ئەڵمانیا: چوار هەنگاو پێویستن بۆ لەناوبردنی داعش
نووچەنێت-بەغدا
مەكتەبی راگەیاندنی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا پێنجشەممە 4ی ئەیلول بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بە چوار خاڵی ستریجی كرد كە فرانك ڤاڵتەر شتاینمایەر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ زاڵبوون بەسەر داعشدا بڵاوی كردوونەتەوە.
بە بۆچوونی شتاینمایەر هەنگاوی یەكەم بریتییە لە پێكهێنانی حكومەتێكی كارای عێراقی كە هەموو لایەنەكان لەخۆبگرێت و هەموان بە حكومەتی خۆیانی بزانن.
هەنگاوی دووەمیش بریتییە لەوەی ووڵاتانی ناوچەكە تێگەیشتنێكی روونیان بۆ داعش هەبێت و پێكەوە دەست بەكار هاوبەش بكەن بەمەبەستی تەفروتوناكردنی ئەو رێكخراوە.
هەنگاوی سێیەمیش جەنگی ئایدیۆلۆجی مسوڵمانان بێت لەدژی داعش و تێیدا شەرعییەتی ئایینی لە داعش بسەنرێتەوە، بەم خاڵە وادەكرێت چیتر لە ووڵاتانی دیكەی جیهانەوە خەڵك روونەكەنە ریزەكانی داعش.
خاڵی چوارەم و كۆتاییش كاركردنە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تا بە چەند رێوشوێنێك هەم سەرچاوە داراییەكانیان سڕ بكرێن، هەم رێگانەدرێت خەڵكی بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش كۆچ بكەن.