ستراتیژییەتی ئەمریكى دژە داعش، لە تەلەفۆنێكی مەسعود بارزانییەوە دەستی پێكرد
نووچەنێت – ۆڵ ستریت جۆرناڵ
رۆژنامەی بەناوبانگی ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، دووشەممە هەشتی ئەیلوول راپۆرتێكی ئامادە كردووە لەژێر سەردێڕی “چۆن كورد رۆڵی پێشڕەوانەی وەرگرت، لە پلانی ئەمریكی دژی دەوڵەتی ئیسلامی؟”.
راپۆرتەكە بەمشێوەیە دەستپێدەكات : ئەو ستراتیژییەتەی ئێستا لەدژی دەوڵەتی ئیسلامیی لە پەرەسەندندایە، دەوروبەری مانگێك لەمەوبەر لە چەند پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی بەپەلەی، شاری هەولێرەوە دەستی پێكرد.
وەك رۆژنامەكە باسی دەكات، لە یەكێك لە پەیوەندییە تەلەفۆنەكانیدا، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمریكای ووتبوو، جیهادییەكان تەنیا 25 میل لە هەولێرەوە دوورن.
ئەو شارەی جگە لەوەی پایتەختی كوردانە، شوێنی ئەفسەرانی سەربازی و هەواڵگری و دیپلۆماتی و خاوەنكاری ئەمریكییە.
بەرپرسێكی ئەمریكی بە ۆڵ ستریت جۆرناڵی وتووە “شتێك لە دەنگی بارزانیدا بوو، كە وای لێكرد بیر لەوە بكاتەوە و بڵێت دەبێت لێرەدا كارێك بكەین”.
ۆڵ ستریت جۆرناڵ، دەڵێت هەر ئێوارەی ئەو رۆژە، سەرۆك ئۆباما فەرمانی كرد هێرشی ئاسمانی بۆسەر داعش ئەنجامبدرێت. هەرچەندە پێشووتر سەرۆك ئۆباما فشارەكانی بەغدای رەتكردبوەوە، كە داوایان دەكرد لەدژی هەڕەشەكانی داعش هاریكاری عێراق بكات.
ۆڵ ستریت جۆرناڵ، دەشڵێت بەرپرسانی ئیدارە ئەمریكا جەنگاوەرانی كورد وەك لایەنی پێشڕەو دەبینن، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر پرۆسەیەكی زەمینیدا لەدژی داعش.
بۆچی ئەمریكا هەولێری پاراست؟
ۆڵ ستریت جۆرناڵ دوای دواندنی سەرانی كوردی و ئەمریكی، دەڵێت لەبەر ئەم هۆكارانە ئەمریكا هاتە سەرخەت بۆ پاراستنی هەولێر:
1- ئەمریكا وەك هاوپەیمانێكی خاوەن متمانە، تەماشای پێشمەرگە دەكات لەو ناوچە نائارامە (رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) دا.
2- بۆ پاراستنی كەسایەتییە ئەمریكییەكان لەو ناوچە بە نەوت دەوڵەمەندەدا، كە تێیدا ئەمریكا بایی ملیاران دۆلار وەبەرهێنانی كردووە.
3- بۆ پاراستنی ئێزدیەكان و رزگاركردنیان لە كوشتارێكی بەكۆمەڵ لەلایەن داعش.
چارەنووسی كورد و ئەمریكا پێكەوەن
ئارۆن ستێین كە ئەندامی سەنتەرێكی توێژینەوەی ستراتیجیی بریتانییە، بە ۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت “ئەمریكا زۆر پشتی بە كورد قایمە”. ئەو هەروەها دەڵێت “چارەنووسی كورد و ئەمریكا لەم شانۆییەدا تێكئاڵاوون”.
رۆژنامەكە لە درێژەی بابەتەكەدا دەڵێت، لە چەند دەیەی رابردوودا پەیوەندی پتەو لەنێوان فەرماندەكانی پێشمەرگە و هێزەكان ئەمریكادا درووستبووە، هەر لە 1991 و بڕیاری پاراستنی كوردان هەتا 2003 و روخاندنی رژێمی سەدام حسێن. جێمس جێفری دیپلۆماتكاری بە ئەزموونی ئەمریكی و باڵیۆزی پێشوی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە عێراق دەڵێت، ئەو ئەفسەرە گەنجانەی كە دواتر بوونە كەسی پلەدار لە كۆشكی سپی و (CIA) و پەنتاگۆندا، باسی ئازایەتی پێشمەرگە دەكەن.
لە راپۆرتەكەدا هەروەها هاتووە، بەرپرسێكی پایەبڵندی پێشووی ئەمریكی دەڵێت، ساڵی 2003 كاتێك دەیڤد پەترایۆس فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا بووە، سێ پارێزگاكەی باكوور، پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی پێكهێنا. دەوروبەری هەموو مانگێك جارێك هەردووكیان پێكەوە لەسەر چیا ژەمەنانێكیان دەخوارد و باسی ستراتیجییەتی سەربازی و ئەو شەڕانەیان دەكرد، كە كاتی خۆی بەڕێز بارزانی لەدژی سەدام حسێن ئەنجامی داوون. هەر ئەوكاتە سوپای ئەمریكا دوو بنكەی گەورەی سەربازی لە هەرێمەكە بنیاتنا، كە ئێستا بوونەتە شوێنی وەرگرتنی چەك و كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری لەسەر جیهادییەكان لەلایەن كورد و ئەمریكاوە.
رۆژنامەكە ئەمریكییەكە هەروەها دەڵێت، بەڕێز بارزانی هەروەها پەیوەندی پێكهێنا لەگەڵ نەوەیەك لە دیلۆمتكارانی ئەمریكایی، لەنێوانیاندا جێمس جێفری باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق و توركیا، كە پێكەوە پیاسەی سەركەوتنە سەر چیایان ئەنجامدا.
