نێچیرڤان بارزانی بۆ رۆژنامەی میللیەتی تورکی :
تاكە رێگا بۆ شكست هێنان بەرێكخراوە تیرۆریستیەكان، شەڕكردنە لە دژیان
دەبێ لە بەرامبەر هێرشە دەرەكییەکان خۆمان رێكبخەینەوە
رۆژێك دێت چەکدارە بیانییەکانی داعش دەگەڕێنەوە و هەڕەشەی جدی لەسەر وڵاتەكەی خۆیان دروست دەكەن
ئەگەر یەپەگە بەشێكە لەپەكەكە راستە پەکەکە هاوکاری کردووین، ئەگەر بەشێك لەپەكەكە نیین، ئەوكاتە ئەوەی یارمەتی ئێمەی داوە كوردانی رۆژئاوا بوون نەک پەکەکە
بۆ پرسی ئاشتەوایی لەتورکیا ئەردۆگان بەشێوەیەكی تەكتیكی هەڵسوكەوت ناكات، ئامانجی كۆتایی ئەو ئەوەیە بەڕاستی پرسەكە چارەسەر بكات
شەوی پێش داگیرکردنی موسڵ دووجار پەیوەندیم لەگەڵ سەركونسوڵی تورکیا كرد، کە لەموسڵەوە بگوازنەوە، وتیان رەوشی ئێمە باشە، وابزانم سەركونسەڵ هەڵسەنگاندێكی هەڵەی كرد
دوای ئەوەی ئەردۆگان بۆتە سەرۆك كۆمار، هیوام ئەوەیە پرۆسەی ئاشتەوایی لەتورکیا خێراتر بكات
ساڵێك لەمەوبەر تورکیا داوای كرد پەكەكە چەك دابنێت، ئەو داوایە لەجێ خۆیدا نەبوو، ئاسان نییە وەك مەرج ئەم داوایە بسەپێنرێت
نوچەنێت
لەم چاوپێکەوتنە رۆژنامەوانییەدا کە رۆژنامەنوس ئاسلی ئایدین تاشباش، بۆ رۆژنامەی میللیەتی تورکی لەگەڵی ئەنجامداوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، گرنگی رووبەڕووبونەوەی داعش بۆ جیهان دەخاتەڕوو، قسە لەسەر پرسی ئاشتەوایی تورکیادەکات.
میللیەت: داعش ماوەیەك لەمەوبەر خۆی لە هەولێر نزیك كردەوە، رەوشی ئیستا لە بەرەكانی شەڕدا چۆنە؟
نێچیرڤان بارزانی: دوای ئەوەی چەكدارانی داعش موسڵیان گرت، هەموو چەكەكانی سوپای عێراق و بڕێكی زۆری پارەیان كەوتە دەست، ئەوەش یارمەتیدەر بوو لەبەرزکردنەوەی ورەی داعش. لەدوای گرتنی موسڵ لە ساتێكدا بە درێژایی 1100 كیلۆمەتر لەگەڵ داعش سنوورمان بۆ درووست بوو، هەموو كەس وا تێدەگات كە داعش رێكخراوێكە، بەڵام لە ڕاستیدا بەو ئیمكانیەت و راهێنانی سەربازی و دیسپلینەوە، کەهەیانە، داعش وەک دەوڵەتێك وایە، ئەوان بەهۆی ستراتیژی سەربازی و ئەو چەكە قورسانەی دەستیان کەتووە، دەتوانن ناوچەیەكی گەورە بۆردومان بكەن و بیخەنە ژێر دەستی خۆیان.
میللیەت: ئێستا هەندێك پاشەكشەتان بە داعش كردووە؟
نێچیرڤان بارزانی :بە هاوکاری هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەكانی ئەمیریكا، توانیمان زۆربەی زۆری ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ بكەینەوە، کەكەوتبوونە ژێر دەستی داعش.
میللیەت: لە هەموویان مەترسیدارتر داگیركردنی مەخموور بوو ؟
نێچیرڤان بارزانی :بۆ ئیمە بەڵی، بەڵام بە گشتی بۆ عێراق لە هەموویان گرنگتر بەنداوی موسڵ بوو، كە توانیمان كۆنترۆڵی بكەینەوە.
