ١٠٧٠ دەنگ بووە یەكەمی كۆنگرەو پێشی هەموو پیاوەكانی دایەوە.
هێرۆ ئیبراهیم ساڵی ١٩٩٧ دەستی بەدامەزراندنی دامەزراوەیەكی میدیایی كرد لەشاری سلێمانی بەناوی (ناوەندی چاپەمەنیو راگەیاندنی خاك) ئەو دامەزراوەیە بریتی بوو لەپەخشی تەلەفزیۆنێكو چاپكردنی دوو گۆڤار (خاكو سیخورمە) ناوو ناوەڕۆكی ئەو میدیایانە بۆ ئەو كاتی كوردستان زۆر تازەو پێشكەوتوو بوون، لەپاڵ ئەو كەناڵەدا كاری رێكخراوەیی كۆمەڵی مەدەنی دەستپێكردو (رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان)ی دامەزراند. ئەو رێكخراوە كاروچالاكییەكانی تا ئەم دواییەش هەر لەچوارچێوەی سنووری پارێزگای سلێمانیدابوو. دواتر سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ بەكردنەوەی (كەناڵی ئاسمانیی كوردسات) كە هێرۆ ئیبراهیم راستەوخۆ تائێستاش سەرپەرشتی دەكات، كارە میدیاییەكانی ئەو ژنە چووە قۆناغێكی دیكەو دواتر بووە تەنیا دەزگایەكی میدیایی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە هەرگیز نەچووە ژێر ركێفی (مەكتەبی راگەیاندن)ی ئەو حیزبەوە.
كاتێ تاڵەبانی نەخۆشكەوتو لەئەڵمانیا چارەسەر دەكرا، تەنیا كەناڵێك وێنەو ڤیدیۆی دەركەوتنی ئەوی لێوە پەخش دەكرا، كەناڵی ئاسمانیی كوردسات بوو. میدیا رەسمییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەر ئەو وێنەو ڤیدیۆیانەیان پەخش دەكرد كە لۆگۆی كوردساتی پێوەبوو. ئەوە نیشانیدا، دەسەڵاتی هێرۆ ئیبراهیم لەدەرەوەی مەكتەبی راگەیاندنی حیزبەكەیەتی.
هێرۆ ئیبراهیم لەماڵباتێكی دەستڕۆیشتووی سیاسیو رۆشنبیریی لەدایكبوو، باوكی ئەو لەپاڵ كاری محاماتو ئەدەبیاتو رۆشنبریی، بووە سەركردەو رێبەرێكی بەرچاوی شۆڕشی كوردستان. كاتێكیش هێرۆ گەورەبوو، شووی بەپیاوێك كرد، سەر لەبەری ژیانی پڕی بوو لەهەڵسوكەوتو چالاكی سیاسی، بەڵام ئەمانە نەبوونە هۆی ئەوەی وەكو هەڵسوڕاوێكی سیاسیی دەربكەوێت، قۆناغەكانی گەنجێتیو كامڵبوونی ئەو خاڵین لەچالاكی شەخسی خۆی. پێچەوانەی هاوسەرەكەی، توانای گوتاربێژیی لاوازەو بە ئاسانی ناتوانێ بەكاریگەریی قسەو لێدوانی سەرنجی خەڵك بۆ خۆی رابكێشێ.
حەزێكی زۆری لەكاری هونەری تابلۆكێشان هەیە. ساڵی ٢٠٠٩ بڕی (پێنج دەفتەر دۆلار)ی دا بە تابلۆی كەرێك كە لەلایەن نیگاركێشێكی كوردەوە نەخشێنرابوو، ئەو پارەیە لەكوردستان شتێكی دەگمەنە بدرێت بەتابلۆ. هەروەها خانووەكەی ماڵی باوكی كە كەوتۆتە گەڕەكێكی كۆنی شاری سلێمانیو ئێستا ناوەندی شارە، بەخشیوەتە گەلەرییەك بۆ نیشاندانی كاری هونەرمەندانی كورد. وەكو توانای گوتاربێژییو قسەكردنی بۆ جەماوەر لاوازە، زۆر كەم گوتارو نووسینی لەمیدیاكان بڵاوكردۆتەوە. بێجگە لەو گۆشانەی مانگانە لە(گۆڤاری خاك) دەینووسین كە زۆربەیان گێڕانەوەو چیرۆكی بەراوردكاریی بوون، هیچ كتێبێكی دانراوی خۆی نییە. پێچەوانەی دایكی كە ناوی (گەلاوێژە)و تائێستا چەندین كتێبی لەبواری ئەدەبیاتو بیرەوەرییدا چاپكردووە، لەگێڕانەوەی بەسەرهاتو چیرۆكدا، بڕێك لەدایكییەوە نزیكترە.
