پارتی هۆشداری دەداتە یەکێتی” یان لەحکومەتدابن یان ئۆپۆزسیۆن بن” قوباد تاڵەبانی راگەیەنراوێک بڵاو دەکاتەوە
نوچەنێت . تایبەت
بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین ناڕەزایی خەڵکی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا، و لەچەند شارو شارۆچکەیەک خۆپیشاندان دژ بەو بڕیارەکرا، پەڕلەمانتارانی یەکێتی دژ بەوبڕیارە هەڵوێست وەردەگرن و پارتیش بەتوندی هۆشداری دەداتە یەکێتی، کەهەموو لایەنەکان سەربەستن لەوەی لەحکومەتدا بن، یان لەئۆپۆزسیۆن، بەڵام هەڵبژاردنی هەردوولا لەیەک کاتدا رێ پێدراونییە، قوباد تاڵەبانیش راگەیەنراوێک بڵاو دەکاتەوە.
لەدواین كۆبوونەوەی دووەمی لیژنەی باڵای نەوت و غازی حكومەتی كوردستان و لیژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمان، حکومەتی کوردستان بڕیاریدا، نرخی بەنزین بەرزبکرێتەوە، چونکە بەقسەی بەرپرسانی حکومەت، بەهۆی نەناردنی بودجەی کوردستان لەلایەن بەغداوە، حکومەتی کوردستان قورساییەکی زۆری کەوتۆتە سەر شان و ناچار بووە، بڕێکی زۆر پارە قەرزبکات، بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران.
لەکۆبونەوەکەدا پاساوی حکومەتی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین ئەوە بووە، کە کوردستان لەرۆژێکدا توانای بەرهەمهێنانی 3200000 سێ ملیۆن و دوو سەد هەزار لیتر بەنزینی هەیە، ئەوەش بەشی کوردستان ناکات، و ناچارە بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکان بەنزین لەدەرەوەی کوردستان بکڕێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لەتوانای حکومەتدا نییە، لیتری بەنزین بە یەک دۆلار، کە دەکاتە 1100 هەزار و سەد دینار بکرێت و بە 500 پێنج سەد دینار بیداتە هاوڵاتیان، بۆیە بڕیار درا، لیتری بەنزین بەبێ کۆبۆن لە 800 هەشت دینارەوە بکرێتە 900 نۆ سەد دینارو بۆ تەکسی و پاس بەکۆبۆن بکرێتە 500 پێنج سەد دینار.
هەر لەوبارەیەوە، رێباز محەممەد حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، کە سەر بەبزوتنەوەی گۆڕانە. بەرووداوی راگەیاند”بەهۆی قەیرانی دارایی و نەناردنی بودجەی کوردستان و هاتنی ئاوارەكانەوە خەرجی حكومەت زۆربووە و حكومەت بە ناچاری نرخی بەنزینی زیادكردووە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە سەر گیرفانی هاووڵاتیان ئەم بڕیارەمان نەداوە، بەڵکو بە نرخی 900 دیناریش، هێشتا یەک لیتر بەنزین 200 دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت”.
ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بووە هۆی ناڕەزایی خەڵکی کوردستان، لەبەرانبەردا، د. عزەت سابیر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی، کە ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەکانی پەڕلەمان بوو، دەست لەکارکێشانەوەی لەئەندامێتی ئەو لیژنەیە راگەیاند و بە SNN ی وت” لەبەر ئەوەی ئەنجومەنی باڵای نەوت و غازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، گوێی بە راسپاردەی لیژنەکەمان نەدا، بۆ ئەوەی نرخێکی گونجاو بۆ بەنزین دیاری بکات، دەست لە کار کێشانەوەی خۆم لەو لیژنەیە راگەیاند”.
بەڵام لای خۆیەوە، وەزیری دارایی حکومەتی کوردستان رایگەیاند”هەر کەس و لایەنێکی سیاسی و پەرلەمانتاران بە جۆرێکی دیكە لە سەر ئەو بڕیارە قسەبکەن موزایەدەی سیاسییە”. چونکە بەقسەی ئەو، ئەنجومەنی باڵای نەوت و غاز لەهەموو لایەنەکان پێکهاتووەو هەموو ئاگادارو بەشدارن لەبەرزکردنەوەی ناچاری نرخی بەنزیندا.
