بارزانی: هیچ ڕووداو و كارەساتێك نابێتە هۆی ئەوەی گەلی كوردستان لە مافە نەتەوەییەكانی پاشەكشە بكات

0

mesut-barzaniپەیامێک لەبارزانی یەوە

نوچەنێت

مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان، بەبۆنەی ساڵیادی شۆرشی ئەیلولەوە پەیامێکی راگەیاند، لە پەیامەکەدا، دڵنیایی لەوە رادەگەیەنێت كە هیچ ڕووداو و كارەساتێك نابێتە هۆی ئەوەی گەلی كوردستان لە مافە نەتەوەییەكانی پاشەكشە بكات.

هەر لەو پەیامەدا بارزانی دەڵێت”ئەو كارەسات و ناخۆشییەی بەسەر كوردانی ئێزیدی و خوشك و برا مەسیحییەكان و گەلی كوردستاندا هات، ڕەوایەتیی زیاتری مافە نەتەوەییەكانمان پێشان دەدات، پێویستە هەموومان مكوڕتر و پێداگیرتر بین، لە یەكڕیزیی نێوانمان و مسۆگەركردنی هەموو ئەو مافانەی گەلی كوردستان دەیان ساڵە لە پێناویدا خەبات دەكات”.

دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لە كاتێكدا یادی پەنجاوسێ ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەكەینەوە كە گەلەكەمان لە شەڕێكی چارەنووسسازدایە و پێشمەرگە قارەكانمان بە نوێنەرایەتیی هەموو جیهانی ئازاد لەدژی تیرۆریستان دەجەنگن و گەلی كوردستان بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات تیرۆر و داگیركاری بەسەر ئیرادەیدا سەربكەوێت. بڕوابەخۆبوون و ڕەتكردنەوەی زوڵم و داگیركاری هەوێنی سەرەكیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو و بەها و كولتووری ئەم شۆڕشەیە وای كرد لە قۆناغەكانی دیكەی شۆڕشدا گەلی كوردستان لە خەبات و كۆڵنەدانی بەردەوام بێت و دەستكەوت و سەركەوتنی مەزنیش تۆمار بكات. ئێمە ئێستایش دەبێ بە هەمان گیانی بڕوابەخۆبوون و لەپێناو (كوردستان یان نەمان)ـدا لەدژی شەڕانگێزی و تیرۆریست و داگیركاری بجەنگین و هەموو بستە خاكێكی كوردستانیان لێ پاك بكەینەوە.
لە شۆڕشی ئەیلوولدا گەلی كورد پشتی بە ئیرادە و توانا و بڕواكانی بەست و بە بەشداریی هەموو چینوتوێژەكان و بە یەكڕیزی توانی ناسنامە و بوونی خۆی بپارێزێت و ئیرادەی دوژمنان بۆ نەهێشتنی كورد تێكبشكێنێت. لەم یادە پیرۆزەدا پێویستە هەموومان بۆ بەها و ئامانجەكانی گەورەترین شۆڕشی كوردستان كە شۆڕشی ئەیلوولی 1961ـە بگەڕێینەوە و بیكەینە چرای ئەو قۆناغەی ئێستا تێیدا دەژیین. لە شۆڕشی ئەیلوولدا گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی توانی بنەماكانی پێكەوەژیان بكاتە سەرمەشقی ژیانی سیاسیی خۆی و ئەو جەنگەی ئێستا لە دژی تیرۆر دەیكات بۆ پاراستنی ئەو بەها و پڕەنسیپە ئازادیخواز و ئاشتیانەیە كە لە شۆڕشی ئەیلوول بەردی بناخەی بۆ دانرا.
جێگەی شانازییە ئێستا یەكڕیزی و یەكدەنگییەكی تەواو لەنێو هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا هەیە و پشت بە خودا و ئیرادەی گەل و هێزی پێشمەرگە قۆناغی شەڕی دژی هێزە تاریكبین و شەڕانگێزەكان بە سەركەوتوویی تێدەپەڕێنین. لەم یادە پیرۆزەدا بە پێویستی دەزانم كە بە گەلی سەربەرزی كوردستان ڕابگەیێنم كە هیچ ڕووداو و كارەساتێك نابێتە هۆی ئەوەی گەلی كوردستان لە داوا ڕەواكان و مافە نەتەوەییەكانی پاشەكشە بكات. پەلاماری تیرۆریستان و ئەو كارەسات و ناخۆشییەی بەسەر كوردانی ئێزیدی و خوشك و برا مەسیحییەكان و گەلی كوردستاندا هات ڕەوایەتیی زیاتری مافە نەتەوەییەكانمان پێشان دەدات و پێویستە هەموومان مكوڕتر و پێداگیرتر بین لە یەكڕیزیی نێوانمان و مسۆگەركردنی هەموو ئەو مافانەی گەلی كوردستان دەیان ساڵە لە پێناویدا خەبات دەكات. ڕووداوەكانی ئەم دواییە و پەلاماری تیرۆریستانی دڕندە و دوژمنانی ئازادی دەبێ زیاتر هانامان بدات كە هەموومان پێكەوە پەرژینێكی پۆڵایین بۆ گەلەكەمان دروست بكەین كە كوردستان لە ئاگری ڕق و كینەی ناحەزانی بپارێزرێت.
هەر لەم یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدە سەربەرزانە دەنێرین كە لە شەڕی دژی تیرۆریستان گیانی خۆیان فیدای كەرامەت و شكۆی گەلەكەیان كردووە و سەرەخۆشی لە خانەوادەكانیان دەكەم. سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم كە شەو و ڕۆژ چاونەترسانە بەرگری لە خاكی وڵاتەكەیان دەكەن.
بژی كوردستان
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
10ـی 9ـی 2014

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com