دڵشاد شەعبان: فشاری نێودەوڵەتی لەسەر عێراق هەیە، تا بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران بنێرێت
نوچە: هەولێر
دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، فشارێكی زۆری نێودەوڵەتی لەسەر عێراق هەیە، كە بودجە و موچەی هەرێمی كوردستان بنێرێت، وتیشی “كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا تەنها لەسەر هەناردە كردن و فرۆشتنی نەوت نیە”.
دڵشاد شەعبان لە لێدوانێكدا بۆ نوچە وتی “كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كێشەی سیاسین نەك یاسایی، چونكە هەر شتێك پەیوەندی بە یاساوە هەبێت، هەرێمی كوردستان دەیباتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە لایەنە سیاسییەكەیەتی كە تا ئێستایش ئێمە كێشەمان لەگەڵ بەغدا هەیە، بەڵام دوای پێكهێنانی حكومەت لە لایەن بەرێز حەیدەر عەبادییەوە، ئەو لایەنەیش هەروا نامێنێتەوە، تا ئێستا هەرێمی كوردستان سورە لەسەر ئەوەی كە سیاسەتی نەوت خۆی بەرێوەی ببات و خۆی نەوتەكە بفرۆشێت و كۆنترۆڵی لە دەست هەرێمی كوردستاندا بێت”.
وتیشی “كێشەی هەرێم لەگەڵ بەغدا ئەوە نیە كە نەوت بفرۆشێت و پارەكەی بۆ خۆی بێت، بەڵكو ئەسڵی مەسەلەكە ئەوەیە كە ئێمە نەوتی خۆمان دەفرۆشین و پارەكەی خۆمان هەڵدەگرین، بۆ نموونە بایی پێنج ملیار دۆلار بوو، ئەگەر حەقی هەرێمی كوردستان دە ملیار دۆلار بوو، ئێمە پێنج ملیارەكەی خۆمان هەڵدەگرین و داوای پێنج ملیارەكەی تریش دەكەین”.
دڵشاد ئاماژەی بەوەیشدا كە یەكێك لە مەرجە پێشوەختەكانی شاندی دانوستانكاری كورد لە بەغدا ئەوەیە، كە جارێكی تر بەغدا بڕیاری بڕینی بودجەی هەرێم نەدات، ئاماژەی بەوەیشدا لە كۆتایی ئەمساڵدا كورد دەتوانێت بەسەر ئەو كێشەیەشدا زاڵ بێت، چونكە وەك ئەو وتی “ئێستا كورد ناتوانێت بە داهاتی خۆی لە نەوت موچەی فەرمانبەران دابین بكات، بەڵام لە كۆتایی ئەمساڵدا دەتوانێت”، وتیشی “ئێستا فشارێكی گەورەی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق هەیە، نەتەوە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، وڵاتانی ئەوروپا فشاری ئەوە لە عێراق دەكەن، كە هەم موچەی فەرمانبەران بنێرن، هەم بودجەی هەرێمیش بنێرن”.