میللیەت: دەگووترێ پێشمەرگە لە دە ساڵی ڕابردوو فێری ئیسراحەت بووە و وەك پێویست نەیتوانیوە شەڕی داعش بكات و بە شێوەیەكی خێرا لە ناوچەكاندا پاشەكشەی كردووە، لەمە چ ئەزموونێكتان وەرگرت؟
نێچیرڤان بارزانی:من ناتوانم بڵێم، لە رووی رێكخستنی هێزەكانەوە ئێمە بە تەواوی دروست بووین، چونكە دوای ساڵی 2003 ئەو بۆچوونە پەیدابوو، كە ئیتر لەسەر ئەو جوگرافییە شەری سەربازی ڕوونادات، ئێمەش وەك كورد بیرمان لەوە دەكردەوە كە دوای وێرانكردنی دەیان ساڵە، ئیتر دەربازی قۆناغی بنیاتنانی وڵاتەكەمان و درووستكردنی خۆشگوزەرانی بۆ گەلەكەمان دەبین. بیرمان لەوە نەدەكردەوە كە شەر دروست دەبێتەوە، بۆیە ئەرکی پێشمەرگە زیاتر بۆ ئاسایشی ناوخۆ بوو، بیرمان لەوە دەكردەوە كە پاراستی عێراق و خاكی عێراق ئەركی سوپای عێراقە، نەك پێشمەرگە، بەڵام دوای رووداوەكانی موسڵ، ئێمەش بیر لەم بابەتە دەكەینەوە، دەبێ لە بەرامبەر هێرشە دەرەكییەکان خۆمان رێكبخەینەوە.
میللیەت: لێرەدا ئەو یارمەتییە سەربازییەی كە لە وڵاتانی دنیا دێت زۆر گرنگە، پێویستیتان بەچی هەیە؟
نێچیرڤان بارزانی:ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، ئەوەیە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو تێكۆشانەی ئەنجامی دەدەین بینیویانە و ئێمە بۆ ئەوان شەڕ دەكەین و لەسەنگەر داین، داعش تەنیا لەعەرەب پێك نایەت، بەڵكو لە رۆژهەڵات هەتا رۆژئاوا لەهەموو میللەتانی تێدایە، بۆ نموونە 500 هاوڵاتی بەریتانی لەناویاندان، ئەوەندەش هاوڵاتی فەرەنسی، رۆژێك دێت ئەوانە دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و هەڕەشەی جدی لەسەر وڵاتەكەی خۆیان دروست دەكەن، دەبێ پێش هەموو شتێك دنیا ئەو راستیە ببینێ. کە ئێمە ئێستا لەسەنگەری ئەو تێكۆشانە نێودەوڵەتیەداین.
میللیەت: پەكەكە لەشەنگال و مەخمور شەڕی داعشی كردو لەمیدیای خۆیدا چیرۆكی قارەمانیەتی بڵاوكردەوە…
نێچیرڤان بارزانی: هەندێك گەورەكردن هەیە، دەبێ جارێ بزانین ئەوانە پەكەكەن یان یەپەگەن، ئەگەر یەپەگە بەشێكە لەپەكەكە راستە یارمەتی پەكەكە هەبووە، ئەگەر بەشێك لەپەكەكە نیین، ئەوكاتە ئەوەی یارمەتی ئێمەی داوە یەپەگەی كوردانی رۆژئاوابووە. یارمەتی ئەوان گرنگ بوو، بەتایبەتی لەكەمپی مەخمور، کەدانیشتوانی كەمپەكە ئەركی بەرگریكردنی كەمپەكەیان خستە ئەستۆی خۆیان.
میللیەت: ئایا شەڕ دژی عش، شەرعیەتێك لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ پەكەكە دروست ناكات؟
نێچیرڤان بارزانی: مەسەلەی پەكەكە كەمێك ئاڵۆزە، كێشەیەكی لەگەڵ توركیا هەیەو بێگومان ئێمە دەمانەوێت ئەو كێشەیە بەشێوەیەكی دیموكراتیك و ئاشتیانە لەناو سنووری توركیادا چارەسەر بێت. دەبێ كێشەكانی توركیا لەناو توركیا، كێشەكانی سوریاش لەناو سوریا چارەسەر ببن.
