وەزارەتی پێشمەرگە: هەر زیانێك بەو پێشمەرگانەی لای داعش بگات، خراپ لەسەر خۆیان و هاوكارەكانیان دەكەوێت
نوچە: هەولێر
وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە لە راگەیاندراوێكدا كە دەربارەی ئەو پێشمەرگانە بڵاوی كردۆتەوە كە لەبەردەست داعش دان، دەڵێت، رەفتاری نامرۆڤانەیان لەگەڵ دەكرێت، هەروەها دەیشڵێت، ئەگەر زیان بەو پێشمەرگانە بگات، خراپ لەسەر داعش و هاوكارەكانیان دەكەوێت.
لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە “ماوەی چەند رۆژێکە لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعش وێنەی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان پێشاندەدرێت کە بە ھەڵە ژمارەیەک پێشمەرگە رێگەیان بزرکردبوو و ھەندێکیان بە برینداری کەوتبوونە دەست تیرۆریستانی داعشهوه”.
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە “رەفتاری نهشیاو و نامرۆڤانەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەم جۆرە رەفتارانە نیشانەی ترسنۆکی و بەدڕەوشتیی داعشن و پابەندنەبوونیان بە ھەموو بەھا ئاسمانی و مرۆڤییەکان دەردەخات”.
وەزارەتی پێشمەرگە هەر لەو راگەیاندراوەدا دەڵێن “بە گشت لایەک رادەگەیێنین کە زۆر بە وردی چاودێریی ھەموو جۆرە جموجۆڵ و رەفتارێکی سەرانی ئەم تاقمە سەرلێشێواوە و ئەو کەسانە دەکەین کە ھاوکار و یارمەتیدەری داعشن، ھەر مەترسییەک لەسەر ژیانی ئەو پێشمەرگانە بێت زۆر گران لەسەر داعش و ھاوکارانیان تەواو دەبێت.”