هەر دوێنێ لەدوای ناڕەزایی هاوڵاتیانی کوردستان لەبەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و رژانە سەرجادەو خۆپیشاندانی خەڵک، فراکسیۆنی یەکێتی لەپەڕلەمانی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە” لەسەرەتای ساڵی (2014)ەوە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێكی سیاسیو ئابووریو دارایی بۆتەوە بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە قورسایی ئەم قەیرانە باجە گەورەكەی هاووڵاتی سادەی ئەم هەرێمە بیدات، بۆیە وەك فراكسیۆنی سەوز پشتیوانی تەواوی داواكاریو خواستی هاونیشتیمانیانی كوردستان دەكەین سەبارەت بەكەم كردنەوەی نرخی بەنزین”.
ئەوەش رادەگەیەنن کە بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان” لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی لەم دۆخی دواكەوتنی مووچەو قەیرانی داراییەدا، باری ئابووری هاووڵاتیان قورستر نەبێت”.
بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، هەر دوێنێ ئێوارە لەبەرانبەر ئەو پەیامەی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەڕلەمانی کوردستان، پارتی هۆشداری داوەتە یەکێتی و ئاگاداری کردۆتەوە، کە رێگا بەهیچ لایەنێک نادرێ، لەیەک کاتدا بەشداری حکومەت بێت و ئۆپۆزسیۆنی حکومەتیش بێت.
سەرچاوەیەک لەپارتی دیموکراتی کوردستان ئەو زانیارییانەی بۆ نوچەنێت پشت راستکردەوە، بەڵام ئامادەنەبوو وردەکاری هۆشداریدانەکەی پارتی بۆ یەکێتی ئاشکرابکات و وتی”ئەگەر پێویست بوایە لەراگەیاندن باسبکرێت، ئەوە لەراگەیاندنەوە بڵاو دەکرایەوە و بەپێویستی نازانین هەموو شت بڵاوبکرێتەوە” چونکە” پارتی نایەوێ لەم کاتە هەستیارەدا بکەوێتە ناو شەڕی راگەیاندن، لەرێی راگەیاندنەوە وەڵامی چەواشەکاری و دووفاقی بداتەوە، کوردستان لەدۆخی شەڕدایە، شەڕ لەگەڵ داعش، و شەڕی مافەکانمان لەبەغدا، هەموو ئەوانەش پێویستی دەکات هەموو پێکەوە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین، بەڵام دیارە برادەرانی یەکێتی لەم دۆخە تێناگەن”.
بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، لەهۆشداری دانەی پارتیدا بۆ یەکێتی، تەئکید لەوە کراوەتەوە، کە سیاسەتی دوو لایەنە رێپێدراو نییە، رێگە بەهیچ لایەنێک نادرێت لەیەک کاتدا لەحکومەتدا بەشدار بێت و تەمسیلی ئۆپۆزسیۆن بوونیش بکات، و تێیدا هاتووە” کاتێک نوێنەری یەکێتی لەحکومەتی کوردستان، بەشداری بڕیاری زیادکردنی نرخی بەنزین بووە، پێشنیاری هەبووە نرخەکە لەوەش بەرزتربکرێتەوەو پارتی رێگەی بەوە نەداوە، چۆن دەکرێ فراکسیۆنی یەکێتی کەنوێنەری یەکێتین لەپەڕلەمان رای جیاواز و دژیان بەنوێنەری خۆیان لەحکومەت هەبێ، ئەوەی نوێنەری یەکێتی لەحکومەت دەیکات کەبەشداری بڕیارەکانەو ئەوەی هەندێ پەڕلەمانتاری یەکێتی دەیکەن ئۆپۆزسیۆن بوونە، لایەکیان بەشداری حکومەتەو لایەکیان ئۆپۆزسیۆنی حکومەت، بۆ ئەوەش رێگا بەهیچ لایەنێک نادرێ، هەموو لایەنەکانیش سەربەستن لەوەی لەحکومەتدا بن یان لەئۆپۆزسیۆن، بەڵام هەڵبژاردنی هەردوولا لەیەک کاتدا رێ پێدراونییە”.
