مەسیحییەكی ئاوارە بۆ داعش: كچەكەم بۆ بگێڕنەوە، من هەر ئەوم هەیە و بەس
نووچەنێت-شەرقولئەوسەت
نزیكەی سەد خانەوادەی ئاوارەی مەسیحی لە نێوەندى شلاما لە عەنكاوە (10 كم سەرووی هەولێر) دەژین. لەنێو ئەم ئاوارانەدا حەبیب ئەیوبی تەمەن 75 ساڵ هەیە، كە ئەوەی هەیبوو كچێكی بو، بەڵام داعش ئەویشیان لێ رفاند و ئێستا بە تاقی تەنیا ماوەتەوە.
حەبیب دەڵێت “كچەكەم تەمەنی 30 ساڵ بوو، ساڵانێك بوو شووی كردبوو لە توركیا دەژیا. بەمدواییانە گەڕایەوە عێراق بۆ ئەوەی منی ش لەگەڵ خۆی ببات. بەڵام گەیشتنەوەی ئەو هاوكات بوو لەگەڵ دەستبەەسرداگرتنی حەمدانیە لەلایەن داعشەوە. بۆیە هەڵاتین بۆ موسڵ و چووینە ماڵی ناسیاوێكی مسوڵمان تا خانوویەكمان لەنێو مسوڵمانەكان بۆ پەیدا بكات. چوار رۆژ ماینەوە و هیچی بۆ پەیدا نەكردین. بۆیە ناچار گەڕاینەوە حەمدانیە. داعش لە بڵندگۆكانەوە بانگەوازیان كرد كە هەرچی مەسیحی ماوەتە با بڕۆن بۆ مزگەوت. بەڵام زۆرینەی ئەوانەی مابووینەوە پەككەوتە و نەخۆشەكان بووین و نەماندەتوانی رێ بكەین. بە ئوتمبیل هەموومانیان كۆكردینەوە و لە بەر مزگەوتە هەڵیان رشتین. ریتای كچم تا ئەوێ لەگەڵم بوو، لەوێ لێیان سەندم . هەرچی پارە و زێڕ و بەڵگەنامەی وەك پاسپۆرت و رەگەزنامەی لێ سەندین. هەرچەندە لێیان پاڕامەوە و گوتم كە ئەو هاوسەردارە، هیچ سوودی نەبوو. ئێستا قەشە دەڵێت هەوڵدەدەن بیدۆزینەوە بۆت، بەڵام لەكوێ دەیدۆزنەوە؟ تازە ئیدی نایبینمەوە. من هیچم لەوان ناوێت، تەنها كچەكەم بۆ بگێڕنەوە”.
موبهیج بەهنام مەسیحییەكی ئاوارەی دیكەیە. ئەو دەڵێت “وەك دەبینن دۆخی ئاوارەیی سەختە. ئەگەر تا زستان ئەم دۆخە بەدرەوام بێت خراپمان بەسەردێت. بۆیە داوا لە پەیوەندیداران دەكەم بە جددی هەوڵبدان داعش راوبنێن و بمانگێڕنەوە بۆ شوێنەكانی خۆمان و ئافرەتەكانمان بۆ بگێڕنەوە. من هیچ ئەندامێكی خێزانەكەم نەڕفێنراوون، بەڵام ناسیاوەكانمان لە قەرەقوش و موسڵ ئافرەت و كچەكانیان رفێنراون”. موبهیج ووتیشی “ئەمە پێنجەمین جارە لە نەینەوا دەردەكرێم. سێ قەیسەریم لە موسڵ بەجێ هێشتووە، چەند خانووم لەلایەن داعشەوە تاڵان كراوون. بەڵام ئامادە نیم كۆچ بكەم بۆ دەرەوەی عێراق، چونكە ئەمە خاكی خۆمانە. قەشەكانیش رێنماییمان دەكەن كە هەرگیز ئەم خاكە بەجێ نەهێڵین”. دەربارەی ئەو هاریكارییانەش كە پێیان دەگات بەهنام دەڵێت “هەفتانە خۆراكە سەرەكییەكانمان دەدەنێ، لە هەر قاتێكیش شوێنێكمان دیاریكردووە بۆ چێشت لێنان. لەنێو خۆیشماندا یارمەتی ماڵ هەژارەكان دەدەین و خواردنیان بۆ ئامادە دەكەین”. بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیۆن و نیوێك ئاوارە روویان لە هەرێمەكە كردووە و پێڕاگەیشتن بەو هەموو ئاوارەیەش بەدەرە لە توانای حكومەتەكە، بۆیە داوایان لە بەغدا كردووە بە رۆڵی خۆی هەستێت و لەڕووی ماددی و لۆجستییەوە فریای ئاوارەكان بكەوێت.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر، دیندار زێباری گوتی “جارێكی دیكەش دەیڵێینەوە، ئێمە بەم بودجە كەمەوە ناتوانین هاریكاری ئەو هەموو ئاوارەیە بكەین. بەغداش تا ئێستا هاریكاری پێویستی پێشكەشی ئاوارەكان نەكردووە.”. ئەو جەختی كردەوە چارەسەر بریتی نییە لە دروستكردنی خێوەتگەی دی، بەڵكو دەبێت چارەیەكی سیاسی بدۆزرێتەوە و ئاساییش لە ناوچەكانی كە لێوەی هاتون بەرقەرار بكرێت، تا ئەوانیش بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لای خۆیەوە ناتالیا بروكۆبا نوێنەری كۆمیسیاری باڵای پەنابەران بە “شەرقولئەوسەت”ی گوت “لەگەڵ حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغداد لە هەماهەنگیداین بۆ هاریكاریكردنی پەنابەرەكان. ناكرێت ئەوان لە باخچەكان و باڵەخانە تەواونەكراوەكاندا ژیان بەسەر ببەن. بەڵكو دەبێت بەخێرایی كامپیان بۆ درووست بكرێت. ئێمە تا ئێستا دەستمان بە بونیاتنانی 12 كۆمەڵە خێوەتگا كردووە، كە پێنجیان ئامادەن و ئەوانی دیكەش كاریان تێدا دەكرێت “.