میللیەت: ئەوەم نەبینی كە توركیا لەناو لیستی ئەو وڵاتانەدا بێت كە یارمەتی چەك بەئێوە ببەخشن؟ ئایا یارمەتی لەتوركیا وەردەگرن؟
نێچیرڤان بارزانی: یارمەتی مرۆیی لەتوركیاوە بۆ ئێمە دێت و بێگومان چاوەڕێی زیاترمان لێدەكرد، ناتوانم بڵێم وەك پێویست بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەزانین مەسەلەی بەبارمتەگردنی ئەو 49 كەسەی توركیا لەلایەن داعشەوە چەند گرنگە بۆ توركیا، تێدەگەین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ توركیا ئەو هەڕەشە ستراتیژیەی داعش ئاسان وەرنەگرێ، تورکیا یارمەتی ئێمەی دا، بەڵام چاوەڕێی زیاترمان دەكرد.
میللیەت: زۆركەس هەن دەڵێن، نابێ توركیا لەرووی ئەمنیەوە تەداخولی مەسەلەی داعش بكات، چونكە ئەگەر ئەوان تەداخول نەكەن، داعشیش تەداخولی توركیا ناكات؟
نێچیرڤان بارزانی:منیش رێك باسی ئەم بابەتەم دەكرد، كەس ناتوانێ لەبەر داعش رابكات، دەبێ هەموو كەسێك زۆر بەجدی و بەستراتیژی سەیری ئەو مەسەلەیە بكات، داعش هەر كاتێك هەستی بەوە كرد، دەتوانێ بەرەیەكی نوێ دروست بكات، دەست بەجێ ئەو كارە دەكات، رۆژێك دێت توركیاش پشكی خۆی لەو بەرەیە بەركەوێت، بەغدادی دەڵێ من خەلیفەی هەموو موسڵمانانم، نەخشەكەشی روون و ئاشكرایە كە توركیاش لەخۆ دەگرێ، داعش هەڕەشەیە لەسەر سەقامگیری هەموو ناوچەكە، تاكە رێگا بۆ ئەوەی شكست بەرێكخراوە تیرۆریستیەكان بێنێ، شەڕكردنە لە دژیان، داعش نەك تەنیا بۆ ئێمە، بەڵكو بۆ توركیاو ئوردن و لوبنان و سعودیە، واتە بۆ هەموومان هەڕەشەیە، دەبێ لەناوچەكەدا زەمینە و تێگەیشتنی هاوبەش بێتەدی.
میللیەت: رەوشی كۆتایی دیلەكانمان لەدەستی داعش دا چۆنە؟
نێچیرڤان بارزانی: شەوی رووداوەكەی موسڵ چەند جار پەیوەندیم لەگەڵ بەڕێز داود ئۆغلو ئەنجامدا، داوای لە ئێمەكرد كە چاومان لەوان بێت، منیش دووجار پەیوەندیم لەگەڵ سەركونسوڵەكەتان كرد، تەكلیفی ئەوەم كرد لەموسڵەوە بگوازنەوە، بەڵام وتیان رەوشی ئێمە باشەو پێویستیمان بەیارمەتی نییە، بەڕاستی پێمان سەیر بوو، پێموایە سەركونسەڵ هەڵسەنگاندێكی هەڵەی كرد، پێشتر ئەوانە لەدیوە كوردیەكەی شاری موسڵ جێگیركرا بوون، وابزانم ئێستا بردراونەتە جێگایەكی دیكە.
میللیەت: نێچیرڤان بارزانی لەپرۆسەی چارەسەریدا رۆڵێكی كاریگەری هەبووە، بەچاوی سێیەم پڕۆسەی چارەسەری هەڵسەنگاند؟
نێچیرڤان بارزانی:بەگوێرەی ئێمە بۆ تورك و كورد تاكە رێگە ئەوەیە، ئەم مەسەلەیە لەناو توركیادا چارەسەر بكرێت، بێگومان شتێكی ئاسان نییە، پرسێك نییە ئەمڕۆ و سبەی چارەسەر بێت، گرنگ ئەوەیە ئامانجێك دابنرێت و نەخشەیەك هەبێت بۆ گەیشتن بەئامانجەكە، نابێت لە رووی تاكتیكیەوە هەڵسوكەوت بكرێت، ئەزموونی من لەگەڵ بەڕێز ئەردۆگان كە ئێستا سەرۆك كۆمارە، ئەوەیە، بەشێوەیەكی تەكتیكی هەڵسوكەوت ناكات، ئامانجی كۆتایی ئەردۆگان ئەوەیە بەڕاستی پرسەكە چارەسەر بكات، بەڵام دەبێ راستگۆ بم بەر لەهەموو شتێك دەبێ رای گشتی ئامادەبكرێت، دوای ئەوەی ئەردۆگان بۆتە سەرۆك كۆمار، هیوام ئەوەیە پرۆسەكە خێراتر بكات، بێگومان دەبێ هەنگاوی گەورە و جەسورانە بهاوێژێت.
