رونکردنەوە
بۆ هەموو بینەرانی کەناڵی تەلەفیزیونی رووداو، من دوێنێ شەو ٨/٢٨ بەشداری بەرنامەی ( ڕووداوی ئەمڕۆ) م کرد.
سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێم من کە بانگێشت کرابووم بۆ تەوەرێكی دیکە، تەوەری کاری خۆم وەکو شانۆکارێک لەگەڵ منداڵە ئاوارەکانی شەنگال لە دەڤەری دهۆک ، کە ماوەی پێنج ڕٶژ خەریکی مەشق و ڕاهێنان بووم لەگەڵ ئەو منداڵانە، لە قوتابخانەی بدلیسی …. دیسانەوە دوپاتی دەکەمەوە ، کەمەبەستی من ئەوە نەبوو بەشداری ئەو تەوەرە بکەم . هاوکات دەمەوێت ڕیزو حورمەتی خۆم بۆ هەموو ئاین و ئاینزاو بیروڕایەکی ئاینی دووپات دەکەمەوە.
ئەو هەڵەیە هەڵەیەکی تەکنیکی پێشکەشکاری بەرنامەکە بوو، کەلە بنەڕەتدا منی دەعوەت کردبوو بۆ قسە کردن دەربارەی چالاکییەکانم لە بواری شانۆی پەروەردەیی منداڵان . بەڵام کوتوپڕ خۆم لەتەوەرێکدا بینییەوە کە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە کاری منەوە نە بوو.
ڕاستە من پشتگیری خۆم بۆ ئەو گروپە دەربڕیووە، کە وەک پاڵیپشتی و هاوخەمی و هاوسۆزی بۆ ماوەیەک خۆیان بە یەزیدی دەزانن ، ئەمەش تەنیا لە ڕووی سۆزداری ئینسانییەوەیە هیچی تر. ئەوەش بەو مانایە نییە کە من یان ئەوان، دەستبەرداری ئاینی خۆمان دەبین بۆ هەتا هەتایە.. (گەرچی ئەوەش سەربەخۆییەکی تەواوی تاکە کەسی مرۆڤە و مافی خۆیەتی). ئەو پشتیوانی کردنە هاوسۆزییە و کارێکی مرۆییە، نەک بەمەبەستی سوکایەتی بێت بەهیچ ئاینێکی دیکە.. هیوادارم قسەکانم لێکدانەوەیەی تری بۆ نەکرێت.. من لە قسەکانمدا جەختم لەسەر ئەوە کردەوە کە موسڵمانان پێویستە لەمە زیاتر دەستی یارمەتی و هاریکاری بۆ ئەو هەموو ئاینە بچوکانەی کوردستان درێژ بکەن و لە قڕکردن و نەمان بیان پارێزن .. لە کۆتاییدا داوای لێ بوردن لەهەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بە قسەکانم هەست و بیروباوەڕ و ئاینیان لەکە دار بووبێت.. چونکە هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە بە ئازادی و سەربەستی ئاینی خۆی مومارەسە بکات.
فرمێسک مستەفا
شانۆکار