لەزۆربەی چالاكییە رۆشنبیرییەكانی شاری سلێمانی بەشداریی دەكاتو بۆ ئەو بۆنانە جلی كوردی لەبەر دەكات، جگەرەكێشێكی بەبڕشتەو دەنگێكی گەورەو رەقی هەیە. هەڤاڵەكانی دەڵێن: لەكاتی كاركردندا زۆر گوێ دەگرێ بۆ پێشنیازی دەوروبەریو لەكاتی قسەكردندا زۆر كەم دەنگی بەرز دەكاتەوە. بەڵام لەكاتی پێویستدا بڕیاری خۆی دەسەپێنێو زۆربەی ئەوانەی كاری لەگەڵ دەكەن پیاون.
خانمی یەكەم
ساڵی ٢٠٠٥ مام جەلال لەسەر لیستی كورد بووە سەرۆك كۆماری عێراق، بەگوێرەی رێساو دیسپلینی سەرۆكایەتیی، ژنی سەرۆك كۆمار دەبێتە خانمی یەكەمی وڵات، بەڵام بەدرێژایی حەوت ساڵ سەرۆكایەتی تاڵەبانی لەكۆشكی سەلام لەبەغدا، هەرگیز هێرۆ ئیبراهیم لەتەنیشتی مێردەكەی وەكو خانمی یەكەم دەرنەكەوت بۆ پێشوازیی لەمیوانەكانی، نەك هەر ئەوە، بەڵكو لەهیچ سەفەرێكی مێردەكەی بۆ دەرەوەی وڵات نەبینرا.
رەنگبێ بۆ عێراقێك كە سەرۆكەكانی بەكودەتا چووبنە سەر دەسەڵات، ئەوە شتێكی ئاسایی بێت كە خانمی یەكەم نە رۆڵی هەیەو نە روو، بۆیە ئەو دیار نەبوونانەی هێرۆ ئیبراهیم نەبوونە جێی سەرنجی عێراقییەكانو بایەخی پێ نەدرا.
خانمی یەكەمی عێراق هەر لەكوردستانو بە تایبەت لەشاری سلێمانی مایەوەو خەریكی كاری خۆی بوو. تا ئەو كاتەی لەكۆنگرەی سێیەمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە١ی حوزەیرانی ٢٠١٠ دەستیپێكرد، لەوێ بەزۆرینەی هەرە زۆری ئەندامانی كۆنگرە بۆ سەركردایەتی ئەو حیزبە دەرچووو زۆرترین دەنگی هێنا ئەوجا بووە خانمی یەكەمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.
بۆ چاودێرانی سیاسیو ئەو كەسانەی بایەخ بەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەدەن، دەرچوونی هێرۆ ئیبراهیم بەو دەنگە زۆرە جێی سەرنج بوو، چونكە تا ئەو كاتە ئەو هیچ پۆستێكی حیزبیی نەبوو. ئیتر لەوێوە هێرۆ ئیبراهیم دەبێتە ژمارەیەكی گەورە لەناو حیزبەكەی خۆیو دواتر پۆستی بەرپرسی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی یەكێتی پێدرا كە بەشادەماری رێكخستنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەژمار دەكرێ.
سلێمانی بۆ یەكێتی وەكو دڵەو خوێن بۆ دەمارەكانی جەستە دەنێرێ، هێرۆ ئیبراهیم بۆ بووژانەوەی ئەو دڵە كە هاوینی ساڵی ٢٠٠٩ بەهۆی دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان جەڵدە لێیدا، راسپێردرا. كەچی لەدواییدا كە نامەی وازهێنانی لەبەرپرسیارێتی مەڵبەندی سلێمانی نووسی لەمانگی ئەیلولی ٢٠١٣ دانی بەوەدا نا كە سەركەوتووە نەبووە لەو هەوڵانەی، چونكە لەهەڵبژاردنی ٢١ی ئەیلولی ٢٠١٣ جارێكی دیكە حیزبەكی تاڵەبانی لەشاری شادەماری دڵی تووشی شكست هات.
سەرەتای دەسەڵات
تاڵەبانی شەوی ١٧/١٢/٢٠١٢ بەهۆی جەڵدەی دەماخ بەپەلە برایە نەخۆشخانە لەبەغدا، سێ رۆژ دواتر نێردرا بۆ ئەڵمانیاو ئەو چوونە زیاتر لەساڵێكو شەش مانگی پێچوو. بەدووركەوتنەوەی تاڵەبانی رۆڵی هێرۆ ئیبراهیم لەناو حیزبەكەی پەیتا پەیتا دەركەوت، سەرەتا بەرێگریكردن لەبینینی تاڵەبانی لەنەخۆشخانەكەی لەئەڵمانیا.