میللیەت: بۆ نموونە چۆن؟ باسی ئەوە دەكرێت كە هەنگاوی لەمەودوا ئەوەیە، پەكەكە خۆ بكێشێتەوە، ئایا راستە؟
نێچیرڤان بارزانی:بەهۆی هەڵبژاردن پڕۆسەكە تۆزێك خاو ببۆوە، لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن كۆتایی پێهات، دەبێ هەنگاوی جەسورانە بهاوێژرێت، ساڵێك لەمەوبەر تورکیا داوای ئەوەی كرد كە پەكەكە چەك دابنێت، ئەو داوایە لەجێ خۆیدا نەبوو، چونكە ئاسان نییە وەك مەرج ئەم داوایە بسەپێنرێت، پێموایە ئێستا هەنگاوی پێویست ئەوەیە، رێگا بدرێ پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ پەكەكە ئەنجام بدرێ.
میللیەت: مەبەستت لەنێوان ئۆجەلان و قەندیلدا؟
نێچیرڤان بارزانی: لەسێ لاوە، ئیمرالی و قەندیل و هەدەپە، بەڵام دەبێ ئەو سێ لایەنەش لەگەڵ توركیا لەپەیوەندیدا بن.
میللیەت: سەیری هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەلاحەدین دەمریتاشتان كرد؟
نێچیرڤان بارزانی:وەك کوردێکی سیاسەتمەداری گەنج، رێزو پەسندییەكی زۆری بۆ نیشاندرا، ئێمە زۆر خۆشحاڵ بووین كە 10%ی دەنگەكانی بەدەست هێنا، ئاشكراشە كە ئەوە تەنیا دەنگەكانی كورد نەبوون، سەركەوتنێكی گەورە بوو.
میللیەت: ئێستا ئەوە دەبینرێ وڵاتەكان یەك بەیەك بەڵێنی یارمەتی چەك بەئێوە دەدەن.
نێچیرڤان بارزانی:سوپاسی ئەو وڵاتانە دەكەین، كە یارمەتی و پشتگیری ئێمە دەكەن، ئێمە شانازی بەوە دەكەین كە توانیمان ژیانی ئێزیدی و مەسیحیەكان بپارێزین و ئاسایشیان بۆ دابین بكەین، لەڕاستیدا داعش بەرنامەیەكی داناوە غەیرە ئیسلامەكان، هەموو جینۆساید بكات.
میللیەت: پێویستیتان بەچەكی قورس هەیە؟
نێچیرڤان بارزانی:بەڵێ پێویستیمان بە ئامێری سەربازی هەیە، بەداخەوە دوای 2003 حكومەتی مەركەزی رێگەی نەدا لەهیچ جێگایەكەوە ئامێری سەربازی بۆ ئێمە بێت، بەغداش چەكی بەئێمە نەدا، هەتا موچەی پێشمەرگەشی نەدا، بۆیە هاوسەنگیەكی سەربازی لەنێوانماندا نییە، ئیمكانیاتی پێشمەرگە لەگەڵ داعش بەراورد ناكرێت.
میللیەت: بەقسەی تۆ، ئەوان لەئێوە بەهێزترن؟
نێچیرڤان بارزانی:بێگومان ئێستا چەكی هەرە پێشكەوتووی ئەمریكی لەدەستی ئەواندایە، بۆ نموونە تۆپی 155 ملیم كە تۆپی ئەمریكیە، بۆ دورییەكی زۆر دەهاوێژرێت، هەمەرو زرێپۆش و هانڤی و ئەو چەکانەی كە دەبابە دەشکێنن لەدەستی ئەواندان، ئەوە جگە لەچەكی سووك و ئەو پارەیەی كە لەدەستیاندایە.
