ئاشتی هەورامی بەڵێن بە خەڵكی كوردستان دەدات
نوچە: سلێمانی
ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان رایگەیاند، بەڵێن بە هاوڵاتیانی كوردستان دەدات، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە بەشێوەیەكی وا نرخی بەنزین هەرزان دەكەن، زۆر لەوە كەمتر بێت كە هاوڵاتیان داوای دەكەن.
هەورامی لە ماڵپەڕی (snn)ی سەر بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی راگەیاندووە “بەڵێن بەھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەدەم، لەسەرەتای ساڵی داھاتوودا نرخی بەنزین بەشێوەیەك ھەرزان بكەین كە زۆر كەمترە لەوەی ھاوڵاتیان داوای دەكەن، بەڵام جەختدەكەمەوە، لەئێستادا ناتوانین ئەو داواكارییە جێبەجێ بكەین”.
هەورامی وتویشییەتی “بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیانە، پێموایە دەستێكی سیاسی لەپشت جوڵاندنی خەڵكەوە ھەیە، چونكە با ھەموو خەڵك ئەو ڕاستیە بزانن، دوای گفتوگۆكانمان ھەرچی پەرلەمانتارو نوێنەرانی حكومەت ھەیە، وتیان ناتوانین نرخ ھەرزان بكەین، كەچی لەدەرەوە شتێكی تر دەڵێن و بەشێكیان ھانی خەڵك دەدەن”.