هەر كەسێ تاڵەبانی كۆنتڕۆڵ بكات، وەكو ئەوەیە نیوەی زیاتری یەكێتی كۆنتڕۆڵ كردبێ، چونكە بوونی ئەو بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئۆكسجینێكی سیاسییە. بەدرێژایی ئەو ساڵو نیوەی تاڵەبانی لەنەخۆشخانەبوو، هیچ كەسێ بێجگە لەچەند كەسێكی رێپێدراو لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم، بۆیان نەبوو تاڵەبانی بەكەسیرەبوویی ببینن. تەنانەت دوو جێگرەكەی خۆی لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش.
سیاسییەكانی كوردستان بەمەسعود بارزانیشەوە لەگەڵ سیاسییەكانی عێراق لەبەغدا، زۆر كۆششیان كرد چاویان بەمام جەلال بكەوێ، بەڵام هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد تاڵەبانی بڕیاری داوەو بینین بۆ هیچ كەسێ نەبوو.
كۆتایی ساڵی ٢٠١٣ سەرەتای دەركەوتنی دەسەڵاتی هێرۆ ئیبراهیم بوو لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كاتێ دەبوو ئەو حیزبە كۆنگرەی چوارەمی ببەستێ، بەڵام لەپلینیۆمێكی زۆر كەمدا (ئەم پلینیۆمە لەكوردستان گاڵتەی زۆری پێكرا بەهۆی كەمی ماوەكەیو بڕیارە خێراكانی) كۆنگرە دواخرا. دواتر هەردوو جێگری تاڵەبانی (كۆسرەت رەسوڵو بەرهەم ساڵح) بەئاشكرا رایانگەیاند لەگەڵ بەستنی كۆنگرەنو پێكەوە رایانگەیاند تا ئەو كاتەی كۆنگرە دەبەسترێ، ئەوان دوو ئەندامی ئاسایی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەبن نەك جێگری سكرتێر.
فشارەكانی رەسوڵو ساڵح كاری نەكرد لەویستی هێرۆ ئیبراهیمو كۆنگرە تائێستا نەبەستراوە، بەهۆی قووڵی كێشەكان، دەسەڵاتدارانی ئێران چوونە نێوانگیرییو هەرسێ سەركردە ناكۆكەكە بانگكرانە تاران تا لەوێ رێكبكەون. لەتاران رێككەوتنێكیان مۆركرد بەچاودێری ئێرانییەكان، بەڵام ئەویش هەر لەسەر كاغەز هێڵرایەوەو دەسەڵاتی هێرۆ ئیبراهیم پتەوتربوو.
دوای ئەو رێككەوتنە هێرۆ ئیبراهیم جارێكی دیكە بەرەسمی داوەتی ئێران كراو میدیاكانی ئەو وڵاتە بەسیفەتی (خانمی یەكەمی عێراق) ناویان هێنا. لەو سەردانەدا هێرۆ ئیبراهیم چاوی بەرابەری ئێرانو سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەو سەرۆكی پەرلەمانو وەزیری دەرەوە كەوت. ئیتر لێرەوە رۆڵی ئەو كە ساڵانی پێشتر هەر لەبواری میدیاو رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنیدا بوو، گوازرایەوە بۆ نێو سیاسەتو بووە جێی سەرنجی ئێرانییەكان.
پێشتر لەسەردەمی ناكۆكییەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەلا مستەفا كە ئیبراهیم ئەحمەد رێبەرایەتی دەكرد لەساڵی ١٩٦٣ بە دواوە، باوكی هێرۆ لەبەر هێرشو فشارەكانی مەلا مستەفا پەنای بۆ ئێرانی سەردەمی (شا) برد، هەروەها مێردەكەشی لەو ساڵانەی لەچیا خەباتی چەكداریی دەكرد، دۆستێكی نزیكی ئێرانی سەردەمی خومەینی بوو، لەسەردەمی حوكمدارێتی كوردستان ئەو پەیوەندییانە بەهێزو پتەوتر بوون. ئێستایش خۆی لەگەڵ ئێرانییەكان پەیوەندی سیاسی باشی هەیە چونكە ئەوە رۆشنە مانەوە بەبەهێزیی، پەیوەندی زۆری هەیە بەرەزامەندی تارانەوە.
