نوێنەری نێچێرڤان بارزانی هۆشداری دەداتە پەکەکە : قبوڵ ناكەین كەس رێگری لە ئێمە بكات، خۆمان خاكی خۆمان كۆنترۆڵ دەكەینەوە
داعش جیاوازی لەنێوان موسڵمان و ئێزیدی ناکات بەڵگەمان لەلایە نزیكەی 100 كوردی موسڵمانی ناو شنگال بەكۆمەڵ كوژراون
نوچەنێت
نوێنەری تایبەتی سەرۆکی حکومەتی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەزوترین کات شەنگال کۆنترۆڵ دەکرێتەوەو ئاوارەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆ پەکەکە و یەپەگەش دەڵێت” لەیەک بستی خاکی کوردستان خۆش نابین، لەکەسی قبوڵ ناکەین رێگری لەئێمە بکات”.
دوای چەند رۆژ دەستبەکاربوونی نووسینگەیەکی تایبەت بە ئاوارەکانی شەنگال لەدهۆک بەشێوەیەکی کاتی ، رۆژی 31/8/2014 بەفەرمی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی کوردستانەوە بڕیاری كردنەوەی ئەو نوسینگەیە درا .
د.نوری عوسمان لەبارەی کردنەوەی ئەو نوسیگەیە، کە خۆی بەنوێنەرایەتی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی بەرپرسیارەتی نوسینگەکەشی لەئەستۆیە، بەڕووداوی راگەیاند “رووداوەكانی شنگال كارەساتێكی زۆر گەورەیە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە هەموو روویەكەوە بەدواداچوون بۆ ئەو كارەساتە دەكات، بۆیە بڕیاری كردنەوەی ئەو نووسینگەیەی دا”. دەشڵێت نوسینگەکەی بەبەردەوامی راپۆرت لەسەر رەوشی ئاوارەكان لە دهۆك و شارەكانی دیكە و چیای شنگال ئامادە دەكات و بۆ سەرۆكی حكومەتی دەنێرێت.
د. نوری عوسمان ئەوەش دەخاتەڕوو، کە داعش جیاوازی لەنێوان موسڵمان و ئێزیدی ناکات”بەڵگەمان لەلایە نزیكەی 100 كوردی موسڵمانی ناو شنگال بەكۆمەڵ كوژراون، بۆ ناساندنی ئەو رووداوانەش بە جینۆساید، دەستمان بە كۆكردنەوەی بەڵگە كردووە، ژمارەیەكی زۆر وێنە و ڤیدیۆمان لەسەر ئەو كۆمەڵكوژییە كۆكردووەتەوە”.
نوێنەری تایبەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، موژدە دەداتە خەڵکی شەنگال و کوردستان و دەڵێت”لە كاتێكی نزیكدا، سەرجەم سنووری شنگال كۆنترۆڵ دەكەینەوە و خەڵك دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان”.
بۆ رێگرییەکانی هێزەكانی ( PKK و YPG )ەش لە هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر شنگال. د.نوری عوسمان دەڵێت “دەستبەرداری یەك بستی خاكی كوردستان نابین، قبوڵ ناكەین كەس رێگری لە ئێمە بكات، خۆمان خاكی خۆمان كۆنترۆڵ دەكەینەوە، ئەوە بڕیاری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتە”.