سەرچاوەکەی نوچەنێت لەبارەی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینەوە رایگەیاند” لە کۆبونەوەی لیژنەی باڵای نەوت و غازی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لیژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمان، بەئاگاداری بەشداربووانی ئەو کۆبونەوەیە، قوباد تاڵەبانی کە نوێنەری یەکێتییە لەحکومەتی کوردستان، پێشنیاریکردووە و بۆ چەند جاریش تەئکیدی لەوەکردەوەتەوە، کە دەبێ نرخی یەک لیتر بەنزین 1250 هەزار و دوو سەد و پەنجا دینار بێت، ئاشتی هەوارامیش پێی باش بوو لیترێک بەنزین بکرێتە 1000 هەزار دینار، موناقەشە لەنێوان ئەو دوو نرخەدا بەردەوام بووە، بەڵام بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پێی وتوون کە ئەو نرخە بۆ هاوڵاتیان زۆر دەبێت، بۆیە تا دۆخەکە باش دەبێت و نرخەکان ئاسایی دەبنەوە، هەر لیترێک بەنزین بە 900 دینار بە بێ کۆبۆن دیاری بکرێت، دواتر لەنێوان پێشنیارەکەی قوباد تاڵەبانی 1250 هەزار و دوو سەد و پەنجا دینار و ئاشتی هەورامی 1000 هەزار دینار، پێشنیارەکەی کاک نێچیرڤان قبوڵکرا، کەپێی وابوو ئەو نرخانەی ئەوان پێشنیاری دەکەن زۆرە” .
دوا بەدوای هۆشداریدانی پارتی بەیەکێتی، و بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی پارتی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی کوردستان، ناچار دەبێت راگەیەنراوێک بڵاوبکاتەوەو راستییەکان بخاتەڕوو، کە بەتەواوی بەپێچەوانەی رای فراکسیۆنی یەکێتی ە و تێیدا دەڵێت”ئێمە لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەھەموو رەنگە جیاوازەكان و بە ھەموو پارتە سیاسیەكان پێكەوە ھاورابووین لە دیاری كردنی نرخی سوتەمەنی و بەیەكەوە ھەماھەنگ بوین بۆیە پێویست ناكات ھیچ لایەك موزایەدە بەسەر ئەوی تر بكات و یەكتر تاوانبار بكەن”.
دەقی راگەیەنراوەکەی قوباد تاڵەبانی
لە ساتی دیاری كردنی نرخی سوتەمەنی لە ھەرێمی كوردستان ھەندێك لێدوانی ناتەندروست دەبیستین ، خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە دیاری كردنی نرخی سوتەمەنی پەیوەستە بەو قەیرانە ئابوری و سیاسی و سەربازیەی كە لە ئێستادا ھەرێمی كوردستان دوچاری بۆتەوە ھەر لە نەھاتنی ھەشت مانگ بودچە لە حكومەتی ناوەندی بۆ ھەرێمی كوردستان و توش بوونی شەرێكی نەخوازراو ئاوارە بوونی زیاتر لە ھەشت سەد و پەنجا ھەزار كەس بۆ ھەرێمی كوردستان . بۆیە ئەولەویەتی لیژنەی نەوت و گاز لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئێستادا دابین كردنی مووچەیە بۆ فەرمانبەران و خەڵكی كوردستان، بێگومان بریاری دیاری كردنی نرخی سوتەمەنی بەم شێوەیە پەیوەستیدارە بەو قەیرانانەی كە لە ھەرێمی كوردستان دروست بوونە بۆ ئەمەش ئێمە لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەھەموو رەنگە جیاوازەكان و بە ھەموو پارتە سیاسیەكان پێكەوە ھاورابووین لە دیاری كردنی نرخی سوتەمەنی و بەیەكەوە ھەماھەنگ بوین بۆیە پێویست ناكات ھیچ لایەك موزایەدە بەسەر ئەوی تر بكات و یەكتر تاوانبار بكەن.
ھیوادارین خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسیەكانی ناو حكومەت و پەرلەمان و ئۆرگان و ناوەندەكانی تری دەرەوەی حكومەت بە گیانی بەرپرسیارێتی برواننە ئەو دۆخەو لەگەڵ ئەو بریارانە مامەڵەی تەندروست بكەن .چونكە شیێواندنی ئەو بابەتانە لە بەرژەوەندی ھیچ لایەكدا نیە وە ھەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە لە كاتی ئاسایی بوونەوەی دۆخی ھەرێمی كوردستان بەو بریارانەدا دەچینەوە. وە بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دەبین و ھەمیشە لەھەوڵ و خزمەت كردنتان بەردەوام دەبین .
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان.
…..
پەیامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەڕلەمانی کوردستان