ژنێك لەجێی پیاوێك
دوای دیار نەمانی تاڵەبانی لەگۆڕەپانی سیاسی، سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گرفتاری ئەوەبوو نەیدەتوانی بڕیاری یەكلاییكەرەوە بدات، ئەو كاتانەی تاڵەبانی لەوێ بوو، دوایین بڕیار ئەو دەیدا، چۆڵبوونی شوێنەكەی بەئاسانی پڕ نەدەكرایەوە، بەڵام دوای هەڵبژاردنی ٣٠ی نیسانی ٢٠١٤ هێرۆ ئیبراهیم تا حەدێك سنووری بۆ ئەو یەكنەبوونەی بڕیار داناو بۆخۆی جڵەوی گرتە دەست، كاتێ دەبوو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كەسێك بەربژار بكات بۆ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەكتەبی سیاسی زۆر كۆبوونەوەی كردو چەند بەربژاری هەبوو، بەڵام دواتر بژاردەی هێرۆ ئیبراهیم كە قوبادی كوڕە بچووكی بوو، ئەو پۆستەی پێدرا لەكاتێكدا چەند بەربژارێكی دیكە كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەبوون چاوەڕوانیان دەكرد ئەوان ببنە جێگری سەرۆكی حكومەت، بڕیارەكەی هێرۆ ئیبراهیم هەرچەند نیگەرانی ناو بەشێك لەمەكتەبی سیاسی لێكەوتەوە، بەڵام بۆی چووە سەر.
گرێكوێرەی دووەم كە هاتە بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كاندید بوو بۆ سەرۆك كۆماری عێراق، سەركردایەتی ئەو حیزبە چەندین كۆبوونەوەی كرد بۆ دیاریكردنی كەسێك، بەڵام وەكو جارەكانی دیكە دژواربوو. مەكتەبی سیاسی دابەشی دوو بەرەبوون بۆ دوو كاندیدو دانەیەكی دەرەوەی مەكتەبی سیاسی، دواجار ئەوەی هێرۆ ئیبراهیم ویستی بووە سەرۆك كۆماری عێراقو لەوەشدا سەركەوتوو لەیەكلاییكردنەوەی بڕیاردا.
ئیتر وردە وردە وا دێتە پێشچاو، ئەو بڕیارانەی مەكتەبی سیاسی پێی یەكلایی ناكرێتەوە، هێرۆ ئیبراهیم دەتوانی بەخواستی خۆی بیانخات بەلاداو جڵەوی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەر لەدەستی بنەماڵەی تاڵەبانیدا بهێڵێتەوە.
دەسەڵاتی ژنانە
بەپتەوبوونی پێگەی هێرۆ ئیبراهیم لەنێو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانو ئەگەری نزیكی بوون بەسكرتێری ئەو حیزبە، لەمێژووی سەد ساڵەی كورد لەعێراق یەكەمجارە رووبدات ژنێك بتوانێ بڕیاری سیاسی حیزبێكی گەورە بگرێتە دەستو ململانێی پیاوەكانی نێو حیزب بكات.
رەنگە لەكوردستان هاوشێوەی (ئەندێرا غاندی) لەهیندستانو (بێ نەزیر بۆتۆ) لەپاكستان دووبارە بێتەوە، بەڵام هێرۆ ئیبراهیم لەوەدا شانسی نییە كە ژنێكی كاریزما نییەو هەرگیز ناتوانێ شوێنی مێردە رەوانبێژو كاریگەرەكەی بگرێتەوە بۆ ئیدارەدانی حیزبێك كە زۆر كەم رێكدەكەوێ سەركردایەتییەكەی بتوانن بەزوویی بڕیارێك دەر بكەن.
هێرۆ ئیبراهیم لەوەدا لەبۆتۆو غاندی دەچێ، كە كچی ماڵباتێك بوون لەباوكیانەوە شانازییو ناوبانگیان بۆ ماوەتەوە، هەروەها لەسێ كۆمەڵگەدا پێگەیشتوون كە هێشتا پابەندی نەریتو كەلتوورێكن هی سەدەكانی پێشووە، بەڵام لەوەدا جیاوازن كە ئەوان هەر لەگەنجێتییەوە خەباتی سیاسییان دەستپێكردو حیزبەكانیان موخالفی ئەوە نەبوون ژنێك رێبەرایەتی حیزب بكات.
بێجگە لەو هۆكارانەی دیكە، پاڵپشتی دەسەڵاتدارانی تاران لەهێرۆ ئیبراهیم وا دەكات كە لەداهاتوودا سەری پەتە شێواوەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەتەواوی بكەونە دەستی هێرۆ ئیبراهیمو مێژوو ئەوە تۆمار بكات بۆ یەكەمجار ژنێك لەكوردستان بووە بڕیاردەر لەحیزبێكدا كە بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستان لەژێر دەسەڵاتی ئەودایەو پیاوە نەیارەكانیشی یان دەبێ مل بدەن بەداواو بڕیارەكانی ئەو، یان دەبێ گۆڕەپانەكەی بۆ چۆڵ بكەنو بۆ یەكەمجار ئەزموونی ژنێك ببینین كە لەسەر كورسییەك دادەنیشێ كە زۆرجار پێویستی بەبڕیاری خۆسەپێنەو دیكتاتۆریانە هەیە.
سەرچاوە: شارپرێس
