رۆژانە 6000 كەس لە كوردستانەوە بە پاس دەچنە توركیا
نووچەنێت –حوڕڕییەت
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی حوڕڕییەتی توركی، رۆژانە 6000 كەس لە هەرێمی كوردستانەوە روو لە توركیا دەكەن، كە هەریەكەیان لانیكەم 10,000 دۆلار لەگەڵ خۆیان دەبەن.
وەك حوڕڕییەت دەڵێت مەبەستی ئەو 6000 كەسە یەكێكە لە (گەشت و كاتبەسەربردن، بۆتۆكس، چارەسەری جوانكاری، قژ رواندنەوە، چارەسری چاو بە لەیزەر).
تێچووی گەشتێك بە پاس لە هەولێرەوە 90 دۆلار و لە دهۆكەوە بۆ توركیا 80 دۆلارە. ئەوەی سەرنجی خەڵكی رادەكێشێت بۆ گەشتكردن بە پاس جگە لە هەرزانی نرخەكەی، بریتییە لە هەڵگرتنی بارێكی زیاتر.
گەشتێك بە پاس لە هەولێرەوە بۆ ئەستەنبوڵ 25 كاتژمێری پێدەچێت. حوڕڕییەت دەڵێت لە پشتی كوشنی پاسەكاندا شاشە هەیە كە ئەڵقەی توركی بە ژێرنووسی كوردییەوە پێشكەشی گەشتیاران دەكەن.
هەر بە تێپەڕین لە سنوور و گەیشتن بە جەزیرە، گەشتیاران كەبابی بەناوبانگی ئەوێندەر نۆش دەكەن. گازیانتەپیش وێستگەی پاقلاوە خواردنی گەشتیارانە.
تێكڕای مانەوەی هەریەكێك لەو گەشتیارانە لە ئەستەنبووڵ 10 رۆژە و ئەگەرچی ئەو شارە بە دیمەنە سرووشتییەكانی بەناوبانگە، گەشتیارانی عێراقی زیاتر بۆ بازاڕكردن رووی تێ دەكەن.
